هەڵاواردنی ڕەگەزی دژی ژنان یەکێکە لە شێوازەکانی ڕەگەزگەرایی

ڕەگەزگەرایی جۆرێکە لە ڕوانگە و بیرۆکە کە مرۆڤەکان بە پێی ڕەگەز پۆلێن دەکات، لەیلا خادمیان، ڕاوێژکار و چالاکوانی کۆمەڵایەتی دەڵێت: ئەدەبیاتی ڕەگەزی زیاتر ژنان دەکاتە ئامانج و ئەمەش دەتوانێت ژینگەی کارکردن سەخت و بەرگە نەگیراو بکات.

هاوژین شێخی

 

دیواندەرە- ڕەگەز یەکێکە لە یەکەم پێکهاتەکانی بنیادنانی ناسنامەی مرۆڤەکان، کە لە لەدایکبوونەوە دیاری دەکرێت، ڕەگەزگەرایی جۆرێکە لە تێڕوانین و بیرۆکە کە مرۆڤەکان بە پێی ڕەگەز پۆلێن دەکات، ئەم چەشنە بیروبۆچوونە لە ڕاستیدا بیروباوەڕی جێگیر و وێنەی دەروونین سەبارەت بە ڕەگەزی مرۆڤەکان، ئەو باوەڕانەی کە ڕەگەزێک لە ڕەگەزێکی دیکە باڵاتر دەکەن، باوەڕیان بە کەمبوونی ڕەگەزێک لە ڕەگەزەکەی تر و بڕیاردار لەسەر مرۆڤەکان بە پێی ڕەگەزیان هەیە، کە بووەتە بنەمایەک بۆ جیاکاری ڕەگەزی، هەڵاواردنی ڕەگەزی بەرامبەر ژنان یەکێکە لە حاڵەتە بنەڕەتیەکانی ڕەگەزپەرستی.

 

"ڕەگەزگەرایی بناغەی نایەکسانی ڕەگەزییە"

لەیلا خادمیان، ڕاوێژکار و چالاکوانی کۆمەڵایەتی، پێناسەی پەروەردەی ڕەگەزیی دەکات و دەڵێت: جۆرێکە لە پێناسەی هەڵە و کۆنەپەرستانە بۆ ڕەگەز، کە لە بنەماڵەوە دەست پێدەکات و دواتر لە کۆمەڵگەدا دروست دەبێت و بنەمای نایەکسانی ڕەگەزی دروست دەکات، بەڕای من پێوەرەکانی ڕەگەزی کچان و کوڕان هەر لە سەرەتای منداڵییەوە دەست پێدەکات، بۆ نمونە کچان یاری بە بووکەڵە دەکەن و کوڕان بە دەمانچە یان شمشێر، یان ڕۆڵی شۆفێری بارهەڵگر دەگێڕن. کوڕان بۆ ئەوەی چارەنووسی بایۆلۆژی خۆیان بەدیبهێنن، دەبێت خۆیان لەگەڵ باوکیان بناسێنن، کچانیش بۆ هەمان مەبەست خۆیان لەگەڵ دایکیان بناسێنن، ڕۆڵی ڕەگەزی بە هۆکاری بایۆلۆژی و کولتووری پێناسە دەکرێت، دەبینین ئەم ڕۆڵانە لەلایەن دایک و باوک و هاوپۆل و دراوسێ و خزم و مامۆستا و میدیاکانمانەوە دەیگێڕن، ئەگەر ئەندامەکانی جەستەت و ڕوخسارت زیاتر پیاوانە بن، بۆ نموونە، ڕۆڵی ڕەگەزی و چاوەڕوانییەکانت ناچارت دەکەن زیاتر پیاوانە مامەڵە بکەن، هەر بۆیە چاوەڕوان دەکرێت کوڕە بچووکەکان حەزیان لە تراکتۆر و ئۆتۆمبێل بێت و دەنگ بەرز بن، لە کاتێکدا چاوەڕوانی لە کچانی بچووک دەکرێت بۆ لەبەرکردنی جلی شازادە و کەمتر ژاوەژاو بکەن و یاری بە بووکەڵە بکەن.

 

لەیلا خادمیان وتیشی: لە کۆمەڵگەی ئێمەدا دەوترێت؛ ژنان ناتوانن شۆفێری بکەن، ناتوانن ببنە ئەندازیار، لە دەرەوەی وڵات بخوێنن، هاوبەشی ژیانی خۆیان هەڵبژێرن، چالاکیی ئابوورییان هەبێت، لە بڕیارە ماکرۆ-سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا ئامادەبن و "ناتوانن"ی دیکەی لەو جۆرە ڕەگیان لە ڕەگەزگەراییی بەربڵاودا هەیە و هەمەلایەنەیەکی هەیە، کە ڕەگ و ڕیشەی لە هەموو لایەنەکانی ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتووریماندا داکوتاوە.

