"هەڵکوتانە سەر ماڵان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ڕێگەخۆشکەرە بۆ زیادبوونی کوشتن"
کوردە باپیر، توێژەری دەروونی هەڵسەنگاندنی بۆ هۆکارەکانی زیادبوونی کوشتنی ژنان کرد و ڕایگەیاند، جگە لە قەیرانی ئابووری و کاریگەری ڕاگەیاند، "هەڵکوتانە سەر ماڵان لەلایەن کەسانی دەسەڵاتدارەوە ڕێگەخۆشکەرە بۆ زیادبوونی کوشتنەکان".
میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیەکانی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان، ڕێژەی توندوتیژی ساڵ بە ساڵ لە زیادبووندایە، بەپێی ئاماری کۆکراوەی ئاژانسی نوژنها، تەنها لە مانگی ئابدا، ١٠ حاڵەتی کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان هەبووە، کوردە باپیر، توێژەری دەروونی، هەڵسەنگاندنی بۆ هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژی کرد و ڕایگەیاند، لە هەموو جیهان کوشتن و خۆکوشتن هەیە، بەڵام بە پێی شوێن هۆکارەکانی پشت خۆکوشتن دەگۆڕێت.
کوردە باپیر باسی لەوەکرد، خۆکوشتن کۆتایی هێنانە بە ژیان لەلایەن خودی کەسەکەوە، کە کۆمەڵێک فاکتەر و هۆکاری هەیە بۆ ئەنجامدانی، بەڵام کوشتن ژیان لێ سەندنەوەی کەسێكی دیکەیە بە ئەنقەست کە ڕەنگە هیچ بیری لای کوشتن نەبووبێت، ئەو توێژەرە هۆکارەکانی پشت زیادبوونی حاڵەتەکانی بەمشێوەیە باسکرد، "زۆر بوونی قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان هۆکاری سەرەکیە بۆ کوشتن و خۆکوشتن، چونکە لاوازی و خراپی باری ئابووری دەبێتە هۆی تێکچوونی باری دەروونی.
"بوونی چەکی بە مۆڵەتیش بووەتە کێشە"
ئەو توێژەرە باسی لەوەشکرد، ژمارەیەکی زۆر خەڵک چەکی بێ مۆڵەتی لە ماڵدا هەیە، ئێستا چەکی بە مۆڵەتیش بووەتە مەترسی بۆ سەرجەم تاکەکانی خێزانەکە، هەروەها هۆکاری سیاسی و بوونی توڕی کۆمەڵایەتی و میدیاکانیش ڕۆڵی بەرچاویان هەیە لە بەرزبوونەوەی حاڵەتەکە بە جۆرێک بەشێوەیەکی بەرچاو دەچنە ناو شێوازی کوشتنەکە و جۆرەکانی کوشتن لای هاوڵاتیان ئاشنا دەکەن، کە لە منداڵێکی گەنجەوە تا گەورەکان بە نابەرپرسانە وردەکارییەکانیان بۆ ڕوون دەبێتەوە.
پێویستە وڵات لە سەرجەم ڕووەکانەوە ئارام بێت
بۆ هەر کێشەیەک دەبێت چارەسەر هەبێت، کوردە باپیر، توێژەری دەروونی وەک چارەسەر ئاماژەی بەوەکرد، بۆ ئەوەی کوشتن و خۆکوشتن کەم ببێتەوە، پێویستە وڵات ئارام بێت، بواری دارایی و ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی سەقامگیر بێت بۆ هاوڵاتیان، ڕۆژانە پلەدار و دەسەڵاتداران هەڵدەکوتنە سەر ماڵان و ئەمەش ڕێگەخۆشکەرە بۆ زیادبوونی حاڵەتەکانی کوشتن، بۆیە دەبێت دەسەڵاتداران شتێک بکەن خەڵک چاویان لێبکات، نەک ڕێگەخۆشکەر بن، هەروەها سەربەخۆبوونی دادگاکان هۆکارێکی ترە، کە ئەو کەسەی خەیاڵی کوشتن دەکات، بیری لای سزاکەی بێت، کوشتن کەم دەبێتەوە.
وتیشی: هۆشیاری خێزان زۆر گرنگە چونکە کوشتن هێندە ئاسان نییە و پێویستە کۆمەڵگە و خێزان هیندە هۆشیار بێت کە ئاگای لە دەروونی تاکەکان بێت و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانیان بدەن، تا ڕێگری لە کوشتن و خۆکوشتن بگرن.