" ژن ژیانە، ژن خۆشبەختییە "

سۆیبە کەریم، کوشتنی ژنانی وەک دیاردەیەکی قێزەون بەناوکرد کە بە کوشتنی ژنێک ماڵێک وێران دەبێت، گەڕەک و کۆمەڵگە تاریک دەبێت و سروشت جوانی خۆی لەدەست دەدات چونکە ژن وابەستەی هەموو جوانیەکانە و خاک و وڵات دەڕازێنێتەوە، تا ئێستاش دادپەروەری بەرامبەر بە سزاگەی

ئاڤان سیلوانا - مەدیا هاوار

 

سلێمانی- سۆیبە کەریم ئەحمەد، ئەندامی کۆمەڵەی شارەوانی پێنجوێنە بۆ ئاژانسی نوژنها قسەی کرد سەبارەت بە پێگە و شوێنی ژنان لە کۆمەڵگادا، ئەو کێشە و ئاستەنگیانەی کە ژنان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات و ڕوبەڕووی دەبێتەوە.

 

دەربارەی ئەو کوشتن و نادادپەروەری و زوڵمانەی کە لە کۆمەڵگادا ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، لە هەمان کاتدا نەبوونی پلاندانان لەلایەن حکومەت و کەسانی دەسەڵاتدارەوە ژیانی بۆ خەڵک زۆر قورس کردووە و لەم ڕووەوە سۆیبە ئەحمەد شیکردنەوەی خۆیی کرد.

 

" ژن ژیانە، ژن خۆشبەختییە "

سۆیبە ئەحمەد دەربارەی گەورەیی و مەزنی ژن وتی: ژن ژیانە، بەختەوەرییە، خێزانە و گەورەییە، ژن بەدیهاتوویەکە کە بە سەدان بەرنامە و کتێب وەسفناکرێت، بەڵام بەداخەوە تا ڕادەیەک کۆمەڵگەی کوردی بەرەو بێ پلانی ڕۆشتووە لە خێزان، پەروەردە و حکومەت و دەسەڵات و سەرجەم دامودەزگاکان کە هۆکارن لە زیادبوونی توندوتیژی و کوشتنی ژنان، و شێوازی هەڵە لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیاش هۆکارێکی دیکەیە بۆ زیادبوونی توندوتیژییەکان، چونکە هەموو شتێک لە سروشتی خۆیا سوودی هەیە و زیانی هەیە بۆ نمونە ئاگر هەم پێویستییە هەمیش سوتێنەرە و کۆتای بە ژیان دەهێنێت، دەبێت هەموو شتەکانی ژیانمان بە جۆرێک بەکاربهێنین کە سوودەکانی زیاتر بێت لە زیانەکانی بۆ خێزان و کۆمەڵگە."

 

سۆیبە باسی لەوەشکرد هیچ یاسایەک نیە ڕێگری بکات لە منداڵانی خوار ١٨ ساڵ کە نەتوانن بە ئازادانە جگەرە و مەشروب بکڕن یاخود سیمکارت کە ئەمانەش بەیەکەوە هۆکاری بەلاڕێدابردنی کۆمەڵگەیە.

 

" دایکان و باوکان هاوسەرگیری بە کچەکانیان لە تەمەنی منداڵی دەکەن "

سۆیبە ئەحمەد باسی لە زیانەکانی هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵیدا کرد و وتی: من بەتەواوی دژی هاوسەرگیریم لە تەمەنی منداڵی بەڵام دایک و باوکەکان هاوسەرگیری بە کچەکانیان دەکەن لە تەمەنێکی کەم و منداڵی، لە کاتێکدا هاوسەرگیری بەرپرسیارێتیەکی گەورەیە بۆ کچان و کوڕانیش پێویستی بە بەرنامە و پلان هەیە چونکە هەموو کاتێک هاوسەرگیری نابێتە هۆکاری خۆشبەختبوون و ئەرک و ماندووبوونی تیادایە بۆیە ئەگەر کچان و کوڕان لە ئاستی ئەو بەرپرسیاریەتیەدا نەبن و پێگەشتوو نەبن نابێت هاوسەرگیری بکەن ئەگینا دواتر دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە و لە دواتریشدا بە کوشتنی ژنان کۆتای دێت.

سۆیبە لە درێژەی قسەکانیدا دەربارەی کوشتنی ژنان لە ناو کۆمەڵگەی کوردی وتی: کوشتنی ژنان دیاردەیەکی خراپ و قێزەونە کە لەناو کۆمەڵگەدا بوونی هەیە و کوشتنیش بە گشتی لە هەموو جیهان بوونی هەیە، ئەمەش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بێ بەرنامەی، بێ یاسای لەبەرئەوەی کاتێک کەسێک تاوانێک ئەنجامدەدات دەبێت سزاکەی وەربگرێت نەک ڕێزی لێبگرن و داڵدەی بدەن، ئەم هەموو ژنە کوژراوە بەڵام تا ئێستا یاسا دادپەروەرانە جێبەجێنەکراوە و ڕێگە بە کوژراوان دەدەن بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگە."

