جەژن واتای ئاشتی و سەلامەتییە، بەڵام بەهۆی کوشتن و داگیرکارییەوە هاوڵاتیان نائاسودەن

جەژن لە واتا و ناوەڕۆکدا هەڵگری پەیامی جوانی، ئاشتی و دