ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: هیچمان نەماوە لەدەستی بدەین

ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێداگرییان لەسەر پێویستی درێژەدان بە خەبات و پابەندنەبوون بە یاساکانی ڕژێمی ئێران کە مافە سەرەتاییەکانیان لێ دەسەنێتەوە، کردەوە.

هیما ڕاد

 

سنە- لە درێژەی زوڵم و هەڕەشەکانی ڕژێمی ئێران لە ڕێگەی کورتە نامەوە بۆ ناچارکردنی ژنان بە لەبەرکردنی حیجابی زۆرەملێ، کچانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامن لە ڕاپەڕین دژی یاسا و ستەمکاری پیاوسالاری.

 

"ئێمە لەو کاتەوەی ڕەگەزی خۆمان ناسی شەڕی پیاوسالاریمان دەستپێکرد"

ژنان و کچانی ئێران لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لەسەر دەستی بەناو "پۆلیسی ئەخلاق" بە پابەندنەبوونیان بە یاساکانیانەوە سەرپێچی بنەماکانی دەسەڵات دەکەن، یەکێک لە ژنانی چالاکوان بە ناوی (ب.ن.) کە خەڵکی شاری سنەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان،  سەبارەت بە خەباتی خۆی لە دژی عەقڵیەتی پیاوسالاری و ڕژێمە دەسەڵاتدارەکان دەڵێت: دوای ئەوەی حکومەت فشارەکانی بۆ سەر ژنان و کچانی وڵات زیاد کرد، هەست دەکەم زیاتر تامەزرۆی تێکۆشان بووم بۆ ئەوەی ترسەکەم کەم ببێتەوە و لە هەموو شوێنە گشتیەکان بەبێ حیجاب دەرکەوم.

 

دەشڵێت: هەرچەندە کورتە نامە دەنێردرێت و هەڕەشە لەو ژنانە دەکرێت کە حیجابیان نییە، بەڵام من بەبێ حیجاب ئۆتۆمبێل لێدەخوڕم، هەروەها دروشم لەسەر ئۆتۆمبێلی ژنان دادەنێم بۆ ئەوەی ئەوانیش هۆشیار ببنەوە و  نەترسن لە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بێ حیجاب، چونکە مافی خۆیانە هەرچییەکیان بوێت لەبەری بکەن.

 

(ب.ن) پێیوایە ئەو ڕاپەڕینە بە ڕێبەرایەتی ژنان لە ئێران، ڕاپەڕینێکە بۆ هەموو ژنان لە جیهاندا بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەو پێیەی هەرێمێکە کە ژنان ڕووبەڕووی چەوساندنەوەی زیاتر دەبنەوە بەراورد بە شوێنەکانی دیکە.

 

کۆمەڵگا کاتێک ئازادە کە ژنەکانی ئازاد بن

سەبارەت بە جیاوازیی شێوازی خەباتی دایکان لەگەڵ شێوازی خەباتی کچان، ب.ن. دەڵێت: هەر نەوەیەکی ژن خەباتی تایبەتی خۆی هەبوو، دایکانمان بەرەنگاری سەختییەکان بوون و بارگرانییەکانی ژیانیان هەڵگرت، خۆڕاگری بەشێک بوو لە کەسایەتی ئەوان، ئەوانیش پەروەردەی کچانیان کرد کە دژی سیستەمی پیاوسالاری بوەستنەوە، بۆ ئەوەی کچەکانیان سەربەخۆتر بن و بتوانن شۆڕش لە نەوەی ئێستا و داهاتوودا بکەن، بەبێ دایکانی خۆڕاگر، نەوەیەکی هۆشیار نەدەبوو.

 

جەختیشی لەسەر پێویستی درێژەدان بە خەباتی دایکان کردەوە، کە لە ئەستۆی کچانی وڵاتدایە و پەیڕەوکردنی ئایدۆلۆژیای ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان کە دەڵێت: "کۆمەڵگە ئازادە کاتێک ژنەکانی ئازادن".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "گرنگە لە کۆمەڵگەیەکی دوور لە جیاکاریدا بژین، ئێستا کە خەونی شۆڕشی ژنان هاتووەتەدی، نابێت ڕێگە بدەین ئەم شۆڕشە بەلاڕێدا بڕوات، بەو پێیەی کاریگەریی ئەرێنی تەنها لەسەر ژنان نەبووە، بەڵکو کاریگەرییەکی بۆ ئەقڵیەت و بیرکردنەوەی پیاوانیش بووە".