تانیا گروپ، نوسینگەیەک بۆ دابینکردنی هەلی کار بۆ گەنجان

تانیا نەجاد، یەکێکە لەو ژنانەی شاری سلێمانی لە ئەنجامی گەڕان بەدوای دۆزینەوەی کارێک بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی، نوسینگەی تانیا گروپی بۆ دۆزینەوەی هەلی کاری بۆ گەنجان دامەزراند.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- نوسینگەی تانیا گروپ لە شاری سلێمانی لە ساڵی ٢٠٢١دا بۆ دۆزینەوەی هەلی کار بۆ گەنجان، لەلایەن تانیا نەجاد،بەڕێوەبەری نوسینگەک و سۆزی کچییەوە، وەک بەڕێوەبەری کارەکانی نوسینگەکە دامەزرا، ئامانج لە کردنەوەی نوسینگەکە کەمبوونەوەی ڕێژەی بێکاری بە تایبەت لەناو گەنجاندایە و "تانیا گروپ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانتان، لێرە ئەو کارە بدۆزەرەوە کە ئارەزووی دەکەیت" وەک دروشمی نوسینگەکەیان دیاری کراوە.

 

تانیا نەجاد، خاوەنی نوسینگەی تانیا گروپە، باس لەوە دەکات کە هەوڵی زۆری داوە بۆ دۆزینەوەی کارێک تا بتوانێت بژێوی ژیانی دابین بکات، ئەزمونی چەندین کاری وەک بازاڕکردن و چەندین کاری دیکەی هەیە، دەربارەی بیرۆکەی دامەزراندنی تانیا گروپ دەڵێت: لە ئەنجامی بێکاریم و گەڕان بە دوای کاردا، لە کۆمپانیایەک بۆ ماوەی سێ مانگ کارم کرد، بە هاوکاری خاوەن کۆمپانیاکەم توانیم دەستبکەم بە کاری سەربەخۆی خۆم، بە هاوکاری کچەکەشم توانیمان لە ڕێگەی تۆرە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕیکلام بۆ نوسینگەکەمان بکەین.

 

گەنجان بۆ دەستکەوتنی هەلی کار سەردانی نوسینگەی تانیا گروپ دەکەن

تانیا نەجاد ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆژانە لە کاتژمێر ١١ سەرلەبەیانی تا ١٢ شەو وەڵامی پەیوەندیەکان دەدەنەوە، بۆ چاوپێکەوتنی کاریش هاوڵاتیان لە کاتی سەردانیکردنیان ئاگادار دەکرێنەوە و سەردانی نوسینگەکەیان دەکەن، بەستنی پەیوەندیەکان و وەڵامدانەوەی پەیوەندیەکان لەلایەن دوو کارمەندی تانیا گروپەوە ئەنجام دەدرێت، کە سۆزی کچی و کوڕێکی خۆبەخشە لە شاری هەولێر، دەربارەی کچەکەی دەڵێت: لە کاتی کردنەوەی نوسینگەکەمان و لە کاری ڕۆژانەشدا کچەکەم زۆر هاوکاریم دەکات، هەروەها لە ٪٩٠ کارەکاننی نوسینگەکە کچەکەم بۆم ڕادەپەڕێنێت.

 

هەروەها باس لەوەش دەکات، گەنجان زۆر بە باشی پێشوازی لە کارەکەی دەکەن و سەردانی نوسینگەکەی دەکەن بۆ دەستکەوتنی کار تا بتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن، لە ڕێگەی ڕیکلامی بازرگانیەکانیەوە پەیوەندیان پێوە دەکەن و سەردانی نوسینگەی تانیا گروپ دەکەن بۆ وەرگرتنی زانیاری دەربارەی کارەکانیان و ناساندنیان بە شوێنی کارکردنیان، هەروەها باس لە کاری گەنجان دەکات و دەڵێت: گەنجان زۆر بە باشی کارەکانیان ئەنجام دەدەن و هەوڵدەدەن بۆ کارکردن، بەڵام ئەو گەنجانەی تەمەنیان لە ١٨ ساڵدایە زۆر لەسەر کارەکانیان نامێننەوە بەهۆی کەمی پێدانی مووچەکانیان، هەروەها خراپی بارودۆخی ئابووری وای لە خاوەنکارەکان کردووە مووچەی کەمتر بدەنە کارمەندەکانیان.

