"شیرین عەلەمهولی، یەکەم ژنە کە لەسەر دیواری زیندانی ئەڤین ژن، ژیان، ئازادیی نووسی"

چالاکانی مەدەنیی شاری مهاباد لە ١٣هەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی شیرین عەلەمهولی و هاوڕێکانیدا وێڕای ڕێزگرتن لە یادی ئەوان، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ڕێبازەکەیان بەردەوام دەبێت و دەڵێن: شیرین عەلەمهولی و زەینەب جەلالیان، بەهێزترین پاڵنەری تێکۆشانەکانمانن.

لارا گەوهەری

 

مهاباد- ڕۆژی ٩ی ئایاری ٢٠١٠ پێنج زیندانی کە چواریان کوردبوون، لە زیندانی ئەڤین بە وتنەوەی گۆرانییەکی بەرخۆدێری، لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە، بە نهێنی و بەبێ ئاگاداری پارێزەر و بنەماڵەکانیان لە زیندانی ئەڤینی تاران لە سێدارە دران، ئەمڕۆش ١٣ەمین ساڵیادی لەسێدارەدانیانە، کە ئەوانیش شۆڕشگێران شیرین عەلەمهولی، فەرزاد کەمانگەر، فەرهاد وەکیلی، عەلی حەیدەریان و مەهدی ئیسلامیانن.

 

دوای لە سێدارەدانی ئەو پێنج کەسە، بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە مێژووییەکان، ناڕەزایەتی نەک تەنیا لە کوردستان بەڵکو لە ناوچەکانی دیکەی جیهان دروست بوو و ئەوەی خەڵکی تووڕە کرد، ڕەتکردنەوەی کۆماری ئیسلامی بوو لە ڕادەستکردنی تەرمەکان بە بنەماڵەکان، تەنانەت بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵەی لەسێدارەدراوەکانیش دەستگیرکران، بەرپرسانی ئەمنی ڕایانگەیاند کە لەبەر ئەوەی لەسێدارەدراوەکان تێکدەرن، لە شوێنێکی دوور لە گۆڕستانی موسڵمانان دەنێژرێن و لە وەڵامی داواکاری بنەماڵەکاندا، ڕایانگەیاند، "لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و لەباربوونی دۆخەکە، لە شوێنی ناشتنەکە ئاگاداریان دەکەنەوە".

 

سەرەڕای هەموو ئەوانە، کاریگەری ئەو شۆڕشگێڕانە لە دۆخی سیاسی و مەدەنیی کوردستان و هەموو ئێران و بەرخۆدانی گەلدا دەردەکەوێت، کە لە نامە و قسەکانیاندا دەریدەبڕن.

 

باران.ئا، یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی شاری مهاباد، سەبارەت بە زیندانی سێدارە و دۆخی مهاباد دوای لەسێدارەدانیان دەڵێت: کاتێک لەسێدارە دران، من منداڵ بووم، لەبیرمە هەموو شارەکە بە سەربازگە کرابوو، خەڵک لە چەند شوێنێک کۆدەبوونەوە و ناڕەزایەتیان دەربڕی و هەموو دوکانەکان داخران، ڕۆژێک یان دوو ڕۆژ پێش ناڕەزایەتییەکان کە نزیکە هەمان ڕۆژی لەسێدارەدانیان بوو، بانگەوازی چالاکانی مەدەنی و سیاسی و ئەندامانی بنەماڵە سیاسییەکانی کوردستان کرا بۆ وەرگرتنی زانیاری، داوایان لێکرا بەڵێن بدەن و هەڕەشەیان لێدەکرا، ناوی فەرزاد کەمانگەر و شیرین عەلەمهولی هێندە لە مێشکمدا چەسپاوە، وای لێکردم بزانم ئەو پێنج کەسە کێن و بۆچی لە سێدارە دراون و بە خوێندنەوەی نامە و چیرۆکی ئەو پێنج کەسە، باشتر لە خۆم و کوردبوونم تێبگەم، ئەمڕۆ شیرین عەلەمهولی و زەینەب جەلالیان بەهێزترین پاڵنەری تێکۆشانەکانمن و دڵنیام شیرین عەلەمهولی یەکەم ژنە، کە لەسەر دیواری زیندانی ئەڤین ژن، ژیان، ئازادیی نووسی، لە مێژووی ئازادیشدا بە نەمری دەمێنێتەوە.

 

"مەرگ هەمیشە کۆتایی نییە و هەندێک جار دەتوانێت سەرەتایەک بێت بۆ بەردەوامبوون لە بەرخۆدان"

شیوا مەعروفی، ناوی خوازراوی یەکێکە لە نووسەرانی سەردەشت، سەبارەت بە کاریگەریی ئەو شۆڕشگێڕانە و زیندانیانی سیاسی و سزادراوی دیکە لەسەر خەباتەکانی خۆی دەڵێت: مردن هەمیشە کۆتایی نییە و هەندێکجار دەتوانێت سەرەتایەک بێت بۆ بەردەوامبوونی تێکۆشان و بەرخۆدان، ئەمەش لەلایەن هەموو قوربانیانی دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکان و سیستمە پیاوسالارەکانەوە بۆمان دەرکەوتووە، هەر زیندانییەکی سیاسی کە لە سێدارە بدرێت و هەر ژنێک کە بە دەستی پیاوسالارێکەوە بمرێت، دەبێتە ڕەمزی بەرخۆدان بۆ هەموو ئازادیخوازان، کە ڕەنگە لە هەر ساتێکی خەباتدا هێزێکی تر بەم ڕێگایە بدەن و ئەم پێنج کەسە، نموونەی ڕوون و ئاشکرای خۆیانن، ئەمڕۆش ئەگەر گۆڕەکانیان لە هەموو مرۆڤەکان شاراوە بێت، ڕێگاکەیان ڕوونە، پێویستە ڕژێمی ئیسلامی ئێران بزانێت کە باڵندەی قەقنەش لە خۆڵەمێشی خۆیانەوە هەڵدەستنەوە و هەموو ئەوانەی لە ڕاپەڕینەکانی ئەم دواییەدا کوژراون، زیندانیانی سزای لە سێدارەدراو و هەموو ژن و پیاوی قوربانیانی پیاوسالاری و دەسەڵاتی دیکتاتۆری نەک هەر لەبیرناکرێن، بەڵکو ئومێدمان پێدەبەخشن بۆ بەردەوامیی خەباتەکانمان.

 

ئێستا دوای تێپەڕبوونی ١٣ ساڵ بەسەر لەسێدارەدانیان، تەرمی شیرین عەلەمهولی، فەرزاد کەمانگەر، فەرهاد وەکیلی، عەلی حەیدەریان و مەهدی ئیسلامیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراون، یان شوێنی ناشتنیان بۆ کەسوکارەکانیان ناڕوونە.