'لەژێر فشاری ڕژێمی بەعس ئاگری نەورۆزمان دەکردەوە"

شەمسیخان گوڵۆ کە لە ساڵانی پێش شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەرەڕای هێرش و گوشارەکانی ڕژێمی بەعس هەمیشە جەژنی نەورۆزی دەگێڕا، وتی: ئاگری نەورۆز بە کاوەی ئاسنگەر دەستیپێکرد بە ڕووناهی و ڕەهشان و بێریڤان گەشاوەتر بوو.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

قامیشلۆ- نەورۆز کە لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک جەژن پێشوازی لێدەکرێت، بۆ گەلی کورد ڕۆژی تێکۆشان و سەرهەڵدانە، گەلی کورد لە چوار پارچەی کوردستان بە سەرهەڵدان لە دژی هێرش و گوشارەکانی ئەو وڵاتانەی خاکەکەیان داگیرکردووە، ڕۆژی نەورۆزیان کردووە بە ڕۆژی تێکۆشان لە دژی داگیرکەری.

 

لە پرۆسەکانی پێش شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە ئەنجامی فشارەکانی ڕژێمی بەعس لە سوریا، سەدان گەنج کە ئاهەنگی نەورۆزیان دەگێڕا، بە دیل گیران و ڕاگیران و کوشتن و بێسەروشوێن کران لە زیندانەکاندا. سلێمان محەمەد ئەمین ئادی یەکەم کەسە لە ساڵی ١٩٨٦ لە سوریا گیانی بەختکرد، لە سوریا بە گشتی فشار لە دژی گەلی کورد هەبوو، جگە لە قەدەغەکردنی زمان و کولتوور و بوون، نەیاندەویست جەژنی نەورۆز بگێڕن، بەڵام خەڵک بە پێشەنگایەتی ژنان ئەمەیان ڕەتکردەوە و سەرەڕای هەموو ناخۆشیەکان نەورۆزیان وەک جەژنێکی نەتەوەیی بەرز ڕادەگرت.

 

ڕۆژی تێکۆشان و سەرهەڵدان

شەمسیخان گوڵۆ، یەکێکە لەو دایکانەی کە سەرەڕای گوشارەکانی ڕێژیم و دەستبەسەرکردنی منداڵ و کەسوکاری نەورۆزی پیرۆز کرد، ئەو باسی نەورۆزی ساڵی ١٩٨٤ دەکات و دەڵێت: لەبیرمە ئەو ساڵە خێزانی نەورۆزمان دەگێڕا، لەو کاتەدا منداڵ بووین، دایکم و باوکم دەیانگوت ئەمڕۆ ڕۆژی کوردە و ڕۆژی کاوەیە، ڕادیۆیەکی کۆنمان هەبوو دەمانبرد بۆ ناو زەوییەکانی نزیکی سنوری باکووری کوردستان، ژن و گەنجانی گەڕەکەکە هاتنە ئەو شوێنەی کە بە دەنگی گۆرانی شۆڕشگێڕانە ئاگرمان لێ داگیرساند، ئێمەش بە جۆش و خرۆشێکی گەورە تا کاتژمێرەکانی بەیانی ئاهەنگی نەورۆز دەگێڕا و گۆرانی دەوترا، هێندەی سەختییەکانی ئەو ڕۆژانە نەورۆز بە گوڕ دەبوو، بەهۆی نەبوونی ئۆتۆمبێلی گشتی لەو کاتەدا بە بارهەڵگر و تراکتۆر دەچووین، سەرەڕای باران باران بەڵام هێشتا بە جۆش و خرۆشەوە ئەو ڕۆژانە یادی نەورۆزمان دەکردەوە.

 

بەرزکردنەوەی وێنەی مەزڵوم دۆغان

شەمسیخان گوڵۆ ڕایگەیاند کە لەو ساڵانەدا وێنەی پێشەنگەکانی بەرخۆدانی زیندانی ئامەدیان بەرز کردووە و وتی: ئەو دیمەنەم هەمیشە لەبیرە بەڵام نازانم ساڵی چەند بوو، وێنەکانی مەزڵوم دۆغانمان بەرز کردەوە، چونکە کاوەی سەردەم بوو، کە لە ٢١ی ئازاری ١٩٨٢ لە زیندانی سەربازی ئامەد بە ٣ شقارتە نەورۆزی گێڕا و ئاگری لە خۆی بەردا، نەک هەر ئەوە، وێنەی گیانفیدایانی ڕۆژووی مەرگ، محەمەد خەیری دورموش، کەمال پیر، عەلی چیچەک و ئاکیف یڵماز بەرز دەکرانەوە و هەموو کچ و کوڕەکانمان کۆدەکردەوە و فێری هەڵپەڕکێمان دەکرد.