 

"سەرەتایی دامەزراندنی تانیا گروپ ڕوبەڕووی چەندین ئاستەنگی بووینەوە"

تانیا نەجاد، ئاماژە بەو ئاستەنگییانە کرد کە هاتووەتە ڕێگەیان و وتی: سەرەتای کارکردنمان زۆر ئاستەنگی هاتە بەردەممان، بەوەی پەیجە بازرگانییەکەیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی برد و سەرەڕای دروستکردنی ئاستەنگی لە بونیادنانی نوسینگەکەمان، بەڵام چەندین جاریش هاوکاری کراوین لەلایەن هاوڕێ و کەسە نزیکەکانمان بۆ دامەزراندنی نوسینگەی تانیا گروپ.

 

"تانیا گروپ، هەلی کار بۆ زیاتر لە پێنج هەزار کەس دەرەخسێنێت"

تانیا نەجاد، باس لەوە دەکات خاوەن کار و خاوەن پڕۆژەکان لە ڕێگەی پەیجە بازرگانیەکەیانەوە پەیوەندیان پێوە دەکەن و داوای کارمەند دەکەن، دەشڵێت: لە دۆزینەوەی کارەکاندا ئێمە بڕە پارەیەکی کەم وەردەگرین لە ٪٥٠ بێ بەرامبەر کارەکانمان ئەنجام دەدەین، هەروەها لە سەرەتای دامەزراندنی تانیا گروپ بە داتا لامانە کە هەلی کارمان بۆ زیاتر لە پێنج هەزار هەلی کارمان ڕەخساندووە.

 

"ژنان بە ڕێژەی ٪٨٠ لەسەر کارەکانیان بەردەوام دەبن"

تانیا نەجاد، باسی لەوەشکرد سەرەڕای زۆری ڕێژەی کوڕان لە کارکردن و داوای کاسبکاران کە زۆرینەیان کوڕن، خاوەنکارەکان و پڕۆژەکان بۆ بەشێک لەکارەکانیان داوا لە نوسینگەی تانیا گروپ دەکەن کارمەندی ژنیان بۆ دابین بکەن، بەهۆکاری ئەوەی ژنان زیاتر لەسەر کارەکانیان دەمێننەوە و کارەکانیان بە باشی ئەنجام دەدەن، وتیشی: ژنان بە ڕێژەی ٪٨٠ لەسەر کارەکانیان دەمێننەوە و سەرەڕای کاری خۆیان چەندین کاری دیکە بۆ خاوەنکار ڕادەپەڕێنن، ژنان لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشدا بەڕاستی مەردن و نمونەی ژنن، هاوڵاتیان سەردانم دەکەن دەڵێن ژنان لە کارەکانیان وەک ژنانی پەکەکە مەردایەتی دەکەن لە کارەکانیاندا.

 

"پێویستە گەنجان ئەزموونیان هەبێت و بێکار دانەنیشن"

تانیا نەجاد، ئاماژەی بەوەدا، لە نوسینگەی تانیا گروپدا ئەو گەنجانەی سەردانی نوسینگە دەکەن دەبێت تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بێت، نوسینگەی تانیا گروپدا لە کاتی بوونی هەر کێشەیەکی کارمەندان لە کاتی کارکردن ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، لە لایەنی مرۆڤایەتی هاوکاریان دەکەن بۆ ڕوبەڕووبونەوەی کێشەکانیان، وتیشی: ئێمە وەک تانیا گروپ گرەنتی کارمەندان لە شوێنی کارەکانیان ناکەین، بەڵام لە هەمانکاتدا لە کاتی ڕوبەڕووبونەوەی هەر کێشەیەک لەلایەن خاوەنکارەکانیانەوە، وەک لایەنی مرۆڤایەتی پارێزەری خۆمان لە دادگاکاندا کارەکانیان بۆ ڕادەپەڕێنێت.

 

تانیا نەجاد، ئاماژەی بەوەشدا، لە نوسینگەکەیاندا مەرجی کارکردنیان تەنها بڕوانامە نیە، یاخود تەنها لە چوارچێوەی بڕوانامەکەیدا کاری دەستبکەوێت، گەنجان پێویستە ئەزموون دروست بکەن، ئەزموون کردن لە کارەکانیاندا دەبێتە هۆی خۆبونیادنان و هەنگاونان بەرەو کاری باشتر، لە کۆتاییدا وتی: کچان و کوڕان بەبێ کار لە ماڵەوە دامەنیشن و ئەزموونی نوێ تاقی بکەنەوە، دوو ڕۆژ بەبێ پارە کار بکە تا فێری ئەزموون ببیت، یاخود ڕۆژی ٥ هەزارت هەبێت باشترە بێکار دابنیشیت.