"پاڵپشتی نەکردنی بەشێک لە خێزانەکان بۆشایی لای ژنان دروستکردووە"

ڕێگرییەکانی بەردەم ژنان بۆ کارکردن لەلایەن خێزانەوە، وایکردووە بۆشایی لە ژیانی ژناندا دروستببێت و دواجار ئەو بۆشاییە بە شتی خراپ پڕ بکەنەوە، چنار مەحمودیش دەڵێت: نادروستی پەروەردەی خێزانەکان ئەو بۆشاییەی دروست کردووە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- ژنان ئەو بەشەی کۆمەڵگەن کە زۆر جار لەلایەن خێزانەکان و کۆمەڵگەوە ڕێگرییان لێ دەکرێت بۆ کارکردن و چوونە دەرەوە، پیاوانیش هەردوو هەلەکەیان قۆستووەتەوە و ئەو ژنانەی لە دەرەوە و لە دامودەزگاکاندا کار دەکەن بێزاریان دەکەن و وەکو هاوکارێک سەریان ناکەن، وە ئەو ژنانەشی بەهۆی ڕێگرییەوە لە ماڵەوەن لە ڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە توشی چەندین هەڵە دەبنەوە و دواجار سەردەکێشێت بۆ دەستدرێژی و کێشەی کۆمەڵایەتی لێ دەکەوێتەوە، کە ئەمە زۆر جار کوشتنی ژنانی لێ دەکەوێتەوە.

 

"لە شوێنی کار کردندا ژنان لەلایەن پیاوانەوە بێزار دەکرێن"

چنار مەحمود، ئەندامی ئەنجومەنی ڕاوێژکاری لە مەکتەبی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەکرد، ژنان لە ئێستادا ئەرکی دایکایەتی و کارکردنیشیان لەسەرە و لە هەردوو بوارەکەشدا سەرکەوتوون، بەهۆی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دابوونەریت بەسەر بەشێکی کۆمەڵگەوە تا ڕادەیەک ژنان بێ بەشکراون لەوەی لە دەرەوە کار بکەن و مافەکانی خۆیان بەدەستبهێنن، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ژنان بێ توانان و ئیتر لە ماڵەوە دەستەوەستان دانیشتوون، دنیای تەکنەلۆجیا بەشێکی کۆمەڵگەی بەرەو کاڵابوون برد و ژنانیش بەدەر نەبوون لەو کاڵابوونە، ئەمانەش لە ئێستادا زیاتر بووە، چونکە ئێستا ژن لە هەموو بوارەکاندا زیاتر خۆی بینیوەتەوە، ئەمەش وای کردووە حەز بە سەرکەوتنی ژنان نەکرێت لە چاوی بەرامبەرەوە، کە هۆکارەکەی ڕۆشنبیری کۆمەڵگە و تێڕوانینە بۆ تواناکانی ژنان.

 

"تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕێگەیەکی ئاسانە بۆ پیاوان بەکاری بهێنن دژی ژنان"

چنار مەحمود ئەوەشی خستەڕوو، هەموو کەسێک بۆشاییەکی هەیە لە ژیانیدا و دەیەوێت پڕی بکاتەوە، بۆیە پیاوانیش ئەمە بە هەل دەزانن و زۆر جار لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ژنان وا لێدەکەن باوەڕیان پێ بکەن، چونکە ڕێگەیەکی ئاسانە و کەس هەستیان پی ناکات و گەشتووە بە ئەوەی دەستدرێژی بکرێتە سەر ژنانی گەنج، تا ئێستا نەریتی نێچیری لای پیاوانی کۆمەڵگەی ئێمە هەر ماوە، بۆیە زۆرجار لە شوێنی کار کردندا پیاوان وەکو هاوکار سەیری ژنان ناکەن، بەڵکو وەکو ئەوە سەیری دەکەن کە سوودی لێ وەربگرێت بۆ هەموو شتێک، دەبێت خێزانەکان ئاگایان لە تاکەکان بێت و نەهێڵن بۆشاییەکیان بۆ دروست بێت و دواجار توشی هەڵە ببن، چونکە زۆر جار ئەو هەڵانە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان.

