ژنانی کۆبانێ: کاتێک شۆڕشمان کرد چەکمان نەبوو ئێستاش ڕێگە نادەین لەناوبچێت

ژنانی کانتۆنی کۆبانێ کە شاهیدی پڕۆسەی شۆڕشی ١٩ی تەممووز بوون، هەڵوێستی خۆیان لە دژی هێرشە لەناوبەرەکانی دەوڵەتی تورکیا دەربڕی و وتیان: چەکمان نەبوو، شۆڕشی ژنانمان دروستکرد، ڕێگە نادەین زیانی پێبگات.

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ- هێرشە لەناوبەرەکانی دەوڵەتی تورکیا کە لە ٤ی تشرینی یەکەم بەبێ وەستان بۆسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە، ژێرخانی ناوچەکەی کردووەتە ئامانج، لەو هێرشانەدا بە بیانووی بێمانا هەرێمەکە بۆردوومان دەکرێت و زۆرینەی ناوچەکان لە خزمەتگوزاری دەرچوون، ئەمەش سیاسەتێکە بۆ کۆچکردنی دانیشتوانی ناوچەکە.

 

ژنانی کانتۆنی کۆبانێ کە بەشدارییان لە ڕیزەکانی پێشەوەی شۆڕشی ژناندا کرد و توانیان لە نەبوونەوە، بوون دروست بکەن، کاردانەوەیان بەرامبەر هێرشەکان هەیە.

 

"١١ ساڵە دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت شۆڕشەکەمان تێکبشکێنێت"

سەمیرا ئەحمەد، کە لە سەرەتای شۆڕشەوە تێکۆشانی کردووەو بەشداری لە بەرخۆدانی کۆبانێدا کردووە، هەڵوێستی خۆی دەربڕی: ١١ ساڵە دەوڵەتی تورکیا هەوڵی لەناوبردنی شۆڕشەکەمان دەدات و گەل بێزار دەکات، سات بە سات شاهیدی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانم و بەشێوەیەک ژیاین کە خواردن و خواردنەوە و کارەبامان نەبوو، سەرەڕای ئەمە و سەختی بارودۆخی ژیان، لەسەر پێی خۆمان ماینەوە و شۆڕشەکەمان بە خێرایی گەشەی کرد، بۆیە ئەو هێرشانەی ئەمڕۆ ئەنجام دەدرێت نابێتە هۆی وازھێنان لەم وڵاتە.

 

"هێرشەکان ناتوانن کاریگەری لەسەر ئیرادەمان بکات"

سەمیرا ئەحمەد وتیشی: کاتێک دەستمان بەو کارە کرد، دەمانزانی قوربانییەکی زۆر دەدەین و ڕووبەڕووی هێرش دەبینەوە، ئەم ڕاستییە ئەمڕۆ زیندووە، بۆیە ئێمە وەک ژنان لە کۆبانێ ئامادەین بۆ هەموو بارودۆخێک، بۆردوومانەکان بەردەوامن بەڵام گەل بەردەوامن لە ژیانیان، هەموو کەسێک لە ماڵەوەیە، دامەزراوەکانمان کراوەن و خەڵکەکە لە بوارەکانی خۆیانن و کارەکانیان ئەنجام دەدەن، بە بۆچوونی من، ئەمە پەیامێکی گرنگە کە ئەم هێرشانە کاریگەری لەسەر ئیرادەی ئێمە و باوەڕمان نابێت، خاکی ڕۆژئاوای کوردستان پیرۆزە هەرگیز دەستبەرداری ئەم خاکە نابین.

