ڕەمەزان، مانگێک بۆ خودپەروەردەیی

لە ڕۆژی ئەمڕۆدا مانگی ڕەمەزان بووەتە خواردن و خەوتن، بەشێکیش خوداپەرستی تیادا ئەنجامدەدەن، بەڵام کەم کەس لە واتا ڕاستەقینەکەی ئەم مانگە تێگەیشتوون کە خودپەروەردە کردنە نەک خواردن و خەوتن.

 شنیار بایز

 

سلێمانی- زۆرینەی ئەو کەسانەی لە مانگی ڕەمەزاندا بەڕۆژوو دەبن، لە واتای ڕاستەقینەی ڕۆژوو و مانگی ڕەمەزان تێنەگەشتوون، ڕۆژوو کۆمەڵە ئامانجێکی هەیە بەڵام ڕۆژووان بە ئامانجێکی دیکە و جۆرێکی دیکە بەڕۆژوو دەبن.

 

ناسک تۆفیق، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و بەرپرسی ڕێکخراوە پیشەیی و جەماوەرییەکان، دەربارەی ڕاستی مانگی ڕەمەزان و هۆکاری دروستبوونی ئەم مانگە بۆ ئاژانسی نوژنها دوا و وتی: خودای گەورە کە مرۆڤی دروستکردووە بە بێ بەرنامە جێی ناهێڵێت لەسەر زەوی، هەمیشە لە ڕێگای پێغەمبەرەکانییەوە بەرنامەی بۆ مرۆڤ و گەردوون ڕەوانە کردووە، لەو بەرنامانەشدا ڕێگاکانی خوادپەرستی تێدا دەستنیشانکردووە لە ژیانی هەر مرۆڤێکدا.

 

"بۆ نمونە، هەموو ڕۆژێک پێنج جار گەشتنی هەیە بە خودا کە نوێکردنەوەیە، هەروەها لە هەموو ساڵێکدا یەک مانگی هەیە وەک دەورەیەکی پەروەردەیی کە مانگی ڕەمەزانە، ئەنجامدانی ئەم پایانەی ئاینی ئیسلام جگە لەوەی نزیکبوونەوەیە لە خودا و پەرستشی، سودی دیکەی هەیە".

 

"مانگی ڕەمەزان خولێکی ڕاهێنانە بۆ مرۆڤ"

ناسک تۆفیق باسی لەوەکرد، خودی مانگی ڕەمەزان و واتا ڕاستییەکەی بریتییە لە خولێکی ڕاهێنان و پەروەردەکردنی ڕەوشت و مامەڵەکردن، خۆڕاهێنان لەسەر ئەو خولە بۆ ١١ مانگەکەی دیکە، یاخود ئەم مانگە بۆ ڕێکخستنەوەی خودی کەسەکەیە لە ڕووی جێبەجێکردنی پایەکانی ئیسلام و نزیکبوونەوە لە خودا، هەروەها مانگی ڕەمەزان پشوودانە بە ڕوح و ئەقڵ و تەنانەت گەدەش بۆ ڕێکخستنەوەی بەشە مادییەکەی مرۆڤ بەرامبەر بە ١١ مانگەکەی دیکە بە مەرجێک بەو سیفەتانە ئەنجامی بدات کە خودا داوای دەکات.

 

پێویستە مانگی ڕەمەزان چۆن بێت؟

لە وەڵامدا ناسک تۆفیق ڕوونیکردەوە کە پێویستە لە مانگی ڕەمەزان هەوڵی بەرزکردنەوەی ئیمان بدرێت، جگە لەمەش هەوڵ بدرێت مرۆڤ خۆی بەرەوپێش بەرێت لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، ئەگەر کەسی بەڕۆژوو تەنها خەیاڵی لای ئەوەبێت ئاو و نان نەخوات و سێکس نەکات، یاخود ئەو شتانەی ڕۆژەکانی تر ڕێگە پێدراوە و لە ڕەمەزاندا ڕێگەپێنەدراوە ئەنجامی نەدات، ئەوا تەنها ئەرکەکەی لە کۆڵ دەبێتەوە، بەڵام ئەو ویستەی خودا دەیەوێت لە ڕەمەزاندا جێبەجێی ناکات، چونکە ئەگەر بەڕۆژوو بیت و لەکاتی ڕۆژوودا، باسی خەڵکیت کرد و قسەی ڕەقت بەرامبەر خەڵک بەکارهێنا و درۆت هەڵبەست بۆ خەڵک، یاخود خوانی بەربانگت بە قەد سێ هێندەی ژەمەکانی دیکە بێت ئەوا ئامانجی ڕۆژوو جێبەجێ نابێت.