 

چنار مەحمود وتیشی: ژنان هەمیشە قوربانی یەکەمن، چونکە هەمیشە پیاوان قسەکەر بوون و ژنان نەیان توانیووە بە پێی پێویست داوای مافی خۆیان بکەن و هەمیشە بە عەیبیان زانیوە شتێک بڵێن لەسەر خێزانەکەی بکەوێت، کۆمەڵگە ژن بە شەرەف سەیر دەکات، بۆیە دەبێت نرخی ئەو شەرەفە بزانێت، دەبێت هەموو سەرنجەکانی بڕۆنەوە سەر پەروەردە و لەیەک تێگەشتنی تاکەکان لە ناو یەکدا، سەرەتا خێزانەکان لە خۆیانەوە دەست پێبکەن، چونکە کاتێک باوک وبراکەی من بە جوانی لە من دەڕوانێت، لە کۆمەڵگەشدا سەربەست دەبم.

 

"تەکنەلۆجیا ژنانی بەرەو کاڵابوون بردووە"

چنار مەحمود ڕوونی کردەوە، کۆمەڵگە ناتوانێت بڕیار لەسەر ئەوە بدات ژنان لاوازن، بۆیە ڕووبەڕووی توندوتیژی و دەسترێژی دەبنەوە، بەڵکو ژنان هێز و ئیردایەکی باشیان هەیە، مرۆڤ بوون بۆ هەردوو ڕەگەزە، ئەوە کۆمەڵگە و خێزانەکانە فەزلی پیاوان زیاتر دەکەن بەسەر ژناندا، زۆر جار ژنان لە ڕێگەی قسەوە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، لە کاتێکدا توندوتیژی دەروونی لە جەستەیی بە ئازارترە، تەکنەلۆجیا وا دەکات ڕێز لە هەست و بەها مرۆڤایەتییەکان نەگیرێت، ئەمە مرۆڤ خۆیەتی ناتوانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو بارودۆخەدا بکات، بە تایبەتی دایک و باوک لە کاتی پەروەردەکردنی منداڵەکانیان دەبێت ئاگادار بن کە چی منداڵێک دەخە ناو کۆمەڵگەوەو چی بەرهەمدەهێننەوە.

 

"خێزانەکان لە کاتی هەبوونی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی پشتی ژنان ناگرن"

چنار مەحـود جەختی کردەوە، زۆر جار حاڵەت و کێشەی ژنان دێتە لامان کە گەشتووە بەوەی تووشی نەخۆشی دەروونی ببێت بەهۆی ئەوەی لەگەڵ پیاوێک پەیوەندی دروستکردووە و دواجار گەشتووە بەوەی پیاوەکە دەسترێژی کردوەتە سەری و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەشی لێکردووە، ئێمە تا ئاستێکی باش توانیەومانە لە ڕێگەی توێژەری کۆمەڵایەتی و پارێزەرەوە کێشەکان لە ڕووی یاسایی و کۆمەڵایەتییەوە چارەسەر بکەین، سەرەتاش لە ڕووە کۆمەڵایەتییەکەوە چارەسەری دەکەین بۆ ئەوەی ژنان نەوکەونە بەر هەڕەشەی کوشتن، هەڕەشەی وێنە بڵاوکردنەوەی ژنان لەلایەن پیاوانەوە لە ئێستادا زۆر بووە، بەڵام هەر کەیسێکی لەو شێوەیە بێتە لای ئێمە چارەسەری دەکەین، بەشێک لە ژنانی گەنج کاتێک تووشی کێشەیەکی وا دەبن لەلایەن خێزانەکانیانەوە پشتگیری ناکریت تا کێشەکە چارەسەر بکەن، بۆیە ژنان پەنا دەبەنە بەر ڕێکخراوەکان بۆ ئەوەی ماڵەوەیان بە کێشەکە نەزانن.

 

لە کۆتایدا وتی: ئەگەر خێزان شیرازەیەکی باشی هەبێت و پشتی ژنان بگرێت و ژینگەیەکی وای بۆ دابین بکات کە بەدوای پڕکردنەوەی بۆشایی ژیانیدا نەگەڕێت، ژنانیش تووشی ئەو کێشانە نابنەوە، دەبێت ژنان خۆیان زۆر هۆشیار بن و هەست بە بوونی خۆیان بکەن وەکو ژن، کارێکی وا بکەن ببن بە نمونەی ئیرادە و بەهێزی بۆ چواردەوری، ژنان دەبێت خۆیان پەروەردە بکەن و کاتەکانی خۆیان بە شتی لاوەکییەوە نەبەنەسەر، چونکە ژن سەرکردەیە و دەتوانێت دایک بێت و خێزان و کۆمەڵگەش بەڕێوە ببات.