گوڵستان ئۆسۆ: ڕێکخراوە مرۆییەکان بە چاوی سیاسی سەیری کۆچبەران دەکەن

گوڵستان ئۆسۆ، هاوسەرۆکی کاروباری پەنابەران لە هەرێمی جزیرە ئاماژەی بەوەکرد، ڕێکخراوە مرۆییەکان لە کامپەکانی سەرێکانی و واشۆکانی بە چاوی سیاسی سەیری کۆچبەران دەکەن و وتی: پێویستە پرسی وێستگەی ئیلۆک بە شێوەیەکی مرۆیی چارەسەر بکرێت.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە-لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە فڕۆکە و چەکی قەدەغەکراو هێرشی کردە سەر سەرێکانی و گرێ سپی، دانیشتوانی سەرکانی و گرێ سپی ناچارکران کۆچ بکەن و  خۆبەڕێوەبەری کامپی واشۆکانی و سەرێکانی کردەوە بۆ نیشتەجێبوونی کۆچبەران، گولستان ئۆسۆ، هاوسەرۆکی کاروباری پەنابەران لە هەرێمی جزیرە، ئەم بابەتەی هەڵسەنگاند.

 

گوڵستان ئۆسۆ ڕایگەیاند کە کامپەکانی سەرێکانی و واشۆکانی بە دەرفەتی خۆبەڕێوەبەری دامەزراون و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "لە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە سەرکانی و گرێ سپی دانیشتوانەکەی ناچارکران کۆچ بکەن، لەو کاتەدا خۆبەڕێوەبەری دەستبەجێ کامپەکانی واشۆکانی و سەرێکانی کردەوە بۆ نیشتەجێکردنی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانەکەی، بەڵام لە دوایین جاردا بڕینی وێستگەی ئێلۆک لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لەسەر کۆچبەران لە سەرێکانی و گریێ سپی و زۆرێک لە گەلی ناوچەکە، دەبێت لە گەرمای هاویندا لە بارودۆخێکی سەختدا بژین، ڕێکخراوە مرۆییەکان کە خۆیان وەک پارێزەری مرۆڤ دەبینن، بە چاوی سیاسییەوە سەیری کۆچبەرانی سەرێکانی و گرێ سپی دەکەن و بێدەنگن لەبەرامبەر ئەو سیاسەتانەی کە هەڕەشە لە گەلی ناوچەکە دەکەن".

 

"ڕژێمی سووریا ڕێگە نادات هاوکاری بگاتە سووریا"

گوڵستان ئۆسۆ ئاماژەی بەوەکرد، هاوکارییەکان بە کەمی دەگاتە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ کۆچبەران و وتی : دوای داخستنی دەروازەی تل کۆچەر، هەموو یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان لە ڕێگەی ڕژێمەوە دێن بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەبەرئەوە هاوکارییەکان زۆر کەم دەگات و ڕژێم ڕێگری دەکات.

 

"بڕینی ئاو کاریگەری گەورەی لەسەر کۆچبەران هەیە"

گوڵستان ئۆسۆ تیشکی خستە سەر بڕینی ئاوی وێستگەی ئێلۆک و وتی: خۆبەڕێوەبەری ژمارەیەکی زۆر کۆچبەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نیشتەجێ کردووە و بە هەموو تواناکانیەوە یارمەتییان دەدات، لە حەسەکە ٤ کامپی گەورە هەیە، کە یەکێکیان کامپی هۆڵە خێزانەکانی چەتەکانی داعش لەخۆ دەگرێت و ژمارەیەکی زۆر بیانی تێدایە، سیاسەتێکی پیس لەسەر حەسەکە جێبەجێ دەکرێت و سیاسەتێکی نێودەوڵەتی لە کەسایەتی دەوڵەتی تورکیادا جێبەجێ دەکرێت، ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی حەسەکە لەبەردەم چاوی هەموو جیهاندان، دەوڵەتی تورکیا ئاوی سەدان هەزار کەسی بڕیوە، کۆچبەران بەهۆی کەمی ئاوەوە ڕووبەڕووی کێشەیەکی گەورە دەبنەوە، ئەمەش باری خۆبەڕێوەبەری سەخت دەکات، هەوڵ دەدات ئاوو پێداویستییەکان دابین بکات.

