ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت دووهێندە ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە

ژنانی چالاکوانی بواری ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەڵێن: جگە لە سنووردارکردنی گونجاندن، ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت ڕووبەڕووی چەشنە ڕەگەزییە کۆنەپەرستانەکان دەبنەوە و زیاتر لە پیاوان تێکۆشان دەکەن بۆ پێکهێنانی خێزان.

سەحەر قادری

 

سەلماس - ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت، جگە لەو کێشانەی کە ژنان بە گشتی لە کۆمەڵگەدا بەدەستیەوە دەناڵێنن، بەدەست کێشەی تێڕوانینی کۆمەڵگە و خاوەن پێداویستییەکانیشیان دەناڵێنن، ئەگەرچی تا ئێستا هیچ ئامارێکی دروست لەسەر ژمارەی ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت نییە و تا ئێستا ئامارێکی گشتی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە ئێران بوونی نییە و حکومەت نەیتوانیوە میکانیزمی پێویست بۆ بەدیهێنانی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بەدەست بهێنێت.

 

ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت ڕووبەڕووی چەندین کێشە دەبنەوە، لەوانە خەمۆکی، بێ ماڵ و حاڵی، دوورخستنەوە و ئاڵنگاری هاوسەرگیری. ئەوان چەند هێندە زیاتر لە پیاوان بەهۆی ڕەگەزەوە ڕووبەڕووی ئازار و چەقبەستوویی کۆمەڵایەتی دەبنەوە، جگە لە هەموو ئەو گرفتانە، لە شوێنە گشتییەکاندا هیچ پێداویستییەکی تایبەت بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان نییە و لە خزمەتگوزارییە پەروەردەیی و خۆشگوزەرانییەکان سوودمەند نابن.

 

سەنا م. سەبارەت بە کێشەکانی نەگونجاندنی پێداویستییەکانی زانکۆ بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان وتی: سەرەڕای هەلومەرجی سەخت توانیم بگەمە زانکۆ، بەڵام بۆ ئەوەی بچمە پۆلەکەمەوە دەبوو بە دوو ڕیزە پلیکانەدا سەربکەوم و بۆ ئەوە هاوڕێکانم یارمەتییان دەدام، بۆ ئەوەی خۆم بسەلمێنم، دەبوو بە هێندەی دوو کەس هەوڵ بدەم، هەندێکجاریش بێزار بووم لە نەبوونی پێداویستییەکان و زەحمەت بوو لەم بارودۆخانەدا بەردەوام بم لە خوێندن.

 

شوێنی تایبەت بە خاوەن پێداویستی تایبەت بوونی نییە

مریەم م.، چالاکوان لە بواری کەسانی خاوەن پێداویستی، سەبارەت بە سنوورداربوونی گونجاندنی ژیان بۆ ئەو کەسانەی پێویستییان هەیە، دەڵێت: هێڵەکانی گواستنەوەی گشتی و شارەکان گونجاندنیان بۆ نەکراوە، لەسەر شەقامەکان ئاودەست بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت نییە، هەروەها لە میترۆ و پاسەکانیشدا کورسی تایبەتیان بۆ دیاری نەکراوە.

 

دەشڵێت: بەهۆی نەبوونی کورسی خاوەن پێداویستی تایبەتەکان لە پاس و شوێنە گشتییەکانی شاردا، ناتوانم بچمە سەر کارەکەم و ناتوانم ئۆتۆمبێلێکی تایبەتم دەست بکەوێت، هەندێک کەس بەهۆی بیروباوەڕی ئایینیەوە ناتوانن هاوکارمان بن، وە هەندێک کەسیش توانای گواستنەوەیان نییە، وە کەس ئاسانکاری تایبەت بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت ناکات.

 

فاتمە، چالاکوانی بواری ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەڵێت: لە ژیانی هاوسەرگیریدا ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت ڕووبەڕووی چەشنە ڕەگەزییە چەقبەستووەکان دەبنەوە و زیاتر لە پیاوان کێشەیان هەیە بۆ پێکهێنانی خێزان، پێویستە کولتوورێک لەو ڕووەوە دروست بکرێت، چونکە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان مافیان هەیە و پێویستە لەلایەن کۆمەڵگەوە قبوڵ بکرێن.

 

هەروەها سەبارەت بە دامەزراندنی ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەڵێت: پیاوان زیاتر لە ژنان دادەمەزرێنن و پۆستی مووچەی بەرز بەزۆری دەدرێتە پیاوان، ئەم جیاکارییە بۆ ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت چەند هێندە زیادی کردووە و بووەتە هۆی ئەوەی ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت نەتوانن دابمەزرێن، ئەو ژنانە بەهۆی بابەتی کولتوورییەوە کەمتر لە کۆمەڵگەدا دەسوڕێنەوە و زیاتر لە پیاوان گۆشەگیرن.

 

لاوازییە یاساییەکان

لە یاساکانی پاراستنی مافەکانی ژنان و خێزاندا هیچ گرنگییەکی تایبەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان نەدراوە، نزیکەی دوو ساڵ بەسەر پەرەپێدان و جێبەجێکردنی یاسای گەنجانی دانیشتوواندا تێپەڕیوە بە لەبەرچاوگرتنی کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان، کە ڕەچاوی کەسانی خێزاندار یان ئەو کەسانە دەکات کە منداڵیان هەیە، کاتێک هاوسەرگیریان نەکردووە ناتوانن سوود لەو دەرفەتانە وەربگرن کە دروست دەبن و تاقیکردنەوەکانی دامەزراندنی کارمەند و پلاتفۆرمی پشتیوانی تریش بۆیان بەردەست نییە، ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆرێک لە ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت سەرەڕای توانای تایبەتیان، لە سووڕی پاراستنی ژنان و یاسای بنەماڵە بێبەشن.

 

کێشەی ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت

ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە کۆمەڵگەدا زیاتر تووشی بێبەشبوون و گۆشەگیری دەبنەوە لە چاو پیاوان، چونکە بەهۆی ڕەگەزەکەیانەوە دوورخراونەتەوە، هەروەها بەشێک لە ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە ماڵەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.