"کۆمەڵگە کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی ئاستی خوێندنی ژنانی گەنج هەیە"

خوێندنی ژنانی گەنج لەلایەن کۆمەڵگە و خێزانەکانەوە ئاڕاستە دەکرێن و منداڵانی کچ لە منداڵییەوە وایان لێدەکرێت، تەنها بۆ بەشە پزیشکییەکان و بەشە باڵاکان خۆیان ئامادە بکەن.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- خوێندن لایەنێکی گرنگی ژیانی هەموو تاکێکە لە کۆمەڵگەدا، کە بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕ دەبێت و دوا قۆناغ زانکۆیە کە ئاستێکی باڵای خوێندنە و جیاوازە لە قۆناغەکانی تر، چونکە خوێندکار پابەند دەبێت بە خوێندنی پسپۆرێتیەک بۆ ئەوەی ببێتە خاوەن ئەزمونی خۆی لە بوارێکدا، بەو بڕوانامەیەی بەدەستی دەهێنێت، بتوانێت خزمەت بە کۆمەڵگە بکات، بەڵام ئەم خواستەی هەر تاکێک لەلایەن خێزان و ئەقڵیەتی کۆمەڵگەوە ئاڕاستە دەکرێت و بەپێی ئەو چوارچێوەی دادەنرێت، بەتایبەت ژنانی گەنج ئاڕاستە دەکرێت کە پێویستە لە داهاتوودا چ بەشێک بخوێن،

 

بەپێی ئامارەکان لە بەشێک لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا ژنانی گەنج ڕێژەیان لە بەشە پزیشکییەکاندا زیاترە، بەپێی ئاماری زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی ٦٥.٢٪ لە بەشە پزیشکییەکان ژنانی گەنجن، لە زانکۆی قەیوانی نێودەوڵەتی ژنانی گەنج ٤٣٪ی بەشە پزیشکییەکان پێکدەهێنن، کە بەم شێوەیە، دەرمانسازی ٦٠٪، پزیشکی ددان ٤٦.٢٪، شیکاری نەخۆشیەکان ٤٨٪، تیشک ٣٧٪.

 

ڕەنو عەبدولواحید، پزیشکی دەرمانساز و مامۆستا لە زانکۆی قەیوانی نێودەوڵەتی، باسی لە گرنگی خوێندن کرد، کە لە نووسین و خوێندنەوە دەستپێدەکات و دوا قۆناغیش زانکۆیە، کە یەکێکە لە قۆناغە زۆر گرنگ و هەستیارەکان خوێندکاران پێیدا تێپەڕدەبن، بۆ ئەزموون وەرگرتن لە بابەتیک و دواتر بەدەستهێنانی کار و خزمەتکردن.

 

"ڕێژەی ژنانی گەنج زیاترە لە بەشە پزیشکییەکان"

ڕەنو عەبدولواحید باسی لە ڕێژە و ئەزموونی ژنانی گەنج کرد و وتی: بەپێی ئامارەکان ڕێژەی ژنانی گەنج زیاترە لە بەشە پزیشکیەکان، ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵدانی ژنانی گەنج بۆ بەدەستهێنانی نمرەی بەرز و بەشێكی دیکەشی بۆ تێڕوانینی کۆمەڵگە دەگەڕێتەوە، کە پێیان وایە ژنانی گەنج پێویستە لە بەشە پزیشکی و بەشە باڵاکاندا خۆیان ببیننەوە، لە کاتێکدا هیچ جاوازییەک لەنێوان بەشە جیاوازەکاندا، نییە، هەروەها ژنانی گەنج زیاتر حەز بە بەدەستهێنانی نمرەی بەرز دەکەن، بۆ ئەوەی لە بەشێکی بەرزدا وەربگیرێن، چونکە لایەنی ماددی و پێگەیەکی کۆمەڵایەتی باشی هەیە، بۆ هەڵبژاردنی بەشە پزیشکییەکان پێویستە حەزی یارمەتیدانی خەڵکت لە دڵدا بێت، چونکە بەشە پزیشکیەکان پێش ئەوەی بەهرەیەک بن بۆ ئیشوکار، بەهرەیەکی مرۆڤیین، بۆیە پێویستە ئەم حەزە لە کەسەکەدا هەبێت پیش هەڵبژاردنی بەشێکی پزیشکی.

 

ڕەنو عەبدولواحید، دەربارەی ڕێژەی ژنانی گەنج لە بەشە پزیشکییەکانی زانکۆی قەیوانی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەکرد، کە ژنانی گەنج بە شێوەیەکی بەرچاو بەشدارن لە بەشە پزیشکییەکان و بە تایبەتی لە بەشی دەرمانسازی، کە ڕێژەی ژنانی گەنج زیاترە و لە ٦٠٪ی کورسیەکانیان پڕکردووەتەوە.

 

"نمرەی خوێندکار دەتوانێت بەشەکەی دیاریبکات"

ڕەنو عەبدولواحید، باسی لەو هۆکارانە کرد کە خوێندکاران دەتوانن بەشەکانیانی پێ دیاریبکەن، یاخود چی پسپۆریەک هەڵدەبژێرن، کە کورسی لە بەشە پزیشکیەکان دیاری نەکراوە، تایبەت بە ڕەگەزێک بەڵکو لەسەر بنەمای نمرەکەیەتی، کە لە پۆلی ١٢ بەدەستی دەهێنێت.

 

"خێزان دەستێکی باڵای هەیە لە دیاریکردنی خوێندن بۆ ژنانی گەنج"

ئەو مامۆستایە باسی لە کاریگەری خێزان و کۆمەڵگە کرد، کە بۆ منداڵی کچی دیاری دەکەن لە داهاتوودا ببێت بە چی یاخود لە چ بوارێکدا بخوێنێت، لەو بارەیەوە ڕەنو عەبدولواحید وتی: لە کاتی دیاریکردنی بەشەوە لەلایەن ژنانی گەنجەوە، خێزانەکان دەستێکی باڵایان هەیە لە دیاریکردنی دواڕۆژی کچان، هەروەها کاتێک ژنێکی گەنج بەشە پزیشکییەکان هەڵدەبژێرێت کاریگەری خێزان و کۆمەڵگەی لەسەرە، ناتوانێت ئەگەر نمرەکەشی بەرز بێت، بەڵام بەشێکی دیکە هەڵبژێرێت کە خۆی دەیەوێت، چونکە لە منداڵییەوە وایان لێدەکەن کە هەوڵ بۆ بەشە پزیشکییەکان بدەن.