"١٣ ساڵ لە قەیرانی سووریا بەس بوو بۆ هەڵگیرسانی ڕاپەڕین"

دەستێوەردان و گوشارەکان بوونە هۆی ئەوەی بزووتنەوەی جەماوەری لە شاری سوەیدای سووریا سەرهەڵبدات، ژنان ئامادەیییەکی بەرچاویان تێدا تۆمار کرد و لە ڕووی ژمارە و شێوازی بەشداریکردنەوە جیاوازییان دروستکرد.

دەلال ڕەمەزان

 

حەسەکە- شاری سوەیدا دوایین شاری سووریا بوو کە داوای وڵاتێکی دیموکراسی کرد، کە لە دوای سەرهەڵدانی قەیرانی سووریا لە ساڵی ٢٠١١ەوە هەزاران مەدەنی باجێکی قورسیان داوە، لەوانە کوشتن و ئاوارەبوونی زۆرەملێ و وێرانکاری و دەستوەردانی ئاشکرا لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکە، لەناو دروشمەکانی سوەیدادا داوای جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ٢٢٥٤ دەکرێت، کە بە کۆی دەنگ لە ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥ پەسەند کرا و باس لە ئاگربەست لە سووریا و گەیشتن بە یەکلاییکردنەوەی دۆخی سیاسی دەکات.

 

بەهۆی سنووردارکردنی ئابووری و ئەمنی و بژێوی ژیان و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و گوێنەگرتنی حکومەتی دیمەشق بە داواکارییەکانی خەڵک و پابەندبوونی بە عەقڵیەتێکی شۆڤێنیستییەوە، هەشت مانگە بزووتنەوەی جەماوەری لە سوەیدا بەبێ پچڕان بەردەوامە و حکومەتیش تەنها هەوڵ دەدات بە ترس و تۆقاندن و گۆشەگیری و دەرکردن لە کار بزووتنەوەکە دابمرکێنێتەوە.

 

ئەوەی ڕاپەڕینی سوەیدا جیاواز بوو، بەشداری کارای ژنان بوو، کە داوای ئازادی و یەکسانی و زامنکردنی مافەکانیان دەکرد، عەزیزە حەسۆ، کارگێڕی نوسینگەی ژنانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە لە شاری حەسەکە، باسی لە سەرهەڵدانی ژنانی سوەیدا کرد و داوای لە ژنان کرد خۆیان ڕێکبخەن و بەردەوام ئامادەیی خۆیان بسەلمێنن لە قۆناغەکانی بزووتنەوەی جەماوەریدا، بۆ ئەوەی گەرەنتی گەیشتن بە ماف و داواکارییەکانیان بکەن.

 

عەزیزە حەسۆ باسی لەوەکرد، سوەیدا بە ڕاپەڕینەکەی لە دژی نادادپەروەری و ستەمکارییەکان ناسراوە، گەل لە بەرامبەر فەرەنسییەکان و هەموو ئەوانەی هەوڵی دابەشکردنی وڵاتیان دەدا، وەستانەوە، ئەمڕۆش خەڵک داوای گۆڕانکاری و کۆتاییهێنان بەو پەراوێزخستنە ئابووری و سیاسییە دەکات کە خەڵکی ناوچەکە رووبەڕووی بوونەتەوە، بەشدارییەکی سەرنجڕاکێشی ژنان هەیە و داوای ئازادی و دادپەروەری و دیموکراسی دەکەن.

 

عەزیزە حەسۆ وتی: پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک پرۆژەیەکی جوداخوازی نییە وەک ئەوەی کە بڵاو دەکرێتەوە، بەڵکو پرۆژەیەکە لەسەر بنەمای برایەتی گەلان دامەزراوە و مافی چارەی خۆنووسین و بەشدارییان هەیە، ئێمە پشتیوانی هەموو ئەو ڕاپەڕین و گەلە ئازادانە دەکەین کە داوای مافەکانیان دەکەن، بۆیە پشتگیری لە بزووتنەوەی جەماوەری سوەیدا دەکەین تا بەدیهێنانی داواکارییەکانیان بۆ سیستەمێکی دیموکراسی لامەرکەزی، سەرەڕای هەموو ئەو هێرشە بەردەوام و سیستماتیکیانەی کە ناوچەکە لە چەندین وڵات و لایەنی ناوخۆیی و دەرەکییەوە بەرەوڕووی دەبێتەوە، پڕۆژەکەمان سەرکەوتوو دەبێت چونکە لەسەر بنەمای ژنان و ئازادی و یەکسانی و دیموکراسی دامەزراوە.

 

عەزیزە حەسۆ پێی وایە جێبەجێکردنی پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک باشترین چارەسەرە بۆ قەیرانی سووریا و لە کۆتاییدا وتی: یەکێک لە باشترین دەرەنجامەکانی شۆڕشی سووریا کە لە ساڵی ٢٠١١ەوە دەستیپێکرد، پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەرییە، کە هەموو پێکهاتە و مەزهەبەکان بەشدارییان لە داڕشتن و جێبەجێکردنیدا کرد، بۆ چارەسەرکردنی دۆخی سوەیدا و ئەو کێشانەی خەڵک بە دەستییەوە دەناڵێنن، تەنها داواکاری گەل بۆ کۆتاییهێنان بە فشارە بەردەوامەکان و وەڵامنەدانەوەی داواکارییەکانیان و جێبەجێکردنی پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک چارەسەرە.