 

"بە چاوی مرۆڤ سەیری کامپەکانی واشۆکانی و سەرێکانی ناکەن"

گوڵستان ئۆسۆ باسی لە ڕێوشوێنەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد بەرامبەر کامپەکانی سەرێکانی و واشۆکانی و وتی: لەو کاتەوەی کە کامپەکانی سەرکانی و واشۆکانی دامەزراون، ڕێکخراوە مرۆییەکان بە چاوێکی سیاسییەوە سەیری کامپەکانیان کردووە، چادری کۆچبەران لەکاتی کردنەوەی کامپەکانەوە نەگۆڕاوە، زۆرێک لە پێداویستییەکانی کۆچبەران دابین نەکراون و پشتگوێ خراون، هەروەها خۆبەڕێوەبەری هەوڵدەدات پێداویستییەکانیان دابین بکات، بەڵام لەژێر فشار و کێشەی زۆردایە، هەموو دەوڵەتەکان هەوڵی شکستپێهێنانی سیستمی خۆبەڕێوەبەری دەدەن، دەیانەوێت بە  گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بڵێن کە خۆبەڕێوەبەری ناتوانێت باری خۆی هەڵبگرێت، بۆ ماوەیەکی زۆر دەوڵەتی داگیرکەر ئاوی لەسەر خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بڕیوە، بەو سیاسەتانە دەیانەوێت گەل بێزار بکەن و کاردانەوەیان هەبێت بەرامبەر خۆبەڕێوەبەری، بەڵام هەموو کەس دەزانێت کە ئەم سیاسەتە پیسانە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و هاوپەیمانەکانین.

 

"ماوەی ٤ ساڵە چادرەکانمان نەگۆڕدراون"

فاتمە عومەر، دایکێکی تەمەن ٥٠ ساڵ، ئاماژەی بەوەکرد، بارودۆخی پەنابەران لە کامپی واشۆکانی زۆر سەختە و پێویستی بە یارمەتی مرۆیی هەیەو وتی: بارودۆخەکەمان زۆر سەختە، چادرەکەمان بۆ ماوەی چوار ساڵە نەگۆڕدراوە، خۆر لێی دەدات و ڕزیوەو لە زستاندا باران دەکەوێتە ناویانەوە،  ژیانێکی زۆر سەخت دەژین، ڕێکخراوە مرۆییەکان پشتگوێی خستووین، ئەو ئاوەی لەم گەرمایەدا بۆمان دێت بەس نییە بۆ ئێمە، ئەو نانەی دێت بەس نییە، کوا ویژدان؟ کوا مرۆڤایەتی؟ ئێمە دەمانەوێت بە چاوێکی مرۆیی دوور لە بەرژەوەندییەکان سەیر بکرێین.

 

"دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ شارەکەمان"

زەهرا یونس، یەکێک لە کۆچبەرانی سەرێکانییە، ئەوەیخستەڕوو دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ خاکەکەیان و وتی: بارودۆخی ژنان لە کامپەکە زۆر قورسە، ئەو کەسانەی کە بارگرانی ئەم کامپەیان لەسەر شانەو هەوڵ دەدەن ژیان دروست بکەن ژنانن، ئێمە لە شارەکەمان فێر ببووین کار بکەین لە کێڵگەکان کارمان دەکرد، ئێستا هیچ زەوییەک نییە بۆ کارکردن، خۆبەڕێوەبەری هەتا ئەوپەڕی توانا یارمەتیمان دەدات و سوپاسی دەکەین بۆ دروستکردنی شوێنێک بۆ ئێمە، هیچمان ناوێت، دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ شارەکەمان.