"ناتوانم بچمە ناو ژیانێکی نوێ کە متمانەم پێی نەبێت"

بە چیرۆکی ژیانی هەلامە، تێدەگەیت کە چۆن ئازار و سەختییەکانی ژیانی هاوسەرگیرییەکەی، وەک گژوگیایەک خەونەکانی دەورە داوە و ئەو جیهانەی کە خەونی پێیەوە دەبینی، وێران کردووە.

مژدە کرماشانی

 

ناوەندی هەواڵ- هەلامە، ژنێکی تەمەن ٤٠ ساڵە و نزیکەی ١٣ ساڵە لە هاوسەرەکەی جیابووەتەوە، دەڵێت: خۆزگە بتوانم بگەڕێمەوە بۆ ڕابردوو و بخوێنم و بگەم بە کارە دڵخوازەکەم کە پەرستارییە، بەڵام ئەمە تەنها ئاواتێکە کە بەدەستهێنانی بۆ من قورسە.

 

کاتێک پێی دەڵێم، درەنگ نییە و زۆر کەس دەتوانن لەم تەمەنەوە دەستپێبکەن و تۆش سەرکەوتوو دەبیت، هەلامە بە دەنگی توڕەیی خۆیەوە دەڵێت: چۆن؟ چۆن دەتوانم لەگەڵ دوو برای خاوەن پێداویستی تایبەت و دایکێکی نەخۆش بخوێنم، هەموو شتێک پارەیە، لەم وڵاتەدا ئەگەر پارەت نەبێت لە هەموو شتێک دابڕاویت.

 

"یاری منداڵانە و خەونەکانمان ون دەبێت لە بری پێی بگەین"

هەلامە باسی سەردەمی منداڵی و گەنجی خۆی دەکات، دەڵێت: هەمیشە لەگەڵ هاوڕێکانمان لە شەقام یاریمان دەکرد، من دەبووم بە پەرستار، ئەوانیش ڕۆڵی نەخۆشەکەیان دەبینی، ئەوە یاری و خەونێک بوو بۆ من، لە بری پێی بگەم، ون بوو، چونکە کاتێک تەمەنم ١١ ساڵ بوو، داواکارێک هاتە لام، پیاوێک کە دەوڵەمەند بوو خاوەن بنەماڵە بوو و هەموو خێزانێک ئاواتیان دەخواست ببێتە زاوایان، نەک لەبەر خۆی بەڵکو بەهۆی سامانەکەیەوە.

 

دەڵێت: بەبێ ئەوەی ڕاوێژم پێ بکەن، (هەرچەندە منداڵێکی یازدە ساڵان چی دەزانێت لەبارەی هاوسەرگیرییەوە کاتێک ڕاوێژیان پێدەکرد)، هاوسەرگیریان پێکردم، ئاهەنگی هاوسەرگیری و زەماوەندەکە تەواو بوو، دایک و باوکم دڵخۆش بوون کە کچەکەیان هاوسەرگیری کردووە بە پیاوێکی دەوڵەمەند، بێگومان ئەم هاوسەرگیریانەم بە کێبڕکێ بەناو کرد، زۆربەی خێزانەکان حەسوودیان دەبرد، چونکە کچەکە زوو هاوسەرگیری کرد و لەبەردەمیاندا نەمایەوە، وەڵامێکی ئەرێنی دایەوە بۆ یەکەم داواکار و شانازی پێوە دەکرد، ئەمە چارەنووسی منە لە هاوسەرگیرییەکی کێبڕکێیەوە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: مانگ و ساڵ تێپەڕی، هاوژینەکەم هەموو پارە و سەرمایەی خۆی پێدابووم، ئەوەندە دەژیاین کە تەنانەت خێزان و دراوسێکانم ئیرەییان پێدەبردم، بەڵام ئەم دڵخۆشییە بەردەوام نەبوو، باوکم مرد، خێزانی هاوژینەکەم دەستیان کرد بە گاڵتە پێکردم، من چوو بووم بۆ کرماشان و تاران و تەنانەت باشووری کوردستانیش بۆ ئەوەی منداڵێکم هەبێت، دکتۆرەکان وتیان کە منداڵتان نابێت، چەند ساڵی یەکەم هاوژینەکەم هیچ کێشەیەکی نەبوو، بەڵام دواتر بیانوو و گاڵتەجاڕیەکان دەستیان پێکرد و ئەویش وتی: مانگانە جارێک سەردانی ماڵی باوکت بکەیت، تەنها یەک دوو کاتژمێر، منیش ڕازی بووم، بەڵام زۆری نەخایاند و ڕۆژ بە ڕۆژ باری دەروونی خراپتر دەبوو، ڕۆژێک کە لە دەوام هاتەوە ماڵەوە، خواردنە دڵخوازەکەی کە ئامادەم کردبوو، کردیە بیانوو، پاشان ئەو خۆشییەی کە تێیدا نوقم بووم بە قسەی ناشرین و تۆمەتی ناڕەوا تاریک بوو، چونکە دەیوت تۆ خیانەتم لێ دەکەیت، ئایا خۆشەویستێکی کوڕت هەیە و دەیان شتی دیکە.

