خوێندکارانی خاوەن پێداویستی تایبەت ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە

نەبونی کار ئاسانی بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە شوێنە گشتیەکاندا، سەختی بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دروستکردووە و وەک خۆیان دەڵێن: ناهۆشیاری کۆمەڵگە هۆکارە بۆ کارنەکردنی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتەکان.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- مامۆستایان و خوێندکارانی خاوەن پێداویستی تایبەت لایەنی پەیوەندیدار و حکومەت بە هۆکاری ئەستەنگییەکانی بەردەمیان دەزانن، هەرچەندە لەلایەن ڕێکخراوەکانی خاوەن پێداویستیە تایبەتەکانەوە داواکاری پێشکەش دەکەن، بەڵام بەپێی پێویست وەڵامیان نادرێتەوە.

 

ساڵانە کەسان و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان داوا بۆ وەزارەتی پەروەردە بەرز دەکەنەوە کە ئاسانکارییان بۆ بکرێت لە خوێندنگەکانیان، بەڵام و خۆیان باسی دەکەن کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت گرفتیان لە کار و مامەڵەی ڕۆژانەیاندا بۆ دروستدەبێت، بە هەمان شێوەی خوێندکاران، مامۆستایانی خاوەن پێداویستی تایبەتیش لە خوێندنگەکاندا ڕووبەڕووی ئەو جۆرە ئاستەنگیانە دەبنەوە.

 

گرفتێکی خاوەن پێداویستیەکان کار ئاسانی نەکردنە لە شوێنە گشتیەکاندا

شەهلا محەمەد، چاودێر لە باخچەی منداڵانی گەزۆ، خاوەن پێداویستی تایبەتە و لەبارەی ئاستەنگیەکانی ژیانیان باسی لەوەکرد، وەک پێویست ژینگە لەبار نییە بۆ خاوەن پێداویستییەکان لە شوێنی کارکردنیاندا، هەروەها زۆر بەدەگمەن کار ئاسانیان بۆبکرێت لە ڕێگای هاتوچۆکردن و ناوەندە حکومییەکاندا، وتیشی: من خاوەن پێداویستی تایبەتم بۆ وانە وتنەوە ڕۆژانە ٥٠ پلە قادرمە دەبڕم بۆ ئەوەی وانە بە خوێندکاران بڵێمەوە.

 

هەروەها ئاماژەی بەوەدا، پێویستە وەزارەتی پەروەردە مامۆستای پەروەردەی تایبەت لە خوێندنگەکاندا دابمەزرێنێت، بۆ هاوکاریکردنی خوێندکارانی خاوەن پێداویستی تایبەت و ئۆتیزم، تا بتوانن وەک منداڵانی ئاسایی لە خوێندن بەردەوام بن، ئاستەنگی زۆر دێتە ڕێگەی منداڵانی ئۆتیزمیش.

 

"نەبوونی توێژەری کۆمەڵایەتی لە باخچە و خوێندنگەکاندا گرفتێکی دیکەیە بۆ خاوەن پێداویستیەکان"

منداڵانی ئۆتیزم و بیرکۆڵ لە خوێندنگە و باخچەکاندا هەیە، کە بە چەند جارێک لە وانەوتنەوە دەتوانن لە بابەتەکان تێبگەن، مامۆستایانی تایبەت پێویستە لە شوێنی تایبەت زیاد لە چەندجارێک وانە بە خوێندکاران بڵێنەوە، شەهلا محەمەد لەو بارەیەوە وتی: زۆرێک لەو خوێندنگە و باخچەی ساوایان کە منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەتی تێدایە، وەک پێویست مامۆستای تایبەت و توێژەری کۆمەڵایەتییان نییە، لەکاتێکدا منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت بۆ چارەسەرکردنی ئەو بارە دەروونییەی تیایدان، دەبێت بە بەردەوام توێژەری کۆمەڵایەتیان لەگەڵدابێت، لەو بارەیەوە وتی: زۆرجار لەگەڵ منداڵەکاندا وەک توێژەری کۆمەڵایەتی بووم لەگەڵیاندا، چونکە خۆم خاوەن پێداویستی تایبەتم لە بارودۆخی تێدەگەم.

 

نەبوونی خوێندنگەی تایبەت بۆ خاوەن پێداویستیەکان بارگرانییە بۆ بەڕێوەبەرەکانیش

منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت لەلایەن بەڕێوەبەرانی خوێندنگە و باخچەکاندا بارگرانیان بۆ دروست دەبێت، بێ گوێدانە بارودۆخی منداڵەکە و خێزانەکەی پێیان دەڵێن: "منداڵەکانتان خاوەن پێداویستی تایبەتن وەریان ناگرین بیانبەنە جێیەکی دیکە"، شەهلا محەمەد لەو لایەنەوە دەشڵێت: بەهۆی دانەمەزراندنی مامۆستای تایبەت لە خوێندنگە و باخچەکاندا بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی هۆکارێکی دیکەیە بۆ وەرنەگرتنیان، نەکردنەوەی خوێندنی تایبەت بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت وایکردووە بەڕێوەبەری خوێندنگە و باخچەکان لەسەر ئەرکی خۆیان ئەو بەرپرسیارێتیە بگرنە ئەستۆ، بەهۆی دانەمەزراندنی مامۆستای تایبەت و لە خوێندنگە و باخچەکاندا، مامۆستایانی وانەکانی دیکە بە ناچاری دەبێت واتە بە خوێندکارەکان بڵێنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بێزاربوونی مامۆستاکان و گوێ پێنەدان بە فێربونی منداڵەکان.

