"بڕیارمدا لە بەشی یاسا بخوێنم و توانیم سەرکەوتووبم"

ئاستەنگەکان و هاوکاری نەکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ژیانی خاوەن پێداویستییەکانی  قورستر کردوە، وای کردووە دەرفەتی کارکردنیان نەبێت، کەژاڵ خەلیل ژنێکی نابینایە باسی لە ئەزموونی ژیانی خۆی کرد چۆن هەوڵیداوە بەهێزانە ڕووبەڕووی ئاستەنگییەکانی بەردەمی ببێتەوە

شیرین ساڵح

 

نابینایان توێژێکی دیاری کراوی هەموو کۆمەڵگەیەکن بە چەندین هۆکاری جیاواز هەستی بینینیان لەدەست داوە، ئەمەش وای کردووە بۆ بەڕێکردنی ئیش و کارەکانی ڕۆژانەیان ئاستەنگیان بۆ دروست ببێت، لە هەرێمی کوردستانیش بە شێوەیەکی بەرچاو خزمەت بە نابینایان نەکراوە، بەڵکو بەهۆی ڕێگا و بانەکان و چەندین هۆکاری تر ئاستەنگی زیاتریان بۆ دروست بووە.

 

 بە پێی ئاماری ڕێکخراوی ڕۆشنایی دڵ زیاتر لە ٥٠٠ هەزار نابینا هەیە، سەرەڕای نزیکبوونەوەی ١٥ی تشرینی یەکەم کە بە ڕۆژی گۆچانی سپی ناسراوە، حکومەت هیچ ئامادەکارییەکی نەکردوە بۆ کارئاسانی نابینایان.

 

١٥ی تشرینی یەکەم لە لایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە لە ساڵی ١٩٤٨ دیاریکرا، یەکەم گۆچانی سپی لە لایەن جەیمس بیگەوە بەکارهات کاتێک چاوەکانی لەدەستدا، گۆچانی سپی وەک هێمایەک بۆ نابینایان دیاریکرا و کارئاسانی بۆ ژیانی نابینایان کردووە و لەو ڕۆژەدا لە جیهان نابینایان دەتوانن داوای مافەکانی خۆیان بکەن.

 

کەژاڵ خەلیل سەعید، دەرچووی کۆلێژی یاسایە لە زانکۆ سلێمانی، لە بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سلێمانی لە بەشی یاسا کار دەکات، خاوەن پێداویستی تایبەتە و  لە منداڵییەوە کەمبین بووە، چاوەکانی ئاوی سپی هەبووە بەڵام بە هۆی نەشتەرگەری هەڵەوە لە لایەن پزیشکەوە بینایی چاوێکی بەتەواوی لەدەست داوە، چاوەکەیتریشی بە ڕێژەیەکی کەم دەبینێت، بۆ ئاژانسی نوژنها باسی لە ئەزموونی ژیانی خۆی کرد.

 

" لە منداڵیدا بێبەش بووم لە خوێندن"

کەژاڵ خەلیل باسی لە حەز و خولیای منداڵی بۆ خوێندن کرد و وتی " هەستێکی ناخۆشم هەبوو لە منداڵیدا کە منداڵانی تر دەڕۆیشتن بۆ خوێندن و من نەمدەتوانی، سەرەتا هەر لە ماڵەوە بووم تەنها گوێم لە ڕادیۆ و بەرنامەکان دەگرت، دواتر دەستم کرد بە قورئان خوێندن لە ڕێکخراوی ڕۆشنای بۆ ئارامی دڵان، لە ڕێگەی ئەو دەورانەوە کە ڕێکخراوەکە بۆ نابینایان دەیکردنەوە توانیم بەسەرکەوتوویی قۆناغەکانی سەرەتایی تەواو بکەم بە خوێندنی خێرا."

 

"لە ڕێگەی تۆماری دەنگییەوە توانیم سەرکەوتوو بم لە تاقیکردنەوەکاندا"

لە درێژەی باسکردنی خوێندنەکەیدا وتی: " بۆ درێژەدان بە خوێندنەکەم لە ماڵەوە دەمخوێند بە گوێگرتن لە تۆمارە دەنگیەکان، دواتر بەشداری تاقیکردنەوەی پۆلی ٩م کرد، تاقیکردنەوەی ئێمە وەکو قوتابییەکانی دیکە نەبوو، ئەو چاودێرەی کە دانرابوو بۆمان لە کاتی تاقیکردنەوە، پرسیارەکانی بۆ دەخوێندینەوە و ئێمەش وەڵامەکەمان دەدایەوە هەر ئەویش وەڵامەکانی بۆ دەنوسین لەسەر دەفتەرەکانمان، بەم شێوەیە تاقیکردنەوەیان بە ئێمەی نابینا دەکرد".

