"لە گوندەکانەوە هۆشیاریمان بڵاودەکردەوە و دەبووینە جێی توانج"

٨ی ئادار لە مێژووی باشووری کوردستاندا ڕۆژی هۆشیارکردنەوەی ژنان بووە لە کۆتوبەند و ڕزگارکردنی ژنی کورد بووە لەدەست ئەقڵیەتی پیاوسالاری، ئەمەش بووەتە هۆکار کە ژنانی شۆڕشگێڕ ڕووبەڕووی مەترسی ببنەوە، سەرەڕای ئەو هەموو تێکۆشانە هێشتا ژنان دەچەوسێندرێنەوە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- لە مێژووەوە ژنانی جیهان و لە نێویاندا ژنانی کورد تێکۆشان دەکەن بۆ مافی ژن و ئازادییەکانیان، لە میانەی تێکۆشانەکانیان ٨ی ئاداریان بە زیندووی ڕاگرتووە، هەمیشە هەوڵیانداوە بە بەرز و پیرۆزی بیهێڵنەوە، تێکۆشانیان کردووە بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان و ئاگاداربوونیان لەو ڕۆژەی لە جیهاندا تایبەتکراوە بە ژنان.

 

ئەمەش بە تەواوەتی مەترسیی بووە بۆ سەر دەسەڵات و ئەقڵیەتی پیاوسالاری، چونکە دەسەڵات هۆشیاربوونەوەی ژن بە مەترسی دەبینێت بۆ سەر دەسەڵات و بەرژەوەندییەکانی، هەر ئەمەش بووەتە هۆکار کە چەندین ڕێگریان لێبکرێت و ژنان ڕووبەڕووی فشار، هەڕەشە و ئەشکەنجە ببنەوە.

 

"تێکۆشانیان دەکرد بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان"

پەری تاڵیب، دانیشتووی وڵاتی سویدە، لە ساڵی ١٩٩٠کاندا و لە پاش کیمیاباران و نالەباری ڕەوشی سیاسییەوە ئاوارەبوون و ڕوویانکردووەتە وڵاتی سوید، باس لە ٨ی ئاداری ساڵانی ٨٠ەکان دەکات، کە ڕێکخستنی شار و شاخیان کردووە و بە چەندین ڕێگا هۆشیاریان بڵاوکردووەتەوە، دەربارەی ٨ی ئادار ئاماژەی بەوەدا، تەنها ڕۆژێک بۆ ژنان دانراوە لە کاتێکدا پێویستە هەموو ڕۆژێک ڕۆژی ژنان بێت، بەتایبەت لە کۆمەڵگەی کوردی و ڕۆژهەڵاتی ناوڕاستدا، چونکە کێشەی ژن ئەوەندە زۆرە تەنها بە یادکردنەوەی لە یەک ڕۆژدا ناتوانرێت چارەسەر بکرێت.

 

پەری لە کاتێکدا دەستیکردووە بە خەبات و شۆڕش کەم ژن هەبوو بچێتە ڕیزەکانی شەڕ و ڕێکخستنی ناو شاخ و شار بکات، بەڵام پەری لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکاندا لەگەڵ حزبی شوعیدا خەباتی کردووە و تێکۆشانی ئەنجام داوە، زۆرینەی ئەو خەباتانەی کردوویەتی هۆشیارکردنەوەی ژنان و بە گرنگی زانینی ڕۆڵی ژنان بووە، لە کاتێکدا لەو سەردەمەدا پێشکەوتنی ئەلەکترۆنیات نەبووە و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری کارێکی قورس بووە.

 

"لەپێناو هۆشیارکردنەوەی ژنان هێرشیان دەکرد و قسەی نەشیاویان پێدەوتین"

پەری باسی لەوەکرد، بە چەندین ڕێگا کاریان بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان کردووە و نەوەستاون لەوەی ژن هۆشیار ببێتەوە، بۆئەوەی چیتر پیاوان پێشێلی مافەکانیان نەکەن، دەشڵێت: دەچووینە گوندەکان کۆبوونەوەمان بە ژنان دەکرد و هۆشیاریمان دەدانێ لەسەر ئەرک و مافەکانیان، نەک تەنها لە ٨ی ئاداردا، بەڵکو زۆرینەی کاتەکان ئەو جۆرە هۆشیارییەمان بڵاودەکردەوە"، ئاماژەی بەوەدا کاتێک دەچوونە گوندەکان بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان، پیاوانی گوند ڕقیان لێهەڵدەگرتن، چونکە ئەمان هۆکارێک بوون بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان، وا هەستیان دەکرد ژنەکانیان لێهەڵدەگێڕنەوە، بۆیە بەردەوام هێرشیان دەکردنە سەریان و قسەی ناشرینیان پێدەوتن بەڵام ئەمان لە هەوڵەکانیان نەوەستان، جگە لەوەش ژنانیان هۆشیار دەکردەوە بۆ ئەوەی بخوێنن و کچەکانیشیان بخەنە بەر خوێندن.