 

"ناهۆشیاری کۆمەڵگە هۆکارە بۆ ڕووخاندنی دەروونی خاوەن پێداویستی تایبەت"

شەهلا محەمەد لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، کۆمەڵگە هۆکارە کە کەسانی خاون پێداویستی تایبەت ڕوبەڕووی قسەی ڕوخێنەر دەبنەوە لەلایەن هاوکارەکانیانەوە، وەک "تۆ خاوەن پێداویستی تایبەتیت بۆ کاردەکەیت" یاخود "لە کارەکاندا هاوکاری ئێمەش دەکەیت بەو داماویەشەوە"، شەهلا محەمەد، وتی: بەم قسانە بیر لەوە ناکەنەوە بەوپەڕی خولیاوە کارەکانمان دەکەین، سەرپەرشتیارەکەم سەرەڕای ئەوەی دەیزانی کە مۆڵەتی دایکایەتیم و خاوەن پێداویستی تایبەتم، پەیوەندی پێوە کردم و وتی، "چیەکەی لە ماڵەوە قاچت خستووەتە سەر قاچ".

 

حکومەت کار ئاسانی لە ڕێگاکانی هاتوچۆدا بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی نەکردووە

ئانیا قادر، خوێندکار و خاوەن پێداویستی تایبەتە وەک خۆی دەڵێت کەسانی خاوەن پێداویستی لە کاتی دەرچوونیان لە ماڵ هەتا دەگەڕێنەوە ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە، وتی: دابین نەکردنی ڕێگەی هاتوچۆکردن و نەبوونی مامۆستای تایبەت لە خوێندنگەکاندا بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی لەلایەن حکومەتەوە ئاستەنگی زیاتر دروستدەکات بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی، ئەگەر باران بێت دایکم بمبات بۆ خوێندنگە لە ڕێگە ئۆتۆمبێل بە خێرای بەلاماندا دەڕوات و هەردووکمان تەڕ دەبین.

 

نەبوونی ڕەمپا گرفتی بۆ خوێندکاری خاوەن پێداویستی تایبەت دروستکردووە

ئانیا قادر، ئاماژەی بەوەکرد، نەبوونی مامۆستای تایبەت و کەرەستەکانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە خوێندنگەکاندا، ئاستەنگی بۆ خوێندکارانی خاوەن پێداویستی تایبەت دروستکردووە، لەکاتێکدا مامۆستای تایبەت لە خوێندنگەکەیدا هەیە هاوکاریان ناکەن، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کەسانی خاوەن پێداویستی بەردەوام کەسێکیان بۆ هاوکاریکردن لەگەڵدابێت، وتیشی: هاوڕێکانم باسی خۆشی تاقیگە دەکەن، دڵگران دەبم لەبەر ئەوەی ناتوانم بەشداری ئەو وانەیە بکەم بەهۆی نەبونی ڕەمپاوە، دایکم لەسەر ئەرکی خۆی ویستویەتی ڕەمپا بۆ ژووری تاقیگە بکات بەڵام خوێندنگەکە ڕێگەی پێنەداوین.

 

لە خوێندنگەکان خوێندکارانی خاوەن پێداویستی وەرناگرن

ئانیا قادر، ئاماژەی بەوەدا، دایکی و بەشێک لە هاوڕێ و مامۆستایانی هاوکاری دەکەن بۆ درێژەدان بە خوێندن، بەڵام لە هەندێک لە مامۆستایانەوە ئاستەنگی بۆ دروست دەبێت، لەو بارەیەوە وتی: دەمەوێت کاری گواستنەوە بکەم لە خوێندنگەکەم، بەڵام بەهۆی نەبوونی ڕەمپاوە لەو خوێندنگەیەی دەمەوێت گواستنەوەی بۆ بکەم، وەرمناگرن و دەڵێن دەبێت بچیتە قاتە بەرزەکان منیش ناتوانم.

 

لەکۆتایدا وتی: داواکارم لە حکومەت ئاسانکاری بۆ خوێندکارانی خاوەن پێداویستی تایبەت بکەن لە خوێندنگە و ڕێگەکانی هاتوچۆکردنیان، بۆ ئەوەی بتوانین ژیانی ڕۆژانەمان بە بێ گرفت بەڕێبکەین وەک هەموو کەسێکی ئاسایی.