 

"ژن دەتوانێت بە شوناس و قسە و کردارەکانیان پێگەی خۆی لە کۆمەڵگە بسەلمێنێت"

سۆیبە ئاماژەی بە گرنگی خود هۆشیاری و بەرەوپێشبردنی ژنان کرد و وتی: ژنان بەدیهاتوویەکن لە هەر بوارێک کە بیانەوێت دەتوانن سەرکەوتوو بن و بەدەستی بهێنن، دەمەوێت بە ژنان بڵێم کە خۆیان بە کەم نەزانن و خۆیان بە بچووک نەبینن، هەموو کەسێک لە ژیانیدا پێگە و سەنگینی خۆی هەیە، ئەوە خۆتانن دەتوانن خۆتان گەورە بکەن و بەرەوپێشببەن و لە ناو کۆمەڵگەدا بە کردار و قسەکانتان دەتوانن پێگەی خۆتان بسەلمێنن و کار و چالاکییەکانتان نیشان بەهەموان بدەن

 

سۆیبە باسی لە سوودەکانی تەکنەلۆژیا کرد بۆ ژنان و وتی: ئەگەر بە باشی تەکنەلۆژیا بەکاربهێنین دەتوانین لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە خۆمان ڕۆشنبیر بکەین، چونکە کتێب و ڤیدیۆی زۆر باش هەیە ئێمەش دەتوانین دەست بۆ شتە باشەکان ببەین و لەگەڵ کەسانی زۆر باشدا پەیوەندی دروستبکەین و سوودیان لێببینین، هەروەها دەتوانین کار و چالاکی و نووسینەکان بڵاوبکەینەوە و شارەزاییەکانی خۆمان بەدەربخەین.

 

" بە کوشتنی ژنان کۆمەڵگە تاریک و وێران دەبێت، چونکە ژن و سروست وابەستەن "

سۆیبە باسی لەوەکرد ژنان هەموو کات خۆیان دەکەن بە قوربانی و وتی: بە کوشتنی ژنێک ماڵێک وێران دەبێت، گەڕەک و کۆمەڵگە تاریک دەبێت و سروشت جوانی خۆی لەدەست دەدات چونکە ژن وابەستەی هەموو جوانیەکانە و خاک و وڵات دەڕازێنێتەوە، بەڵام هێرشێکی نا مرۆڤانە بۆسەر سروشت و ژن بەڕێوەدەچێت، سەربارەی ئەوەی سروشت و جوانییەکان لەگەڵ ژن بەیەکەوە بەستراون، ترس وای لە ژنان کردووە کە خۆیان بکەن بە قوربانی بەهۆی ترس لە لەدەستدانی ماڵ، منداڵ، کەسوکار و قسە وباسی کۆمەڵگە، من لێرەوە بە ژنان دەڵێم کە لە هیچ شتێک نەترسن و لە کاتی نادادپەروەریدا ئەوەی ڕاستی بێت بیڵێن و نا دادپەروەری قبوڵ نەکەن، بەبەردەوامی ژنان خۆیان دەکەنە قوربانی لە پێناو منداڵەکانیان هیوادارم منداڵانیش هەست بە گەورەی دایکیان بکەن.

 

سۆیبە ئەحمەد دواین وتەی خۆی بۆ ژنان دووپاتکردەوە و وتی: دواین قسەم بۆ ژنان ئەوەیە کە بخوێنن، چونکە ژنان بە مەعریفە و زانست دەتوانن پەرە بە تواناکانیان بدەن، دووربکەونەوە لە چاولێکەری دەستکەوتە مادییەکانی ژیان، ژنان دەتوانن بە دەستێک بێشەکەی منداڵەکەیان ڕاژەنن و بەدەستەکەی تریان دنیا بگرن، لە کاتی نا دادپەروەریدا دەنگ بەرزبکەنەوە و بڵێن بوەستە و قبوڵی نەکەن چونکە ژنان دەتوانن هەموو ئەوەی دەیانەوێت بەدەستی بهێنن و پشتگیری یەکتر بکەن، چونکە هەر ئەم ژنە توانای ئەوەی هەیە فەرماندە و پزیشک و ئەندازیار و مامۆستا و دایک و دادوەر و پارێزەر بێت و بێگومان توانای سەرکردایەتیکردنیشی هەیە، لە کۆتاییدا دەڵێین ئەگەر ژنان لە وڵاتێکدا بەڕێوەبردن و بەرپرسیارێتی زیاتریان هەبێت، ئەو وڵاتە لە هەمان کاتدا ڕووبەڕووی وێرانکارییەکی کەمتر و پێشکەوتنی بەرچاو دەبێتەوە.