"دارا" شوێنەوارە شاراوەکەی کوردستان

"دارا" یەکێکە لە شوێنەوارە مێژووییەکانی خاکی میزۆپۆتامیا، شاهیدی چەندین سەردەم بووە و دوای تەواوبوونی تەمەنی لە ژێر خەرواری خاکدا شاردراوەتەوە.

ژیان عەلی

 

سلێمانی- هەر بەشێک لە خاکی میزۆپۆتامیا، ڕەنگدانەوەی مێژووی گرنگی ئەم خاکەیە و لە ڕۆژی ئەمڕۆماندا ئێمە لەسەر ئەو ڕەسەنایەتی و میراسەی ڕابردوو بەردەوامی بە ژیان دەدەین.

 

شاری دارا، بەشێک لەو میراسەیە، کە شاهیدی دامەزراندنی چەندین ئیمراتۆریەت بووە، ئەم ئیمپراتۆریانەش بە شەڕەکانی خۆیان ڕێڕەوی مێژوویان گۆڕیوە، بەشێک لە گۆڕینی ئەو ڕێڕەوە مێژوویەش لە بنج و بناوانی شاری دێرنینی "دارا"دا شاراوەیە.

 

ئەم شارە دێرینە دەکەوێتە شارۆچکەی ئۆغوز بە دووری ٣٠ کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ماردین لە باکووری کوردستان. دارا یەکێکە لە گرنگترین شوێنە نیشتەجێبووەکانی میزۆپۆتامیای سەرەوە لە مێژوودا، بەپێی وتەی شارەزایانی شوێنەوارناسی مێژووی ئەم شارە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ٥٠٠٠ ساڵ پێش زاین، کە پێشتر شوێنی هووری، میتانی، ئاشووری و چەندین شارستانیەتی دیکە بووە، دواتر لە لایەن ڕۆمەکانەوە لە ساڵی (٤٩١-٥١٨) زایین بۆ پاراستنی سنووری ڕۆژهەڵاتی ئیمپراتۆرییەتەکەیان لە بەرامبەر ساسانییەکان ئاوەدان کراوەتەوە.

 

باس لەوە دەکرێت ئەم شارە ناوەندێکی سەربازی بووە، بەڵام بەپێی ئەو پاشماوانەی کە هەیە، نیشانی دەدات جگە لە شاریکی سەربازی، ناوەندێکیش بووە بۆ پێکهێنانی ژیانی کۆمەڵایەتی، هاوکات بەهۆی ئەوەی لە سەر ڕێگای ئاوریشم (ڕێگای بازرگانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای جیهان) بووە، یەکێک بووە لە شوێنە گرینگەکان بۆ بازرگانی کردن.

 

شارەکە بەهۆی وێرانبوونەوە شاردراوەتەوە

دارا شارە شارێکی بەرفەراوانە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات و لەدوای داڕمانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆما، گرنگی خۆی لەدەستدا و بوو بە وێرانە و لە ژێر خاکدا شاردرایەوە، لە ئێستادا هەوڵدراوە بەشێکی بچووکی لەبن ئەو خەروارە خاکەدا دەربهێندرێت، بەڵام بۆ ئەوەی لە جوانی و سەرەنجڕاکێشی ئەم شارە تێبگەیت، دەتوانیت لەم بەشە بچووکەشدا جوانی و سەرەنجڕاکێشییەکەی ببینیت.

 

شاری دێرینی دارا پێکهاتووە لە پێکهاتە بەردبڕەکان کە بەسەر ڕووبەرێکی فراواندا بڵاوبوونەتەوە، بە دیوارێکی ٤ کیلۆمەتری پارێزراوە، قەڵای ناوەوە لە باکووری شارەکە و لەسەر دەشتی سەرەوەی گردێکی ٥٠ مەتر بەرز دروستکراوە، هێشتا لە شارەکەدا وێرانەی کڵێسا و کۆشک و بازاڕ و زیندان و چەکخانە و بەنداوی ئاو دەبینرێت، جگە لەوەش لە دەوروبەری گوندەکەدا خانووی لە شێوەی ئەشکەوت، کانی و گۆڕە بە کۆمەڵەکانی دەبیندرێت.

 

لەم شارەدا زۆر شوێنی تایبەت هەن کە سەرەنجی مرۆڤەکان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت، بە پێی لێکۆڵینەوەکان، دوو شوێنی پەرەستگای هەیە بۆ ئەم مەبەستەش دوو دیوی جیاواز بونیادنراوە، یەکیان شوێنی خوداوەندی ئاو و ئەوی دیکەشیان شوێنی خواداوەندی ئاگرە.

 

گۆڕستانەکەی ڕەنگدانەوەی بیری خەڵکەکەی بووە

یەکێکی دیکە لە شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم شوێنەوارە مێژوویە، ناوچەی گۆڕستانە کە لەناو بەردی سروشتیدا هەڵکەندراوە، لەم ناوچەیەدا ٣ جۆر گۆڕ هەیە: گۆڕی بەرد، گۆڕی جۆری تابوت و گۆڕی سیستی سادە.

 

وەک باس دەکرێت لە کولتووری تاغوت و میترادا پێیان وایە کە خوداوەند میترا لە بەردەوە لەدایک بووە، هەر لەبەر ئەم هۆکارە مردووەکان بە باوەڕی دووبارە لەدایکبوونەوە لەناو بەردەکاندا دەنێژرێن.

 

هاوکات گۆڕستانەکانی ئەم شارەش نیشاندەری ئەوەیە کە ئەو خەڵکەی لەوێ ژیاون، خاوەن باوەڕی جیاواز بوون، لەگەڵ گۆڕانی هەر دەسەڵاتدارییەکدا باوەڕییەکان لەو شارەدا گۆڕاوە، بۆیە هەر باوەڕییەک گۆڕستانی تایبەت بە خۆی هەیە، لەوانە پاگان، سووریان و موسڵمانەکان.

 

کاری کنە و پشکنین لەم شارەدا لە ساڵی ١٩٨٠ دەستیپێکرد تا ئێستا یەک لەسەر سێ هەڵنەکەندراوە، واتە بەشێکی زۆری لە ژێر زەویدا ماوە، مەزەندە دەکرێت بەشێکی ئەم شارە دێرینە کە شوێنێکی زۆر ستراتیژی هەیە لە ژێر زەویدا بنیادنراوە، هاوکات لەلایەن شوێنەوارناسانەوە دارا دێرینە، وەک ئەفسوسی میزوپۆتامیا پەسەند کراوە.