"لە خوشکەکانمان فێربووین کۆڵ نەدەین و بێدەنگ نەبین"

سێ خوێندکاری خوێندنگەی کچانی ئەفغانستان باس لە پرس و کێشەکانیان دەکەن، جەخت لەوە دەکەنەوە کە تاڵیبان لە ژنانی خوێندەوار و هۆشیار دەترسن، ژنانیش فێری ئەوە بوون کە خۆیان بەدەستەوە نەدەن و پێداگری لەسەر ویستی خۆیان دەکەن.

بەهاران لاهیب

 

کابول – ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، تاڵیبان ڕایگەیاند کە خوێندکارانی پۆلی ١٢ی قوتابخانەکانی کچان لە سەرتاسەری ئەفغانستان تاقیکردنەوەیان بۆ ئەنجامدەدرێت، بەشێک لەو خوێندکارانە لە ڕاگەیاندنی حکومەتی تاڵیبان ئاگادار نەبوون و بەهۆیەوە نەیانتوانی بەشداری تاقیکردنەوەکە بکەن، بەشێکی بەشداربووانیش لە تاقیکردنەوە و خوێندنیان هیوادار نین.

 

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سێ خوێندکار لە کابول و جەلال ئاباد و بامیان، کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت، باسیان لە گرفتەکانی خوێندنیان کرد.

 

"تاڵیبان بە بیرکردنەوەی دژە ژن بەهای ئێمەی ژنانی قبوڵ نییە"

م.ر خوێندکارێکی شاری بامیانە دەڵێت: لە ڕۆژی تاقیکردنەوەکەدا زۆر دڵخۆش بووم و لە هەمان کاتدا نائومێد بووم، دڵخۆش بووین چونکە دوای ماوەیەکی زۆر چاوم بە مامۆستا و هاوپۆلەکانم دەکەوت، بەڵام نائومێدیم لەبەر تاقیکردنەوە بوو، چونکە کە تاڵیبان هات من لە پۆلی ١١ بووم، ساڵی ڕابردوو پلەمان بەرزکرایەوە بۆ پۆلی دوانزەیەم بەبێ وانە و تاقیکردنەوە، ئەمساڵیش تەنها سێ ڕۆژ پێشتر ئاگادارکراینەوە کە تاقیکردنەوەمان هەیە، ڕاستە ئێمەی کچان پۆلی دوانزەی بنەڕەتی دەرچووین، بەڵام لە زانستەکانی وەک بیرکاری و کیمیا و فیزیا و ئەندازەیی و بابەتەکانی تر نازانین، تاڵیبان چاوەڕوانی ئەوەیە ساڵی داهاتوو هەموو ئەوانەی دەرچووی پۆلی ١٢ی ئامادەیین بەشداری تاقیکردنەوەی وەرگرتن بکەین و ببینە پزیشکی ئایندە.

 

"تاقیکردنەوەم کرد بەڵام بە نەخوێندەوار دەرچووم"

ن.ع خوێندکارێکی دیکەیە لە یەکێک لە قوتابخانەکانی کابول دەڵێت: تاقیکردنەوەم کرد بەڵام بە نەخوێندەوار دەرچووم، هەرچەندە لەم ماوەیەدا لە ماڵەوە خوێندوومەتەوە، بەڵام کەسم لەگەڵدا نەبوو لە فێربوونی زاستدا هاوکاریم بکات، لە قوتابخانەکەمان مامۆستای شایستەمان هەبوو، بەڵام لەگەڵ داخستنی قوتابخانەکەدا، ئەوانیش هەر وەک ئێمەن. لە ڕابردوودا هەموویان بە مامۆستایەتی بژێوی ژیانیان دابین دەکرد، ئێستا ئەوانەشیان لەدەستداوە.

 

"تاڵیبان لە ژنانی زانا و خوێندەوار دەترسن"

ق.ی. خوێندکارێکی شاری جەلەلابادە و دەڵێت: ئامانجی تاڵیبان ئەوە نەبوو ئێمەی کچان بەشداری تاقیکردنەوە بکەین، لە ژنانی زانا و خوێندەوار دەترسن، هەر بۆیە ئەم فێڵانە بەکاردەهێنن، کاتێک لەبارەی تاقیکردنەوەکانەوە ڕایانگەیاند، ئینتەرنێتم نەبوو و نەمدەزانی و بەشداری تاقیکردنەوەکەم نەکرد. من و چەند کچێکی تر کە بەدەست هەمان چارەنووسەوە دەناڵێنن، چەندینجار سەردانمان کرد، بەڵام بێ سوود بوو، دوا گفتوگۆیان ئەوە بوو کە چیتر تاقیکردنەوە ناکەن و کێشەی تۆیە کە تۆ لە تاقیکردنەوەکە ئامادە نەبوویت و ئێمە نەبووین.

 

هەر سێ خوێندکارەکە جەختیان لەوە کردەوە کە تاڵیبان چەندە بیەوێت ژنان لە کۆمەڵگە دوور بخەنەوە و نەخوێندەوار بن، ئەوان بەرامبەری دەوەستنەوە، چونکە زۆرجار بەڵێنیان داوە لە کۆرسی ماڵەوە و بە نهێنی درێژە بە خوێندن بدەن، هەروەها دەشڵێن شێوازی وەستانەوە بە ڕووی ستەمکاری و ژنکوژی لە خوشکە کورد و ئێرانی و ئەفغانییەکانیانەوە فێربوون.