 

"لەپێناو هێنانی ژنێکی دیکە بوختانیان بۆ کردم"

بوختانیان بۆ کردم کە بە خیانەت چوونکە خێزانەکەی دایاننابوو کچێکی تری بۆ بهێنن، منیش جیاببمەوە بێ ئەوەی ماف و مارەییەکەم وەربگرم، لە کۆتاییدا ڕوویدا، چەند جارێک بە ژمارەیەکی تری تەلەفون سەرقاڵیان دەکردم و منیش بێ ئەوەی ئاگادار بم کە ئەوەی تەلەفون دەکات هاوژینەکەمە، کاتێک پێم گوت چی ڕوویداوە، بە زەردەخەنەیەکی گاڵتەجاڕانە وتی: "دەتەوێت چی بسەلمێنیت بەم قسانە؟! کە لەگەڵ کەس نیت؟ زۆر دڵتەنگ بووم و دەستم کرد بە گریان، ویستم بگەڕێمەوە ماڵی باوکم، بەڵام پەشیمان بوومەوە و گوتم ئەمەیش تێدەپەڕێت.

 

"من چیتر ئەو منداڵە ١١ ساڵە نەبووم کە بەهۆی سامانەوە بوومە قوربانی ژیان"

هەلامە لە درێژەی گێڕانەوەکەیدا دەڵێت: هەرچەندە چەند جارێک ژمارەی تەلەفۆنەکەم گۆڕی، بەڵام هەراسانکردن و هەڵسوکەوتی ناشیرین بە تەلەفۆن بەردەوام بوو. سەبرم تەواو بوو لەگەڵ ئەو بوختان و نادادپەروەرییەی ڕووبەڕووم دەبووەوە، سوێندم خوارد ئەگەر بگەڕێمەوە ماڵی باوکم هەرگیز ناگەڕێمەوە بۆ ئەم ژیانە، کامەران کە گرنگی پێنەدەدا، زۆر بە ئاسانی وتی: باشە، مەگەڕێوە.

 

دوای ١٥ ساڵ پێکەوە ژیان، بڕیاری خۆمم دا، جلەکانم کۆکردەوە و ڕۆیشتم، دوای چەند ڕۆژێک هەموو خێڵ و گەڕەکەکە درکیان بەوە کرد کە کێشەم لەگەڵ هاوژینەکەم هەیە، دوای ئەوەی کەس لە کامەران و خێزانەکەی لێیان نەپرسیم، پارێزەرێکم گرت و لە بەدواداچوونەکاندا دەرکەوت ئەو ژمارانە هی کامەرانن، دوای چەندین دانیشتنی دادگا و ڕاوێژکاری، کە کامەران لەگەڵیدا سزا درا، لە دادگادا وتی منی دەوێت و هیچ نیازێکی نییە تەڵاقم بدات، هەموو ئەمەش لەبەر بێ بەشکردنی من بوو لە مارەیی و مافەکانم، ئەم ڕێکارە چەند مانگێک بەردەوام بوو، ڕۆژێک بیستم کامەران هاوسەرگیری لەگەڵ کچێکی تر دەکات، بۆیە بڕیارم دا واز لە هەموو مافەکانم بهێنم و جیا ببمەوە، بەکورتی دوای ماوەیەک گەڕامەوە بۆ لای دایکم و براکانم بەبێ ئەوەی تەنانەت هەزار تمەنیش لە مافی پێکەوە ژیانم بۆ چەندین ساڵ وەربگرم.

 

"لەسەر ژیانی دایکم مامەوە"

هەلامە قسەکانی بەم شێوەیە کۆتایی پێهێنا؛ دایکێک کە بۆ بژێوی ژیانی کۆلبەری دەکرد، منیش بە گەڕانەوەم بووم بە بارگرانی، بەڵام نەمدەتوانی لە ماڵەوە دابنیشم و سەیر بکەم، هەفتەی جارێک لەگەڵ دایکم و چەند ژنێکی تر، دەچینە لای بیارە و تەوێڵە، لەوێشەوە شتگەلێکی وەک خزمەتگوزاری نانخواردنمان دەست دەکەوێت، چا و سابوون دەکڕین، دواتر دەیفرۆشینەوە، ژیان سەختە بەڵام چی بکرێت، ڕقم لە هەموو پیاوەکانە، کاتێک داواکارێکم دەبێت، بەبێ بیرکردنەوە ڕەتی دەکەمەوە، ناتوانم ژیانێکی تر دەست پێ بکەم کە متمانەم پێی نەبێت.