تابان گەرمیانی: نووسینەوەی مێژووی ژنان دەتوانێت ببێنە میراسی خەباتی ژنان

مێژووی ژنانی کورد ونە و تا ئێستاش مێژوویەکی دیار لەبەر دەستتدا نییە کە دەریبخات ژنانی کورد لە مێژوودا چۆن ژیاون و تێكۆشانیان کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە چەندین ژنی پێشەنگ و شۆڕشگێڕ هەبوون.

شنیار بایز

 

سلێمانی- لە مێژووی مرۆڤایەتی و بە کۆمەڵگەبووندا ژنان بوونەتە ئاواکەری ژیان و بە ئەندازیاری بە کۆمەڵگەبوون دادەنرێن و کشتوکاڵیان داهێناوە و تا ئێستاش لە بواری ژیان و لایەنەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و ...هتد پێشەنگایەتییان کردووە.

 

بەڵام ئەوەی جێی باس کردنە، مێژوویەکی دیار نییە بە ناوی مێژووی ژنان، بەڵکو ژیان و خەباتی ژنان لە ژێر ئەقڵیەتی کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوودا ونکراوە، هەمیشە پیاوان هەوڵیان داوە خودی ژن بسڕنەوە، لەلایەکی دیکەشەوە چونکە مێژوونووسی ژن نەبووە، بۆیە نووسینەوەی مێژووی ژنان یان بە ئەقڵیەتێکی پیاوسالارانە نووسراوە یاخود کەموکورتی پێوە دیارە، هەر ئەمەشە وایکردوە خودی ژنان خۆیان ئاگاداری مێژووی خۆیان نەبن.

 

"مێژوونووسی ژن بۆ ئێستا و داهاتووی مێژووی ژنان پێویستە"

تابان گەرمیانی، نووسەر و سیاسەتمەدار، دەربارەی مێژووی ژنی کورد و ئاشنایەتی ژنی کورد بە مێژووی خۆی ڕوونیکردەوە، بۆ زانینی مێژووی ژنی کورد پێویستە کورد و ژنانی کورد بگەڕێنەوە سەر قۆناغەکانی مێژووی خۆیان کە لەو ساڵانەی پێشوودا ژن چی بووە و چۆن ژیانی کردووە، بەتایبەت ئەو ساڵانەی بە بیر دێت یاخود مێژوونووسان باسی لێوە دەکەن، کورد بەهۆی ئەوەی پارچە پارچە بووە، ئەمەش وایکردووە ژنان لەناو ململانێ و کێشە سیاسییەکاندا بن، بەهۆی ئەوەی بەردەوام لە ناو کێشە سیاسییەکاندا بووە، ئەمەش دەری دەخات بەردەوام خاوەن قوربانی و هەڵوێست بووە.

 

تابان گەرمیانی، ڕوونیکردەوە هێندە سەرچاوەی مێژوویمان نییە کە ژنە تێکۆشەرەکان دەربخات و ئەو ژنانەی لە ناو مێژوودا باسکراون، بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، بەڵام ئەمە بەس نییە بۆ مێژووی ژنی کورد، هۆکاری ئەمەشی گەڕاندەوە بۆ نەبوونی مێژوونووسی ژن لەو سەردەمەدا بەڵام لە دوای ڕاپەڕین ژنی باش پەیدا بوون وەک نووسەر، ئەکتەر و سیاسی، لە زۆر بواری دیکەشدا ژن پێگە و شوێنی خۆی دیارە، بەڵام هەر نەیانتوانی مێژووی ژن بنووسنەوە.

 

"نەبوونی ئامار مێژووی ژنان ون دەکات"

ئەو نووسەرە باسی لەوەکرد، هیچ سەرچاوەیەک نییە دەریخات ساڵانە چەند ژن دەکوژرێن و چەند ژن خۆیان دەکوژن، ساڵانی ڕابردوو هەندێک هەوڵ هەبوو بۆ تۆمارکردنی بەڵام دواتر ڕێگە لەوەش گیرا چونکە هەندێک خەڵک دەیانکرد بە بازرگانی و مافی پەنابەرێتیان پێوەردەگرن لە وڵاتانی دیکەدا، یاخود چەندین ژن هەیە لە بوارە جیاوازەکاندا پێگەی هەیە و نانووسرێتەوە و لە مێژووشدا نەنووسراوە، وتی: مێژووی ژن خۆی نەینووسێتەوە کێ دەینووسێتەوە؟ ئەگەریش پیاوان بینووسنەوە لە پەراوێژزی ڕووداوەکاندا دەینووسنەوە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا تابان گەرمیانی بە پێویستی زانی ژنان دەست بکەن بە نووسینەوەی مێژووی خۆیان هەر کەس و لە بواری خۆیدا، هەر ژنێک و لە بواری خۆیدا چیرۆکە جیاوازەکانی ژنان و زەحمەتیەکانی بەردەمیان بنووسێتەوە، بەڵام چونکە ئەم هەوڵانە ئەنجام نەدراون بۆیە لە ژنانی کورد بپرسی دەربارەی مێژوویان ئاگادار نین و زانیاریان کەمە دەربارەی تواناکانی ژنانی کورد لە کایە جیاوازەکاندا.

