یوسرا دەروێش... تێکۆشان بۆ بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک

تێکۆشەر یوسرا دەروێش ژیانی خۆی تەرخان کرد بۆ هێنانەدی گۆڕانکارییەکی هەمەلایەنەی کۆمەڵایەتی بە سازدانی بۆنە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە کانتۆنی قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەسەر بنەمای فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیک.

شیرین محەمەد

 

قامیشلۆ- یوسرا محمد دەروێش لە ساڵی ١٩٧٢ لە شاری عامودا لە کانتۆنی قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەدایکبووە، لە ساڵی ٢٠٠١ بەشی زمانی فەرەنسی تەواو کردووە، دوای شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوا کە لە ١٩ی تەمموزی ٢٠١٢ دەستیپێکرد، پێشەنگایەتی بەرچاوی شۆڕشی بۆ ژنان کرد.

 

یوسرا دەروێش سەرەتا بوو بە مامۆستای زمانی کوردی، پاشان بەڕێوبەری قوتابخانەی ئامادەکاریی بەتوول لە شاری عامودا، تا ئەو کاتەی بووە سەرۆکی دامەزرێنەری کارگێڕی قوتابخانەکە، دواتر بە هاوسەرۆکی ناوەندی پەروەردەی عامودە هەڵبژێردرا، لە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢دا وەک هاوسەرۆکی کانتۆنی قامیشلۆ هەڵبژێردرا.

 

خاوەنی بیرێکی ئازاد بوو و خەباتی بۆ ڕزگاری هەموو ژنانی ناوچەکە دەکرد، ژیانی خۆی تەرخان کرد بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری ڕیشەیی لەناو کۆمەڵگەدا، یوسرا دەروێش و جێگرەکەی، لێمان شوێش لە ٢٠ی حوزەیرانی ئەمساڵدا بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی داگیرکەری تورکیا لەسەر ڕێگەی قامیشلۆ-تربەسپی شەهیدبوون.

 

کەوسەر دەروێش، خوشکە گەورەی یوسرا دەروێش، باسی لە کەسایەت یوسرا دەروێش کرد و وتی: لە منداڵییەوە کەسایەتییەکی جیاوازی هەبووە و نموونەیەک بوو بۆ هاوڕێکانی،یەکەم کچە لەو گەڕەکە کە تێیدا دەژین خوێندوویەتی و سەرکەوتوو بووە، ئەمەش وایکردووە کچان داوای چوون بۆ قوتابخانە بکەن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لەو کاتەدا خێزانەکان گرنگییان بە پەروەردەکردنی منداڵەکانیان نەدەدا، بەتایبەتی کچان، دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی یوسرا دەروێش بۆ تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ لەبواری ئەدەبی فەرەنسیدا چووە شاری حەلەب، دوای تەواوکردنی خوێندنیش، کارێکی دەستەبەر نەکرد، چونکە خوێندنی بیانی بوو حکومەتی دیمەشق کاری پێنەدەدا.

 

یوسرا دەروێش کەوتە ژێر کاریگەری هزری ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و سەبارەت، کەوسەر دەروێش وتی: پێش شۆڕش و لە ساڵانی وانەوتنەوەدا، لە پانزەی شوباتدا نەچووەوە قوتابخانە، کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵڕۆژی دەستگیرکردنی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان (ڕۆژی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی)، چونکە کاریگەری بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالانی لەسەر بووە، بەڵام لەلایەن هەندێک خوێندکار و مامۆستای قوتابخانەکەوە سووکایەتی پێکرا و سکاڵایان لەسەر تۆمار کرد، دوای ئەوەش لە قوتابخانە دەرکرا.

 

میادە دەروێش، خوشکی بچووکی یوسرا دەروێش وتی: ئێمە تەنها دوو خوشک نەبووین، وەک دوو هاوڕێ بووین، نزیکەی مانگێک پێش ئەوەی خوشکەکەم یوسرا دەروێش شەهید بێت، بە زەردەخەنەوە وتی شەهید دەبم و چاوەڕێی کاردانەوەی من بوو، بەڵام هیچ کاردانەوەیەکم نیشان نەدا و پێی وتم، ئایا ئامادەی بۆ ئەم ڕۆژە تێیدا شەهید دەبم؟، بیرم لە قسەکانی دەکردەوە و تا ئەم ساتە لەبیرم نەچووە، ڕۆژێک پێش شەهیدبوونی بۆ ماوەی نزیکەی دە خولەک یەکترمان بینی و ئەو خۆشییە ئەو شەوە لە ڕووخساری بەجێنەهێشت، تەنانەت بۆ ڕۆژێکیش بە خەیاڵمدا نەدەهات کە بەم شێوەیە لەدەستی بدەم.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ژنێکی بەهێزی خاوەن ئیرادە و بەرخۆدێر بوو، تەنانەت بۆ ساتێکیش، لە جێبەجێکردنی ئەرکی خۆی بۆ ئایندەیەکی باشتر، تەنانەت کاتێک هێرشەکانی داگیرکەری تورکیا گەڕەکەکان و ناوچەکەی کردە ئامانج، گەڕەکەکەی جێنەهێشتووە و بیری لەوە نەکردۆتەوە خاک بەجێبهێڵێت.

 

هانا خالد و سەمیرە حاجی عەلی هاوڕێ و هاوخەباتی یوسرا دەروێش باسیان لە ڕەنج و تێکۆشانی یوسرا دەروێش کرد، ڕایانگەیاند، هیچ کەسێک ناتوانێت پلەی شەهیدبوون بەدەستبهێنێت، تەنها ئەوانەی خاوەن ئیرادە و بیرکردنەوەی ئازادن کە پێشەنگایەەتی کۆمەڵگەکان دەکەن و بۆی تێدەکۆشن.

 

یوسرا دەروێش ئامانجی زۆری هەبووە، یەکێک لەوانە ئەوە بوو کە هەمووان بە زمانی دایک فێربن، بەتایبەت کورد، چونکە لە خوێندن بە زمانی خۆی بێبەش کرابوو، بۆیە خەباتی بۆ ئەوە دەکرد کە نەوەکانی داهاتوو یەکێک لە ئامانج و مافە سەرەتاییەکان بەدەست بهێنن، کە فێربوونە بە زمانی دایکی.