 

"تۆ نابینای ناتوانی لە بەشی یاسا بخوێنی"

کەژاڵ باسی بڕیاردانی کرد بۆ خوێندن لە بەشی یاسا و وتی: "دوای ئەوەی وەزارەتی ئەوقاف بڕیارێکی دەرکرد کە خاوەن پێداویستی تایبەت دادەمەزرێنن، بۆیە لە ساڵی ١٩٩٨ توانیم دەست بەکاربم، دوای تەواوکردنی قۆناغەکانی خوێندنم، لە پۆلی ١٢ نمرەیەکی بەرزم بەدەستهێنا بە خولی یەکەم، لە کۆلێژی یاسا وەرگیرام لە زانکۆی سلێمانی لە بەشی ئێواران، هەرچەندە پێیان وتم تۆ ناتوانی بچیتە کۆلێژی یاسا چونکە نابینای، بەڵام من کۆڵم نەدا و خوێندم، لە زانکۆ هاوڕێکانم زۆر یارمەتیان دەدام و هەر ئەوانیش بابەتەکانیان بۆ تۆمار دەکردم بەم شێوەیە کۆڵم نەدا تا توانیم سەرکەوتووبم".

 

کەژاڵ باسی هاوکاری کردنی خێزانەکەی کرد:" خێزانەکەم زۆر هاوکارم بوون بۆ ئەوەی خوێندنەکەم تەواو بکەم، چونکە هاوکاری کردنی خێزان گرنگە بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت، خوشکێکم زۆر هاوکاریم دەکات لە هەموو بوارێکی ژیاندا، هەر لە سەرەتای خوێندنمەوە تا تەواوکردنی و پاشان کە ویستم بەشداری خولی کۆمپیتەر بکەم لە سەنتەری کۆمپیتەری نابینایان کە نوسینی برایلی لەسەربوو کۆمپیتەرەکان، بە ئێستاشەوە کە کار دەکەم خوشکەکەم هاتووچۆم پێدەکات".

 

"ژیان بۆ نابینایان قورسترە و ئاستەنگی زیاترە"

کەژاڵ تیشکی خستەسەر ئەو ئاستەنگیانەی کرد کە دێتە ڕێگەی نابینایان و وتی:" ئاستەنگی زۆر دێتە ڕێگەی نابینایان هەر لە کارکردن و خوێندنەوە تا کارەکانی ڕۆژانە، چونکە زۆرجار دەبێت یاوەرێکیان لەگەڵ بێت، ژیان بۆ نابینایان زۆر قورسترە بەڵام دەبێت بەهێز بین و بوەستینەوە بەرامبەر ئەو ئاستەنگیانەی دێنە ڕێگەمان، ئەگەر بەهێز نەبین ناتوانین بەرامبەر ژیان بوەستینەوە، بەتایبەت ژنان کە دەبێت لەسەر پێی خۆیان بوەستن، ئەو ئاستەنگیانە وای لە من کرد زیاتر بەهێزبم لە ژیان".

 

کەژاڵ کە باس لە تواناکانی خۆی دەکات و دەڵێت: "مرۆڤ کە هاتە ژیانەوە دەبێت هەوڵبدات بۆ ئەوەی ژیانی خۆی باشتر بکات، چونکە ژیان بۆ هیچ کەسێک ئاسان نییە، مرۆڤ خۆیەتی کە دەتوانێت ژیانی خۆی خۆش بکات، کە دەست بەکاربووم پێیان وتم چۆن دەتوانی کار بکەی لە کاتێکدا نابینای، منیش وتم تەنها یاوەرێکم بۆ دابنێن ئیتر هەقی ئیش و کارتان نەبێت، بۆیە هەوڵم داو سەلماندم کە چۆن دەتوانم کار بکەم وەک هەر کەسێکی دیکە".

 

"نابینایان بەشێکی گرنگی جەستەیان لەدەست داوە"

کەژاڵ باسی لە داواکاری و گرفتی نابینایان کرد و وتی:" نابینایان گرفتی هاتووچۆ، ماڵ بەڕێوەبردن، خێزان، تەنانەت ناتوانین بڕۆنە بازاڕیش لەبەر بەرز و نزمی ڕێگەکان چەندین گرفتی تریان هەیە، چونکە بەشێکی گرنگی جەستەیان نییە، سەرەڕای ئەوەی خاوەن پێداویستی تایبەتین، حکومەت هاوکاریمان ناکات و تەنها ڕێکخراوەکان هاوکاریمان دەکەن، ڕێکخراوەکەی ئێمە، "ڕێکخراوی ڕۆشنایی دڵ بۆ خزمەت" هاوکاری زۆری نابینایان دەکات، لە وڵاتانیتر هەر لە گۆچانەوە تا پێداویستیەکانیتر بۆ نابینایان دابینکراوە،  بەڵام دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێـم لە کاتی هەبوونی کێشەیەکیشدا هاوکاریمان ناکەن".

 

کەژاڵ لە کۆتایی قسەکانیدا وتی:" پەیامی من ئەوەیە بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و بەتایبەتی ژنان کە دەبێت بیسەلمێنن، یەکەمجار بۆ خێزانەکانیان و دواتر بۆ دەوروبەر کە ئەمانیش تێکۆشان و خەبات دەکەن لە پێناو ژیان و خزمەتکردن بە شار و وڵاتەکەیان، وابکەن کە هیچ شتێک ڕێگر نەبێت لە بەردەمیاندا بۆ کارکردن و خوێندن".