"داهاتی ژن موڵكی خۆیەتی و پیاو مافی ئەوەی نییە لێی زەوت بكات"
ئابووری سەربەخۆی ژنان ڕێگەیەکە بۆ کۆتایهێنان بە جۆرێکی توندوتیژی و چالاکوانێکیش دەڵێت، "زەوتکردنی ئابووری ژن لە ڕووی شەرع و یاسا و کۆمەڵایەتییەوە ڕێگەپێدراو نییە.
شیا کۆیی
کۆیە- ئابووری سەربەخۆی ژنان یەکێکە لەو ڕێگایانەی تیایدا ژنان دەتوانن خۆیان لە توندوتیژی ئابووری بپارێزن و خاوەن بڕیار و ئیرادەی خۆیان بن، بە پێی هەڵسەنگاندنەکان ئەقڵیەتی سەرمایەداری بناغەیەکی داڕشتووە کە ئابووری بە دەست هەر کەسێکەوە بێت، ئەو باڵادەستە، لەم چوارچێوەیەشدا بەهۆی ئەوەی پیاوان دەرفەتی کاریان زیاترە، ئابووری خێزان و کۆمەڵگە لەدەست پیاودایە و ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی ئابووری دەبنەوە، بەڵام ئەگەر سەیرێکی مێژوو بکرێت، هەمیشە دایک-ژن وەک پایەکەی بنەڕەتی بەڕێوەبردنی خێزان و کۆمەڵگە ئابووری و بەرهەم و دەستکەوت و دەستمایەی لە پێناو خزمەتی گشتیدا بەکارهێناوە و دوور لە توندوتیژی سیستمی کۆمەڵایەتی بەڕێوە بردووە.
لەم سۆنگەیەوە گرنگی ئابووری سەربەخۆی ژنان دەردەکەوێت، کە چەندە ژنان خاوەنکار و ئابووری خۆیان بن، دەتوانن باشتر خۆیان و خێزان و کۆمەڵگە بەڕێوەببەن و دووریش بن لە توندوتیژی.
بەهرە جەمال، چالاكوانی بواری مافی ژنان و خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە شەریعەتی ئیسلام، کە نزیكەی ٢٠ ساڵە لە بواری ژنان كار دەكات، باسی لەوە کرد، "٢٥ی تشرینی دووەم، یان هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژبە ژنان، بەڕای من بووەتە بابەتێكی بازرگانیی لەلایەن هەندێك ڕێكخراوەوە كاری لەسەر دەكرێت، بە بەڵگەی ئەوەی كە ساڵانێكی زۆرە لەو مانگەدا كۆمەڵێك پرۆژەی جوان ڕادەگەیەنن بۆ خزمەتكردنی ژنان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژبە ژنان، بەڵام بەداخەوە نەبووەتە هۆی كەمبوونەوەی توندوتیژی.
بەهرە جەمال باس لە جۆری توندوتیژی لە ڕێگەی ئابوورییەوە دەکات و دەڵێت: یەكێك لەو توندوتیژیانەی كە بەرامبەر بە ژن دەكرێت، نەبوونی ئابووری سەربەخۆیە، هەروەها نەڕەخساندنی هەلی كار بۆ ژنانە لەلایەن حکومەتەوە، هەندێك لەو ژنانەی لەلایەن كەسوكاریان دەچەوسێندرێنەوە و خەرجییان پێنادرێت و هەندێكجاریش ژنەكە خاوەن ئابووری خۆیەتی، بەڵام لای كەسوكاری یان هاوسەری قۆرخ دەكرێت و لێی زەوت دەكرێت، ئەگەر لایەنی ئابووری ژنان فەراهەم بكرێت، یەكێك لە گرفتەكانی توندوتیژی كە مدەبێتەوە لەسەر ژنان، كە تا ئێستا چارەسەر نەكراوە.
ئەو چالاكوانەی بواری مافەكانی ژنان پێیوایە، ئابووری سەربەخۆ بۆ ژنان زۆر گرنگە و دەڵێت: ئەگەر ژن خاوەن ئابووری خۆی بێت، دەبێتە پشتیوانێكی دارایی باش بۆ خێزانەكەی، بەتایبەت لەو بارودۆخەی ئێستا، كە ژیان قورستر بووە و هاوكاری دایك و باوك یان هاوژینەکەی دەکات، لە ڕوویەكی دیكەوە دەبێتە فاكتەری ئاشتی و سەقامگیری ناوماڵ و كۆمەڵگە، وەك ئەو پەندەی دەگوترێت (كاسەی پڕ ئاشتی ماڵە)، چونكە زۆربەی جار وەك ئەوەی ئێمە لەناو ڕێكخراوەكەمان ئاگاداربووین، هۆی لێكترازانی خێزانەكان بابەتی ئابووری بووە. هەروەهاش خاڵێكی دیكە هەبوونی دەستی كارە لەناو بازاڕدا، كە ئەویش زۆر گرنگە، چونكە لەمبارەیەوە سوود لە لێهاتوویی و سەلیقەی ژنان دەبینرێت و ژن دەتوانێت ئاستی ئابووری بازاڕ بەرز بكاتەوە.
سەبارەت بە قۆرخكردنی داهاتی ژن لەلایەن هاوژینەکانەوە بەهرە جەمال دەڵێت: كۆی زانایانی ئیسلام ڕایانوایە كە ژن داهاتی خۆی موڵكی خۆیەتی و پیاو مافی ئەوەی نیە لێی زەوت بكات و ئەگەر ئەوە بكات، وەك ئەوەیە دزی كردبێت، زەوتكردنی ئابووری ژن نە لە ڕووی شەرع و نە لە ڕووی یاسایی و كۆمەڵایەتیشەوە ڕێگەپێدراو نییە، هاوكات ژن دەتوانێت لەو كاتانە بێدەنگ نەبێت و دەشتوانێت هیچ خەرجییەك بۆ ماڵەكەی نەكات.
لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە لایەنە ئەرێنییەکانی کارکردنی ژنان کرد و وتی: "ئێستا زۆربەی دوكاندارەكان یان خواردنگەكان كچان و ژنان بەڕێوەی دەبەن، ژنان كە شتیان لێ دەكڕن زۆر ئاسوودەترن لەوەی كە مامەڵە لەگەڵ پیاوێك بكەن.