 

سەرەڕای قەدەغەکردنەکان خەڵک لە ناوچەکانی نەورۆز بوون

شەمسیخان گوڵۆ سەرنجی بۆ سیاسەتەکانی ڕژیم لە دژی ڕۆژانی مێژوویی گەلی کورد ڕاکێشا و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بە هەموو شێوەیەک هێرش کرایە سەر گەلی کورد، ١٤ی شوباتیان کردە ڕۆژی خۆشەویستان، بەڵام لەو دوو ڕۆژەدا، سیاسەتی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدرا و ئەویش لە ١٥ی شوباتدا بە دیل گیرا، لەو ڕۆژەدا گەلی کورد لە هەموو جیهان ڕەنگی ڕەشیان لەبەردا بوو، دەیان کەس ئاگریان لە خۆیان بەردا و گیانی خۆیان فیداکرد، ئەمە بێ ئەخلاقییە، زۆر گەورە و شەرمەزارکەر بوو بۆ دەوڵەت کە ئەو ڕۆژە بکاتە ڕۆژی خۆشەویستی، ئینکاری ناکرێ و شاراوە نییە، دەوڵەتی سوریا ٢١ی ئازاری وەک ڕۆژی دایک ڕاگەیاند، تەنها بۆ ئەوەی کورد ئاهەنگی نەورۆز نەگێڕن، کە دەکەوێتە هەمان ڕۆژەوە، بەڵام وەک ئەوەی دەوڵەت ویستویەتی ڕووی نەدا و کورد ساڵ لە دوای ساڵ ئاگری نەورۆزی گەشاوەتر کرد.

 

لە شەوی نەورۆزدا کۆمەڵکوژی ئەنجامدرا

شەمسیخان گوڵۆ ئاشکرای دەکات کە هیچ نەورۆزێک بێ خوێن ڕشتن نەبووە و وتی: شەوی نەورۆزی ساڵی ٢٠٠٨ ڕژێمی بەعس کۆمەڵکوژییەکی لە قامیشلۆ ئەنجامدا و بەهۆیەوە ٣ گەنجمان گیانیان لەدەستدا و نزیکەی ٤ کەسیش بریندار بوون، تەقەیان لەو گەنجانە کرد کە خەریکی ئامادەکاری بوون بۆ ئاهەنگی نەورۆز، سەرهەڵدان دروستبوو و ٣ گەنج گیانیان لەدەستدا، بەڵام ئێمە بەزۆر هەر نەورۆزمان پیرۆزکرد، دەوڵەت بەشێوەیەکی ڕەگەزپەرستانە و نەتەوەپەرستانە دژی گەلی کورد مامەڵەی کرد، ئەوان یەکسانی و دادپەروەرییان قبوڵ نەکرد، ڕق و دەسەڵاتیان بەسەر کورددا دەسەپاند.

 

"نەورۆز هەستێکی نەتەوەییە"

شەمسیخان گوڵۆ باسی لەوەشکرد، نەورۆز ڕۆژێکی نوێیە بۆ گەلی کورد و گەلانی جیهان، وتیشی: کاوەی ئاسنگەر ڕۆژێکی نوێی بۆ کورد و هەموو جیهان خوڵقاند، هەر کەسێک باوەڕی بەم ڕۆژە هەبوو، ڕزگاری بوو، سەرەڕای ئەو بارگرانییەی تا ئەمڕۆ بەردەوامە، بەڵام بە داگیرساندنی ئاگری نەورۆز، بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەش نوێ دەکەینەوە، سنووری زوڵم و زنجیرەکانی کۆیلایەتی لەسەر خۆمان و هەموو مرۆڤایەتی لەم ڕۆژەدا دەشکێنین، وتەیەک هەیە دەڵێت "ئەو شتەی قەدەغەیە داوای دەکرێت"، ئێمەش لە خراپترین بارودۆخەکانیشدا بەردەوام بووین لە داوای مافەکانمان، وەک چۆن ژیانێکی نوێمان لە مردنەوە دروستکردووە، نەورۆزیش هەستی نەتەوەییە و زیندوو ڕایدەگرین.

 

"ئاگری نەورۆزی ٢٠٢٣ بەهێزتر دەکەین"

شەمسیخان گوڵۆ بەم پەیامە کۆتایی بە قسەکانی هێنا، "بە ئاگری لاشەی ڕووناهی، بێریڤان، زەکییە و مەزڵومەکان، ئارین و بارینەکان، بە ئاگری ناو دڵی زیندانییەکانمان لە زیندانەکاندا، دەبێت ئەمساڵ ئاگری نەورۆز گەشتر بکەین، نەورۆز بەرخۆدان و تێکۆشانە، پێویستە بە ڕۆحی ئازادی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ئاگری نەورۆز داگیرسێنین.