بەهۆی شەڕەوە منداڵان ناچارن بژێوی ژیانیان دابین بکەن

لە ناوچەی حەلەب ڕێژەی کاری منداڵان بەرزە، ئەو خێزانانەی بەهۆی شەڕ و قەیرانی ئابوورییەوە زیانیان بەرکەوتووە، ناچارن منداڵەکانیان بنێرن بۆ کار، بەڵام منداڵان لە تەمەنێکی بچووکدا لە ژێر بارێکی قورسدان و لە خوێندن بێبەش بوون.

غەفران هەبەس

 

حەلەب- لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی بەردەوامی ململانێکان و قەیرانی ئابووری منداڵان ناچارن لە تەمەنێکی کەمدا کار بکەن، ئەو منداڵانەی کە زیاتر لە کشتوکاڵ و پیشەسازی و کاری بیناسازیدا کار دەکەن، ڕووبەڕووی مەترسی زۆر دەبنەوە، جگە لەوەش ساڵانە بە هۆی نائەمنیەوە دەیان منداڵ لە ئەنجامی ڕووداوەکاندا گیانیان لەدەست دەدەن.

 

"منداڵەکانم بە سەختییەکی زۆردا تێدەپەڕن"

مێریەم شیلال، دایکی ئەو منداڵە بەناوی حەسەن باس لە سەختییەکانی دەکات و دەڵێت: لە ساڵی ٢٠١٩دا هاوسەرەکەم لە شەڕدا گیانی لەدەستدا، جگە لە حەسەنی کوڕە ١٤ ساڵانم، کەس نییە ئاگاداری من بێت، بەهۆی سەختی دۆخی ئابووری، بڕیارمدا کوڕەکەم بنێرم بۆ کار بۆ ئەوەی یارمەتیم بدات و بتوانین بژین، هەرچەندە کوڕەکەم گەنجە، بەڵام لە پیشەسازی کۆکردنەوەی ماتۆڕسکیلدا کاردەکات، هەموو بەیانیەک زوو لە خەو هەڵدەستێت و دەچێتە وەرشە و فێری دانانی ماتۆڕسکیل بووە، کوڕەکەم بە چەندین سەختیدا تێدەپەڕێت، کارەکەی لە ڕووی جەستەییەوە ماندووی دەکات، هەرچەندە من خەمی کوڕەکەم و داهاتووی کوڕەکەمە، بەڵام ئەم کارە بۆ من و ئەو و بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانمان و درێژەدان بە خوێندنەکەی گرنگە.

 

"بەرپرسیارێتییەکی قورسم لە ئەستۆ گرت"

نور حەدادی تەمەن ١٧ ساڵ لە بەیانییەوە کە هەڵدەستێت بە سەبەتەیەک نان و بڕێک ئاوەوە دەچێتە کێڵگەکان، تەواوی کارەکانی ناو کێڵگەکان تەواو دەکات لە بارەی کارەکەیەوە وتی: من بە ڕۆحێکی بەهێز و ئیرادەیەکی پتەوەوە بەرپرسیارێتی قورس و گەورەم لە ئەستۆ گرت، خەونم ئەوەیە بگەڕێمەوە خوێندنگە و بەردەوام بم لە خوێندن، بەڵام بەهۆی کارەکەم و پێداویستییەکانی خێزانەکەمەوە ناتوانم بگەڕێمەوە بۆ خوێندن.

 

"دەمەوێ ببم بە مامۆستا"

نور حەداد لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: پێشتر لە کتێبخانەی گوندەکەمەوە کتێبی کۆنم دەهێنا و لە کاتی بەتاڵیدا دەمخوێندەوە و دەمنووسی، ڕۆژێک کە لە کێڵگەکاندا کارم دەکرد، مامۆستایەکی یەکێک لە ڕێکخراوە مرۆییەکان لەکاتی خوێندنەوەی کتێبدا منی بینی، بۆیە بڕیاریدا بۆ فێربوون یارمەتیم بدات جگە لەوەش بڕیاریدا بڕێک خۆراک و پێداویستی بۆ خێزانەکەم دابین بکات، بە یارمەتی ئەو توانیم کاتەکانی کارکردنم کەم بکەمەوە و بگەڕێمەوە بۆ خوێندنگە سەرەڕای ئەو هەموو سەختییەی بەسەرمدا تێپەڕیووە، بەیانیان دەچمە خوێندنگە و دواتر دەچمە سەر کارەکەم، هەموو ئامانجم ئەوەیە لە داهاتوودا ببم بە مامۆستا.