"شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل برینێکی سەخت بوو لە قوڵایی کۆمەڵگەی کوردی و کۆمەڵەی ژناندا دروستبوو"
ناگیهان ئاکارسەر ئەو ژنە تێکۆشەرە بوو لە پاش شەهیدبوونیشی هاوەڵانی ڕێگەی ئەویان بەرنەدا، تا گەیشتن بە ئامانجەکەی کە کردنەوەی ناوەندی ئەرشیف، توێژینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورد بوو.
شنیار بایز
سلێمانی- ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی، بەدەستی دەوڵەتی تورکیا و سیخوڕی ناوخۆیی، ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ژنۆلۆژی، ڕۆژنامەنووس و دامەزرێنەری ناوەندی ئەرشیف، و توێژینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورد تیرۆر کرا.
تیرۆر کردنی شەهید ناگیهان کاریگەری لەسەر ژنانی چالاکوان، هونەرمەند، ڕۆشنبیر، ئازادیخواز و هەموو توێژەکان هەبوو، لەو کاتەدا بەڵێنیاندا ڕێبازی ناگیهان ئاکارسەل بەرنەدەن و ئامانجەکانی پێکبهێنن، ئەوەبوو دوای کەمتر لە ساڵێک پەرتوکخانەی ژنی کورد لە ٢٤ی حوزەیران کرایەوە.
"تیرۆرکردنی خەباتکارانی ژنان داخێکی گەورەیە لە دڵی ژنانی کورد"
سەیوان ڕۆستەم، چالاکوان و ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی ژنانی کوردستان، دەربارەی شەهیدبوونی ناگیهان ئاکارسەل، وتی: سەرەتا سڵاو لە ڕۆحی هەموو شەهیدان، بەتایبەت شەهیدانی ژن و گیان بەختکردوانی بیر و هزر لە کوردستان و سڵاو بۆ ڕۆحی پاکی شەهید ناگیهان، تیرۆرکردنی کەسێکی چالاکی بوارەکانی ژنان و بواری فکری داخێکی گەورەیە لە دڵی هەموو ژناندا بەتایبەت ژنانی چالاکوان، چونکە ڕێگە گرتنە لە کارکردن بۆ ژنان.
ئاماژەی بەوەدا ئەو تێکۆشانەی ناگیهان ئاکارسەل دەیکرد، تێکۆشان بوو لە پێناو ڕۆشنکردنەوەی کۆمەڵگە، لە پێناو هۆشیارکردنەوەی ژنانی کورد، هەر ئەمەش بووە هۆکاری شەهید بوونی، ئەم تیرۆرەی کرایە سەر ئەو ژنە تێکۆشەرە یەکەم جار نییە ڕووبدات، بەڵکو لە مێژووەوە ژنانی تێکۆشەر هێرشیان دەکرێتە سەر و تیرۆر دەکرێن، بەڵام ژنان هێچ کات کۆڵیان نەداوە و نا ئومێد نەبوون.
"لە پێناو ون نەبوونی مێژوو و تێکۆشانی ژن ناوەندێکی دامەزراند"
سەیوان ڕۆستەم باسی لەوەکرد، مێژوو شاهیدی ئەو ڕاستیەیە کە چەندین ژن بەر لە ناگیهان ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و ڕاوادوونان بوونەتەوە، شەهید ناگیهانیش یەکێک بووە لەو ژنانە، بەڵام هیچ کات نەوەستاوە لە خەبات تێکۆشانەکانی بەردەوام بووە تا ژنی کورد زیاتر بێتە مەیدانەوە و کار و خەبات بکات، هەر بۆ ئەم مەبەستەش ناوەندی ئەرشیف، توێژینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کوردی دامەزراند و زیاتر لەو ڕێگەیەوە دەیویست دەرگای خەباتی ژن واڵا بکات.
ئەو چالاکوانە دەڵێت: ناگیهان گرنگی زۆری دەدا بەو ناوەندە بۆ ئەوەی خەبات و هەوڵی ژن چیتر ون نەبێت، هەمووان دەزانن ئەو خەباتەی ژنان لە مێژوەوە کردوویانە و ئەو ڕۆڵانەی هەیانبووە لە کۆمەڵدا تا ئێستا بە شێوەیەکی باش نەنووسراوەتەوە، بۆیە ئامانجی ناوەندەکەش هەر ئەوەبوو، کە مێژووی ژن بدۆزرێتەوە و تۆمار بکرێت، هەر ئەم بیرۆکەیەش ژنانی بەشە جیاوازەکانی کوردستان بە بێ جیاوازی ئاین و بیر و باوەڕ کۆدەکاتەوە و ئەرشیفیان دەپارێزێت.
