هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵیدا، گەشەسەندنی کەسایەتی ژن دەخاتە مەترسیەوە

لەکاتێکدا لە جیهاندا منداڵان ڕووبەڕووی پێشێلی مافەکانیان دەبنەوە و کچانی تەمەن بچوک بە زۆرەملێ هاوسەرگیرییان پێدەکرێت، یادی ڕۆژی جیهانی منداڵان دەکرێتەوە، پسپۆڕێکی بواری پەروەردەش دەڵێت: پێویستە دایک و باوک بە هاوسەرگیری منداڵەکانیان پێشێل نەکەن لە مافەکا

ئاسودە محەمەد

 

شارەزوور- هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵدا جۆرێکی هاوسەرگیرییە، کە کچ و کوڕەکە لە تەمەنێکی کەمدا و خوار ١٨ ساڵ هاوسەرگیرییان پێدەکرێت، بەپێی بەندێ مافەکانی مرۆڤ و یاساکان هیچ کەسێک تا تەمەنی ١٨ ساڵ مافی واژۆ کردنی گرێبەستی هاوسەرگیری نییە، بە پێچەوانەوە پێشێلکردنی مافەکانییەتی و بە پێی یاساش، بۆ نمونە لە هەرێمی کوردستان، سزای لەسەرە، بەدەر لەوانەش دەبێتە پێشێلكردنی مافەكانی لایەك یان هەردولای هاوسەرگیرییەكەیە، هۆكاریشە بۆسەرهەڵدانی كێشە خێزانییەكان تا دەگاتە هەڵوەشاندنەوەی.

 

هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵدا، چەندین پاڵنەری هەیە، لەوانە دۆخی جەنگ و ناهەمواری وڵات، قەیرانی ئابوری، توندوتیژی خێزانی بەرامبەر بە کچان و ژنانی گەنج کە وایلێدەکات پەنا بباتە بەر هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا، ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دەسەڵاتداری کە لەلای پیاوان وایە ژنانی گەنجی تەمەن بچوک باشتر بە ماڵەوە دەبەسترێنەوە، نەبوونی داهاتی سەربەخۆی ژنان، کەمی هۆشیاری کۆمەڵگە لەسەر لێکەوتە خراپەکانی ئەو هاوسەرگیرییە و چەندین هۆکاری دیکە، کۆی پرۆسەی هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵدا، دەبێتە قاڵبێک و کچان و ژنانی گەنجی تێدەکەوێت کە دادەبڕێن لە ماف، ئازادی، ژیان و پێشکەوتن و هۆشیارییان.

 

لە جیهاندا منداڵان پێشێلی مافەکانیان دەبێت

.١ی حوزەیران، ڕۆژی جیهانی منداڵانە، لەو ڕۆژادا سەرتاسەری جیهان بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری، سیمینار، کۆڕ و کۆڕبەندی تایبەت بە مافەکانی منداڵ یاد دەکرێتەوە، لەکاتێکدا منداڵانی کورد لە چوار پارچەی کوردستان ڕووبەڕووی هێرش و کۆمەڵکوژی دەبنەوە، منداڵانی ئۆکراینا لەژێر بۆردومانی ڕووسیادا ژیان دەکەن، منداڵانی ئەفغانستان لە مافی خوێندن بێبەشن، منداڵانی عێراق لەناو زبڵدان و ئەو منداڵانەی لە وڵاتی شەڕدان لەناو پاشماوەی تەقەمەنییەکاندا ژیان دەکەن، لەلایەکی دیکەشەوە کچانی منداڵ بەزۆرەملێ هاوسەرگیریان پێدەکرێت، بەڵام هەندێک شوێن، بۆ نمونە باشووری کوردستان بە ئاهەنگ گێڕان یادی ڕۆژی جیهانی منداڵان دەکەنەوە.

 

کوێستان حەمە ساڵح، پسپۆڕ و شارەزا لە پەروەردەی ژنان، ئاماژە بە پێشێلکاری بەرامبەر منداڵان دەکات و دەڵێت: تەنها یەک ڕۆژ بەس نییە بۆ منداڵان، پێویستە تەواوی ڕۆژەکان مافی منداڵان بدرێت و دایک و باوکان لە خوێندن بێبەشیان نەکەن و بە هاوسەرگیری مافەکانیان پێشێل نەکەن، چونکە لە تەمەنی منداڵدا مافی یاریکردن وخوێندنیان هەیە نەک هاوسەرگیری.

 

ئەو پسپۆڕە هۆکارەکانی هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵدا بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێنێتەوە، جوگرافیا و هەڵکەوتەی شوێنەکە، کە لە هەندێک شوێن گەر بینیان لە ڕووی جەستەییەوە کچێک گەورە بووە پێیانوایە ئامادەیی هاوسەرگیریی هەیە، "هۆکارێکی دیکە بۆ دابونەریت و شێوازی بیرکردنەوەی هەندێ خێزان دەگەڕێتەوە، هەروەها باری ئابوری خێزانەکەش ڕۆڵی هەیە".

 

"هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵدا کەسایەتی ژن دەخاتە مەترسییەوە"

کوێستان حەمە ساڵح باس لە دەرئەنجامە نەرێنییەکانی هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵدا دەکات و دەڵێت: هاوسەرگیری گەشەسەندنی کەسایەتی ئەو ژنە منداڵە دەوەستێنێت و دەیخاتە مەترسیەوە، هەروەها ئاسودەیی ژیانی منداڵی نامێنێت و هەستی خۆ بەکەمزانی لە مافەکانیدا بۆ دروست دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا تووشی ئاستەنگی دەبێتەوە بەوەی یەکەمجارە ببێتە خاوەن بەرپرسیارێتی، هەروەها ئەو ژنانەی لە تەمەنێکی کەمدا هاوسەرگیری دەکەن و دواتر دووگیان دەبن، ئەزموون و شارەزاییان نییە و ئەمەش ئەگەری لەدەستدانی منداڵەکەیان زیاتر دەکات.

 

کوێستان حەمە ساڵح، پسپۆڕ و شارەزا لە بواری پەروەردەی ژناندا، ئەوەش دەخاتەڕوو کە ئەگەر هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵدا بە ڕەزامەندی منداڵەکە خۆشی بێت، ئەوا بڕیارێکی دروست نییە و پێویستە سەرەتا خۆی بناسێت و دوایی تەمەنی ١٨ساڵی بیر لە  پرۆسەی هاوسەرگیری بکاتەوە، چونکە ئەو بڕیارە سەرکەوتووتر و کامڵتر دەبێت.