 

"پێویستە لەم مانگەدا بە جۆرێک بخۆیت و بخۆیتەوە کە هەست بە هەژار بکەیت، نەک بیر بکەیتەوە لەوەی چەند جۆر شیرینی و زەڵاتە لەسەر خوانی بەربانگ هەبێت و پاشێوان چی بخۆیت، چونکە گرنگیدان بە خواردن و خەوتن لە مانگی ڕەمەزان لە ویست و ئامانجی خوداوە بۆ مانگی ڕەمەزان دوورە، ئەگەر ئەم ٣٠ ڕۆژەی مانگی ڕەمەزان هەوڵی تەواوەتیت دابێت بۆ پاکداوێنی، زمانپاکی و چاوپارێزی، پاراستنی خۆت لە قۆڵبڕین و دزیکردن، هەڵبەستنی قسە بۆ خەڵکی و ئەنجامنەدانی توندوتیژی ئەوا بۆ هەموو مانگەکانی دیکەی ساڵ دەتوانیت سودی لێوەربگریت و بەرەو کەسایەتییەکی باشت دەبات.

 

پێویستە ڕۆژوو ببێتە هۆی لێک تێگەیشتن و ئاشتەوایی

مرۆڤ لە ژیاندا ڕۆژانە بەریەککەوتنی دەبێت لەگەڵ خێزان، هاوڕێ، کارەکەی، پزیشک و توێژەکانی کۆمەڵگە، بۆیە هەریەکێک لەم مامەڵانە پێویستی بە پەروەردەیەکی تەندروست هەیە، چونکە دواجار دەبیتە کەسێکی سەرکەوتووی ناتوندوتیژ و پەروەردەکراو، ناسک تۆفیق دەڵێت: لە مانگی ڕەمەزان هەندێک کەس هەن تەواو ئەم مامەڵەیە جێبەجێ دەکەن لەبەرامبەر دا کەسانێک هەن وا دەزانن دەبێت توڕەیی و برسێتی خۆی بە دەورەبەر دەربکات، بۆیە دەبێت ئەگەر مامۆستای یاخود هاوسەری نابێت توندوتیژ بیت لە مانگی ڕەمەزان، چونکە خودا کەسی توندوتیژی ناوێت بەتایبەت پیاوان لەگەڵ خێزانەکانیاندا، وە چەندێک گرنگە لەم مانگەدا لەسەرخۆ و هێمن بیت و توندوتیژی نەکەیت، دوو ئەوەندە گرنگە لە مانگەکانی دیکەدا کاریگەری ڕەمەزانت پێوە دیاربێت، ئەگەرنا تەنها کەسەکە لەو خولە ڕاهێنانە تەنها خۆی هیلاک کردووە".

 

"دەبێت مانگی ڕەمەزان ببێتە هۆکار بۆ لەناوبردنی توندوتیژی"

توندوتیژی دژی ژنان مێژوویەکی کۆنی هەیە، بۆیە پێویستە بزانرێت دەبێت چی بکرێت بۆ کەمبوونەوەی توندوتیژیەکانی سەر ژنان، ناسک تۆفیق وتی: "لە ئایەتی قورئاندا هاتووە کە مرۆڤ دەبێت نەرمونیان بێت لەگەڵ دەوروبەرەکەیدا بە تایبەت بەرامبەر بە ژنان، ئەگەر یەکێک لە واتای نوێژ تێبگات هەرگیز ناتوانێت توندوتیژی بکات لەگەڵ هاوژین و کچەکەی یاخود دایکی"، ئاماژەی بەوەشدا ئەو کەسەی بەڕۆژوو دەبێت، نەتوانێت مامەڵەی تەندروست لەگەڵ هاوژینەکەی بکات، بەیانی تا نیوەڕۆ بخەوێت و ئێوارەش پاڵباتەوە تا نانەکەی دەخوات و دواتر بچێتە دەرەوە بۆ مزگەوت، بەتەمابێت ڕۆژوی ئەو و هاوژینەکەی وەک و یەک بێت لای خودا، ئەوە هەڵەیە.

 

"پێویستە پیاوان بە قەد هاوژینەکانیان کاربکەن و هاوکاریان بن و لە ڕاستی مامەڵەی پێغەمبەرەکەیان لەگەڵ ژناندا تێبگەن بۆ ئەوەی توندوتیژ نەبن، چونکە لەو سەردەمەی ئاینی ئیسلام هاتووە ژنان وەک دیل فرۆشراون و مامەڵەیان پێوەکراوە، بەڵام ئەوەی ژنی بەرز نرخاندووە و ڕێگری لەمانە کردووە واتا ڕاستیەکەی ئاینی ئیسلامە، بەڵام کەم کەس لە ڕاستی ئەم ئاینە تێگەیشتوون، بەڵکو بەکاریدەهێنن بۆ بەرژەوەندی خۆیان".

 

"ئەنجامدانی مامەڵەی گونجاو تێگەیشتنە لە ئاینی ئیسلام"

ناسک تۆفیق داوا لە هەموو چین و توێژەکان دەکات بە تایبەت پیاوان کە مامەڵەی گونجاو لەگەڵ ژنان و هاوژینەکانیان بکەن، بۆ ئەوەی ئاینیان لا جوان بکەن، پێی وایە ئەو پیاوەی هەوڵ دەدات بۆ نزیک بوون لە خودا بەڵام لە ماڵەکەیدا ڕەفتاری جوان نەبووە خێزان و هاوژینەکەی لێی ڕازی نەبوون، بە بەردەوامی دەبێتە پرسیار لایان کە ئەم ئاینە چۆنە تا پیاوێکی لەو شێوەیەی پێگەیاندووە.