سەیوان ڕۆستەم باسی لەوەکرد، هیوای شەهید ناگیهان بینینی کردنەوەی ئەو ناوەندە بوو، بەڵام دەستی تیرۆر نەیهێشت هیواکەی بێتە دی، دوای ئەویش تەواوی ئەو کەسانەی لە هەوڵ دابوون بۆ کردنەوەی ئەو ناوەندە، نەوەستان و ناوەندەکەیان کردەوە.
"ڕۆحی شەهید ناگیهان هەمیشە هاندەر بووە بۆ ئەوەی کارەکان نەوەستن"
دەربارەی ئەوەی لە پاش تیرۆرکردنی تا چەند ئەو لایەنانەی کاریان لەگەڵ دەکرد بە نمونە یەکێتی ژنانی کوردستان، هەوڵیان داوە کە درێژە بە خەبات و ئامانجەکانی بدەن، سەیوان ڕۆستەم ڕوونیکردەوە، ئامانجی یەکێتی ژنان هەمان ئامانجە، ئەویش کۆکردنەوەی ئەرشیفی ژنان و ون نەبوونی خەباتەکانیانە، بۆیە پێشوازیان لەو بیرۆکەیە کرد و بەردەوام بوون لەگەڵ هەنگاوەکانی شەهید ناگیهان، وتیشی: لە پاش شەهیدبوونی وازمان لە ڕێ و ڕێبازەکەی نەهێناوە و بەردەوام بووین تا ئامانجەکەی بەدیبهێنین.
ئاماژەی بەوەدا هەرچەندە ئەوان وەک هاوکارانی ئەو شەهیدە ڕێ و ڕێبازیان بەرنەداوە، ڕۆحی شەهید ناگیهانیش هەمیشە لەناو ئەو کارەدا بووە، بۆیە هەمیشە هاندەر بووە بۆ ئەوەی کارەکان نەوەستن و زیاتر بەرەوپێش بڕوات و برەوی پێبدرێت، قسەکانی و ئەو پەیامانەی بە شەهید ناگیهان بوو هەمیشە لە دڵ و هزری کەسانی دەوروبەریدا ماوەتەوە و بووەتە هاندەرێک بۆ ئەوەی بەردەوامبن لە ئامانجەکانیان.
"نابێت هێچ بەربەستێک ببێتە هۆکار لە وەستاندنی چالاکییەکانی ژنان"
لە درێژەی قسەکانیدا سەیوان ڕۆستەم باسی لەوەکرد، هۆکار زۆرن بۆ بەرەوپێشنەچوونی ئەو ناوەندە، یەکێک لەو هۆکارانە نەبوونی داهاتێکی باشە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەو ناوەندە، بۆیە دارایی لاواز بووە و نەتوانراوە کاری تەواوەتی پێبکرێت و لە کاتی خۆیدا پێداویستییەکان بکڕدرێت، بەڵام ئەم هۆکارە نەبووەتە هۆکارێک بۆ وەستاندن، بەڵکو بەردەوام کتێب و کتێبخانەکەی لە هەوڵی بەرەوپێشچوون دایە، بەڵام گەیشتن بە ئامانجی سەرەکی کاتی پێویستە تا بتوانرێت کارەکانی کتێبخانەکە بە ڕێکاری خۆی بوێت.
لە کۆتایدا ئەو چالاکوانە ڕوونیکردەوە، شەهیدکردنی هەر چالاکوان و کەسێک کە لەناو هاوڵاتیان و کۆمەڵدا بێت بۆشایی دروست دەکات، بەڵام لەگەڵ دروستبوونی ئەم بۆشاییە نەبووە هۆکارێک بۆ ساردبوونەوەی هەوڵەکانی ژنان لە گەیشتن بە ئامانجەکانیان، دەشڵێت: لە پاش شەهیدبوونی شەهید ناگیهان گرنگە ژنان خەباتیان یەکبخەن، لە هەر پارچەیەک بن بە کولتووری خۆیان یەکگرتوو بن، چونکە یەکگرتووی ژنان دەیانگەیەنێتە ئامانجەکانیان، هەوڵ بدەن خۆیان مێژووی خۆیان بنووسنەوە تا مێژووی ژن ون نەبێت.