 

"دۆخی سیاسی ئەوکات ڕێگەی نەدەدا بە ئاسانی لە شاردا بژین"

پەری لە درێژەی قسەکانیدا تیشکی خستەسەر ئەقڵیەتی پیاوان، کە هەمیشە ژنانیان لە ماڵەکاندا هێشتووەتەوە و ئەرکی خێزانیان داوەتە سەریان، بۆیە ئەوانیش وەک ژنانی ڕێکخستن هەوڵیان دەدا ئەو نەریتە نەهێڵن، پەری تاڵیب لە ساڵی ١٩٧٠ تا کۆتایی ١٩٨٨ لە شاردا خەباتی کردووە، لە پاش ئەنفال و کیمیاباراندا بەهۆی دۆخی سیاسییەوە نەیتوانیوە لە شاردا بمێنێتەوە و ڕوویکردووەتە شاخ.

 

پەری لەو کاتەی خەباتی کردووە خاوەنی چوار منداڵ بووە، هەمیشە هەوڵیداوە منداڵەکانیشی وەک هەر کەسێکی دیکە خوێندەوار و نیشتیمانپەروەر بن، دەڵێت: بە جۆرێک دەژیام سەرکێشیم بە ژیانی خۆمەوە دەکرد، هەرچەند مانگە و لە گەڕەکێکدا بووم، بەردەوام ناوی نوێم بۆ خۆم دەدۆزییەوە، هەمیشە منداڵەکانم وا ڕاهێنابوو بڵێن باوکمان نییە، چونکە بەردەوام باوکیان دەستگیر دەکرا هەر جارەو بە هۆکارێک".

 

"ژنی کورد قارەمان و تێکۆشەرە بەڵام باس ناکرێت"

پەری ئاماژەی بەوەشدا، لە شاردا بەهۆی سەختی ڕەوشی سیاسییەوە نەیدەتوانی لە شاردا جموجۆڵ بکات، بەڵام ژنان چاونەترس بوون و هیچ کات نەوەستاون لە خەباتکردن، وتیشی: لە ئێستادا باس ناکرێن و هەمیشە هەوڵدەدرێت بۆ شاردنەوەی ئازایەتییەکانی ژنان، چەندین ژن هەن ژیانی خۆیان داناوە لەپێناو خاک و نیشتیماندا، بەڵام دەسەڵاتی پیاوسالاری شۆڕشی ژنانی کپکردووە، بەڵام ڕاستییە کە ژنان نەبن تێکۆشان و خەبات ناکرێت".

 

دەربارەی ٨ی ئادار ڕوونیکردەوە دۆخی ئەوکات لەبار نەبوو بۆ ئەوەی بتوانرێت بە ئاشکرا پەیام و هۆشیاری بڵاوبکرێتەوە، بەڵام ئەو کاتانەی توانیبێتیان لە ئێستا زیاتر یادیان دەکردنەوە، کاتێکیش لە شاخ بوون چالاکییەکانیان دەستیپێکردووە بەوەی چوونەتە گوندەکان و هۆشیاریان بڵاوکردووەتەوە، ڕێنماییان کردوون هیچ کات نەترسن و لەپێناو خاک و نیشتیمان هەروەها مافەکانی خۆیان تێکۆشان بکەن.

 

وتیشی: بێگومان لەو سەردەمەدا و یادکردنەوەی ٨ی ئادار بۆ خۆی مەترسی بووە بۆ سەر دەسەڵات، بۆیە چەندین ڕێگری هەبوون بۆ ژنان، تەنانەت لە ڕووی ئاینیشەوە هاوڵاتیان وا بیریان دەکردەوە کە ئێمە خەڵکی لەسەر ڕێگە لادەبەین، هەروەها ڕێگری سیاسی هەبوو کە نەیاندەهێشت ژن ئازاد بێت.

 

"ئەو تێکۆشانەی ئێمە دەمانکرد بۆ مافی ژنان تا ئێستا ژنانی کورد پێی نەگەیشتوون"

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، ٥٠ ساڵ بەسەر خەباتی ئەو ژنانەدا تێپەڕیووە، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ئەو ئامانجەی تێکۆشانیان بۆ دەکرد، وتی: ئازادی ژن ئەوە نییە کە ئێستا تیایدایە، کۆمەڵێک شتی سەرەتایی ئازادی نییە، ئازادی بریتییە لە هەبوونی ماف، خۆیان خاوەنی بڕیاری خۆیان بن، ئازادی ئەوەیە ژن نەکوژرێت، بەڵام بە پێچەوانەوە هەر پیاو خاوەن دەسەڵاتە و بکوژە، کۆمەڵگەی کوردی بە ژن کوژ ناسراوە.

 

بۆیە بە پێویستی دەزانێت تەنها ڕۆژێک تایبەت نەبێت بە ژنان، بەڵکو سەرتاپای ساڵ ڕۆژی ژنان بێت، ژنان لە هەموو کایەکانی کۆمەڵگەدا بن، ڕۆڵیان هەبێت لە ناوەندەکانی بڕیارداندا، مافەکانیان بەدەستبهێنن، پێیوایە ژیان واتای ژن، چونکە ژن نەبێت کۆمەڵگە سەرکەوتوو نابێت، ژنە کە ڕاستکەرەوە و تەواوکەری کۆمەڵگەیە، لە کۆتاییدا پەری داوا لە ژنانی جیهان و بە تایبەتی ژنانی کورد دەکات، "چاوکراوە و ڕۆشنبیر بن، داکۆکی بکەن لە مافەکانیان، هەوڵ بدەن بۆ بەدەستهێنانی ئازادییەکانیان، خۆیان خاوەن بڕیاری خۆیان بن".