 

"لە زمانی ڕەگەزیدا هەموو سیفەتە ئەرێنییەکان دەگەڕێندرێنەوە بۆ پیاوان و هەموو سیفەتە نەرێنییەکان دەگەڕێنەوە بۆ ژنان"

لەیلا خادمیان لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، "گرنگ نییە ئەو کەسەی لەبەردەمماندایە پیاو بێت یان ژن، زۆرجار ئەدەبیاتی ڕەگەزیی ژنان دەکاتە ئامانج و ئەمەش دەتوانێت ژینگەی کار قورس بکات و بەرگەی نەگرێت، بۆ نمونە لەبیرمە ماوەیەکی زۆر نەبوو هاوکارێکی پیاو بە تاکە هاوکارە ژنەکەی ژوورەکەی دەوت تۆ کچێکی لێهاتوویت کە توانیت لەناو ئەو هەموو پیاوەدا کارێک بدۆزیتەوە".

 

وتیشی: ڕەنگە ئەمە لە سەرەتادا وەک دەستخۆشییەک دەربکەوێت، بەڵام پێش هەموو شتێک هاوکارەکەمان خەریکی ڕیسواکردنی ڕەگەزی هەموو ژنان بوو، دواتر وتی کە بەهۆی ئەوەی تۆ لێهاتوویت، توانیت بێیتە ناو ئێمەی پیاوانەوە، پێناسەیەکی دیکەی ورد بۆ وشەی ڕەگەز لەلایەن سیمۆن دی بۆڤوار، فەیلەسوف و نووسەری فەرەنسییەوە پێشکەش کراوە. لە ساڵی ١٩٤٩ لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بە ناوی "ڕەگەزی دووەم" وەڵامی پرسیاری "ژن چییە؟" دەداتەوە و دەڵێت، ژن جگە لە ئەنجام و بەرهەمی هێزە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان هیچی تر نییە، ئەو پێی وایە ژن لەناو پیاواندا پەرشوبڵاوە، مێژوو و یەکگرتوویی نییە، بە پێچەوانەی گروپە ستەملێکراوەکانی دیکە، کۆ نەبوونەتەوە و لە پەیوەندییەکی ناهاوسەنگدان لەگەڵ پیاوان، پیاو هەمان کەسە و ژنەکە ئەویترە.

 

"کاراکتەری مێینە لە زماندا بە شاراوە دادەنرێت"

لەیلا خادمیان باسی لەوەشکردم کە کارەکتەری مێینە لە زماندا بە شاراوە دادەنرێت و هەندێکجاریش بە مایەی شەرمەزارییە، لە زمانی ڕەگەزیدا هەموو سیفەتە ئەرێنییەکان دەگەڕێنرێنەوە بۆ پیاوان و هەموو سیفەتە نەرێنییەکان بۆ ژنان، زمانی ڕەگەزی سووتەمەنی هەڵاواردنی سیاسی، کولتووری، ئابووری و کۆمەڵایەتییە، کە هەموو دەرفەتەکانی گەشەکردن و پێشکەوتنی ژنان دەسەنێتەوە و لە زۆر حاڵەتدا لە قەدەغەکردن و دوورخستنەوە و سنووردارکردنی ژناندا دەردەکەوێت.

 

لە کۆتایدا دەڵێت: بە گوێرەی دێ بۆوڤوار ژن له سکی دایکەوە لەدایک نابێت، بەڵکو لە ژێر بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە دەبێتە ژن، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا خێزان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە بە کۆمەڵایەتیکردنی منداڵان، خێزانەکان هەر لەسەرەتاوە کچان ڕادەهێنن بۆ گەیشتن بە ڕۆڵی خۆیان وەک ژن و کوڕان ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی ڕۆڵی پیاو وەک سەرۆکی خێزان قبوڵ بکەن، بەم شێوەیە جیاکردنەوەی کارەکان لە سەرەتای تەمەنیاندا لەلایەن خێزانەوە لە منداڵەکاندا دەچێنرێت و بەپێی ئەوەی کچ بن یان کوڕ ڕاهێنانیان پێدەکرێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ڕۆڵی کۆمەڵایەتی قبوڵ بکەن.