 

"پێویستە دەزگایەکی تایبەت هەبێت بۆ تۆمارکردنی مێژووی ژنان"

تابان گەرمیانی ئاماژەی بەوەکرد، ژنان پێویستە ڕووبەڕووببنەوە و بیسەلمێنن کە بوونیان هەیە لە ناو خێزان تا کایە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، چونکە تا ئێستا ژنان سەرەڕای هەبوونی پێگەیەکی بەرز لەناو کۆمەڵگەدا ناخوێندرێنەوە لەبەرامبەردا پیاوان ئەگەر پێگەیەکی ئاسایشیان هەبێت دەبنە پێشەنگ و دەخوێندرێنەوە تەنانەت لە ناو خێزانەکانیشدا نەک هەر خودی کۆمەڵگە، ئەمەش دەرخەرە بۆ ئەوەی ژنان ڕۆڵیان چەند بەرز هەبێت بەڵام بە چاوی کەم تەماشادەکرێن.

 

تابان ئاماژەی بەوەکرد لە مێژووەوە تا ئێستا بەو هەموو قوربانیەی گەلی کورد لە ئەنفال، کیمیاباران، کۆمەڵکوژیەکانی وەک کۆمەڵکوژی گەلیی زیلان، دەرسیم، سنەی خوێناوی و قامیشلۆ بەسەریاندا هاتووە بەڵام هیچ ئامارێک لەبەردەستدا نییە دەریبخات، چەند ژن شەهید بوون یاخود چەند دایکی شەهیدبوویان هەیە، لە کایەکانی دیکەشدا ئەم کەموکورتییە هەیە و بۆ مێژووی ژنان هیچ ئامارێک لەبەردەستدا نییە.

 

"ڕێکخراوەکانی ژنان کارێکیان نەکردووە بۆ کۆکردنەوەی مێژووی ژنان"

لە درێژەی قسەکانیدا تابان گەرمیانی ڕوونیکردەوە، ڕێکخراوەکانی ژنان تا ئێستا کۆک نین لەسەر ئەوەی دامەزراوەیەکی گشتی هەبێت بۆ ئەوەی ئامار کۆبکەنەوە لە بوارە جیاوزەکاندا، چونکە ئەگەر ئامار نەبێت ناتواندرێت پلان هەبێت بۆ خزمەتکردنی ژنان، وەک ئاماژەی پێکرد بوونی ئامار یارمەتیدەرە بۆ نووسینەوەی مێژوو بە شێوازێکی وردتر، نووسینەوەی مێژووی ژنان گرنگە بۆ ئەوەی ببێتە پێشەنگێک بۆ ژنانی دیکە و ژنان بتوانن ئەو ژنە پێشەنگانە بکەنە نمونەی ژیانی خۆیان.

 

هەروەها تابان گەرمیانی باسی لەوەکرد لە بشووری کوردستان تاک هێندە سەرقاڵکراوە بە کێشە ژیانییەکانی وەک خوێندن، ئابووری و کێشەی نێوان خێزانەکان و کوشتنی ژنان تاک هێندە بیری لای ژنە پێشەنگەکان و مێژووی ژنان نییە دەڵێت: کاتێک کۆمەڵگەیەکی تێر و پڕت هەبێت و دووربێت لە کێشەی سیاسی بێگوومان کۆمەڵگەیەکی تەندروستیش دەبێت و سەرنج دەخاتە سەر پێگەی ژنانیش.

 

"ئەرکی دەسەڵات و لایەنی پەیوەنیدارە مێژوو کۆبکەنەوە"

ئەو نووسەرە ڕوونیکردەوە ساڵانی پێشووتر ژنان ڕەوشیان لە ئێستا باشتر بوو، لە ئێستادا ژنان لە پاشەکشێدان تەنها لایەنی ئابووری نەبێت کە توانیویانە پشت بە خۆیان ببەستن و خاوەن کاری خۆیان بن، ئەمەش کرانەوەی ئەقڵیەتی پیاوسالاری نییە، بەڵکو ئەقڵیەتەکە وەک خۆیەتی تەنها خراپی دۆخی ئابووری وایکردووە، کۆمەڵگە لای ئاسایی بێت ژنانیش کار بکەن بەڵام ناکرێت ئەم دەرفەتە لە کیس بچێت، بەڵکو دەبێت کارکردنی ژنان ببێتە مێژوو بۆ ئەوەی وەک ئەو مێژووە ون نەبێت کە ژنان دۆزەرەوەی سەرچاوەکانی ژیان بوون بەڵام پیاوان خۆیان کردوە خاوەنی.

 

لە کۆتایدا تابان گەرمیانی ئاماژەی بەوەکرد، ژنان لە باشووری کوردستان لە ڕووی بەدەستهێنانی پێگەوە خاوەن پێگە و کەسایەتی خۆیانن بۆیە پێویستە ئەو ژنانە هەوڵی نووسینەوەی مێژووی خۆیان بدەن هەر ژنێک لە بوارێکدا کار دەکات و ئەزموونی هەیە پێویستە مێژووەکانیان بنووسنەوە، دەڵێت: ئەم کۆکردنەوەیەش تەنها لەسەر ئاستی تاک نەبێت بەڵکو دەسەڵات هەوڵ بدات مێژوو کۆبکاتەوەو بیخاتە سیستمی پەروەردەوە چونکە پەروەردەیە دەچێتە هەموو ماڵێکەوە بەر هەموو تاکەکان دەکەوێت.