لە ساڵانی ڕابردوو بەهۆی بوونی ڕێگرییەکانەوە بە شاراوەیی ٨ی ئادار یاد دەکرایەوە

باشووری کوردستان هەمیشە ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دابونەریت بەسەریدا زاڵبووە، ئەمەش وایکردووە ٨ی ئادار لە ساڵانی ڕابردوودا بە شاراوەیی یاد بکرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین ڕێگری هەبوون.

شنیار بایز

 

سلێمانی- وەک چۆن دروستبوونی ٨ی ئادار مێژوویەکی هەیە و هەموو ساڵێک لەو ڕۆژەدا لە سەرتاسەری جیهاندا یادی دەکرێتەوە و لە مێژووشەوە بەو جۆرە هاتووە، تیایدا ژنان لەو ڕۆژەدا چالاکی ئەنجام دەدەن و دروشمەکانیان بەرز دەکەنەوە، لە باشووری کوردستانیش کاتێک هەوڵی ناساندنی ئەو ڕۆژە لەلایەن ژنانەوە دەکرایەوە و دەیانویست ژنان هۆشیارببنەوە دەربارەی ڕۆژە تایبەتەکابی خۆیان، کولتوور و ئەقڵیەتی پیاوسالاری ببووە ڕێگر لە بەردەمیاندا و ئەمەش وایکردبوو چالاکییەکان بە هێمنی بکرێن.

 

باشووری کوردستان یەکێکە لەو ناوچانەی لە ئازادی ژنان و هۆشیاربوونەوەی ژنان دەترسێت، ئەقڵیەتی پیاوسالاری هۆشیاری ژنان بە مەترسی دەزانێت، بۆیە تا ئێستاش ڕێگری هەیە لەبەردەم ژنان بۆ ئەوەی بتوانن ئازادانە داوای مافەکانیان بکەن، یاخود یادی ٨ی ئادار بە چەندین چالاکی جیاواز بکەنەوە، بەڵکو چالاکییەکانی ٨ی ئاداریان لە چەند چالاکییەکی دیاریکراودا بەرتەسک کردووەتەوە، بەڵام ئەمە نەبووەتە ڕێگر و ژنان توانیویانە دەنگی خۆیان بگەیەنن.

 

"باشووری کوردستان وەک تەواوی جیهان یادی ٨ی ئاداری کردووەتەوە"

بەیان محەمەد، ئەندامی یەکێتی ژنان، دەربارەی مێژووی ٨ی ئادار و دەستپێکی لە باشووری کوردستان ڕوونیکردەوە، لە مێژوەوە تا ئێستا کە ڕۆژی ٨ی ئادار وەک ڕۆژی ژنان ناسراوە، وەک چۆن لە سەرتاسەری جیهاندا یادی کراوەتەوە و بەرز نرخێنراوە، لە باشووری کوردستانیش بە هەمان شێوە یادی کراوەتەوە و بەرز نرخێندراوە، بەتایبەت ڕێکخراوەکانی ژنان هەستاون بە ئەنجامدانی چالاکییەکان و یادکردنەوەی.

 

"ساڵانی ڕابردوو، بەهۆی ڕێگرییەکانەوە یادی ٨ی ئادار بە هێمنی ئەنجام دەدرا"

بەیان محەمەد باسی لەوەکرد، لە کۆندا و لە باشووری کوردستاندا ٨ی ئادار لە سەرەتاکانیدا وەک ئێستا سەدایەکی نەبوو، کۆمەڵگە و لە ناویدا بەشێکی ژنان ئاگادار نەبوون لەوەی ئەو ڕۆژە ڕۆژێکی تایبەتە بە ژنان، نەیاندەزانی لە بنەڕەتدا بۆچی دانراوە، ئەم داخراویەی کۆمەڵگە و هۆشیار نەبوونی هاوڵاتیان دەربارەی ٨ی ئادار وایکردبوو یادکردنەوەی ئەستەم بێت بە بەراورد بە ئێستا. هەر بۆیە لەو ساڵانەدا چالاکییەکان بە هێمنی دەکران، تەنها لەو شوێنانەدا چالاکی ئەنجام دەدرا کە تایبەت بوو بە ڕێکخراوەکانی ژنان و ئەو ژنانەی داکۆکی لە مافی ژن دەکەن، ئەگەرنا کۆمەڵگە ڕێگەی نەدەدا و پێی ئاسایی نەبوو بە ئاشکرا یادی ئەو ڕۆژە بکرێتەوە، وتی "نا هۆشیاری کۆمەڵگە وایکردبوو چالاکییەکان کەمبن".

 

"چالاکییەکانی ژنان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و وەک سەرەتاکان نەماوە"

بەیان محەمەد ڕوونیکردەوە ساڵانی ڕابردوو کاتێک وەک ژنانی ڕێکخراوەکان بانگەشەی یادکردنەوە و هۆشیاری ٨ی ئاداریان دەکرد، هاوڵاتیان گوێیان بە بانگەشەکەیان نەدەدا و بەشداری چالاکییەکانیان نەدەکرد، لە ئێستادا بە پێچەوانەوەیە، هۆشیارییەکان گەیشتوون بە تەواوی ژنان و هەموو ژنێک لە گرنگی ئەو ڕۆژە تێگەیشتووە.

 

بەیان باسی لەوەشکرد، بەهۆی پێشکەوتنی کۆمەڵگە و زیاتر هۆشیاری دەربارەی پرسەکانی ژنان لە ئێستادا چالاکییەکان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و ساڵ بە ساڵ زیاتر گرنگی بە ٨ی ئادار دەدرێت، ژنان لە ناو ڕێکخراوەکانیشدا هەوڵیانداوە گرنگی ئەو ڕۆژە بخەنەڕوو، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین چالاکی جۆراوجۆریان کردووە.

 

ڕێگرییەکانی باشووری کوردستان نەبووەتە هۆکاری بڵاونەبوونەوەی هۆشیاری

دەربارەی یادکردنەوەی ٨ی ئادار و ڕێگرییەکان لە باشووری کوردستان، بەیان محەمەد ئاماژەی بەوەدا، ڕێگری زۆربوون لەبەردەم هۆشیارکردنەوەی ژنان و بەرز نرخاندنی ئەو ڕۆژە، یەکێک لەوانە کولتوور بوو، نەبوونی کەسانی شارەزا بۆ ڕوونکردنەوەی گرنگی ئەو ڕۆژە، بە گرنگی زانی هەموو ڕۆژێک ژنان تیایدا هۆشیار بن و بنەماکانی ٨ی ئادار بەکاربهێنن و لە ژیانیاندا بیکەنە پێوەرێک بۆ سەرکەوتنەکانیان، بەڵام کاتێک تەنها لەو ڕۆژەدا یادی دەکرێتەوە ئامانج لێی کاڵنەبوونەوەی یادەکەیە ئەگەر نا هەموو رۆژێک بە ڕۆژی ژنان دەزانێت.

 

لە کۆتایدا بەیان محەمەد وتی: ژنانی باشووری کوردستان بەهۆی ٨ی ئادارەوە توانیویانە تا ئاستێک هۆشیاری بڵاوبکەنەوە و بەهۆیەوە درێژە بە تێکۆشانەکانیان بدەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەی ماوەی چەندین ساڵە کار و خەبات دەکەن، تا ئێستا نەگەشتوونەتە ئەو ئامانجەی لە پێناویدا تێکۆشانیان دەکرد، پێویستیشە چالاکییەکانی ژنان تەنها لە یەک چوارچێوەدا نەمێنێتەوە و گۆڕانکاری بەسەردابێت.