 

"جارێک کۆچمان کرد، دووبارە نابێتەوە"

فاتمە خەلیل ئەوەیخستەڕوو، کۆچکردنی خەڵکی کۆبانێ کە لە ساڵی ٢٠١٤بەە دووبارە نابێتەوە و وتی: دەوڵەتی تورک دوژمنی ئێمەیە هەر لە سەردەمی داپیرو باپیرانەوە کە هێرشە لەناوبەرەکانی ئەنجام داوە، ئێستا گەلی کورد خاوەنی شۆڕش و سیستمێکی وەهایە کە بێگومان ئامانجی دەوڵەتی تورکە، لەم ١١ ساڵەدا ئەزموونی زۆرمان هەبووە، بۆیە ئەگەر کەسێک بیەوێت ئاستی بەهێزی ئیرادەی مرۆڤ فێر بێت، با لە ڕۆژئاوای کوردستان بژی، ئەگەر هێز و ئیرادە و بوێری گەلی کورد لەم ئاستەدا نەبووایە، بە بڕوای من ئەم شۆڕشە بۆ ماوەیەکی زۆر تێکدەچوو، لە ساڵی ٢٠١٤، کۆبانێ لە ئەنجامی بەرخۆدانی دژ بە داعش وێران بوو، کاتێک گەڕاینەوە بۆ وڵاتەکەمان، بینیمان هیچ بەردێک لەسەر بەرد نەماوە، ئەمە یەکەم جار و دوایین جار بوو کە ئەم خاکەمان بەجێهێشت.

"دەوڵەتی تورک لە بەرخۆدانی گەل تووڕەیە"

فاتمە خەلیل وتی: دەوڵەتی تورکیا لە بەرخۆدانی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان توڕەیە، بەرخۆدانی گەلەکەمان بە ڕێبەرایەتی ژنان دەوڵەتی تورکیای توڕە کردووە، لەبەر ئەوەی تورکیا هەموو ڕێگاکانی هێرشی دژ بە ئێمە بەکاردەهێنا، چەتەکان نێردران، کۆمەڵکوژیان کرد، هێرشی زەمینی و ئاسمانی، داگیرکاری و هتد، بەڵام هێشتا هەین بۆیە با دەوڵەتی تورکیا بیر لەوە نەکاتەوە کە بە وێرانکردنی ژێرخانی ناوچەکە، ئیرادەمان لاواز دەکات و تێکدەشکێن. کۆبانێمان بنیادنایەوە بە ئاگری جگەری دایکان، بە شکۆمەندییەوە لەسەر خاکەکەمان دەژین و بە شکۆمەندییەوە شەهید دەبین.

 

"خاوەنی ئەم خاکەین"

ئەمینە مەحمود ئاماژەی بەوەکرد، بۆردوومانکردنی ژێرخانی ناوچەکە بە شێوەیەکی دروست ئامانجی دەستگیرکردنی هاوڵاتیان بووە و وتی: نزیکەی هەفتەیەکە هەرێمەکانمان بەبێ هیچ وەستانێک لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بۆردوومان کراون، نکۆڵی لەوە ناکەین کە ئێمە لە ترسدا ژیاوین،، بەڵام ئەو ڕاستییە هەیە کە بەهۆی بۆردوومانەکەوە ماڵەکانمان جێناهێڵین، خاوەنی ئەم خاکەین و مافی ئەوەمان هەیە بژین.

 

"ڕۆژ بە ڕۆژ لە سەرکەوتن نزیک دەبینەوە"

دەوڵەتی تورک دەڵێت لەو هێرشانەدا هیچ زیانێک بە هاوڵاتیانی مەدەنی ناگەیەنێت. ئەگەر مرۆڤ بپرسێت کێ خزمەتی ئەم ناوچانە و شوێنەکانی وەک وێستگەکانی کارەبا، ئاو، نەوت، گاز، سایلۆی گەنم، کارگەکان و هتد دەکات؟ دەوڵەتی تورک بە ئاشکرا درۆ دەکات و ڕای گشتیش بێدەنگن لەو تاوانانە، کاتە سەختەکانمان لەوە قورستر بووە، زۆر ڕۆیشت بۆ شۆڕشەکەمان و کەم مایەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ لە سەرکەوتن نزیک دەبینەوە، بەردەوام دەبین لە بەرخۆدان و ئاستی تێکۆشان بەهێزتر دەکەین.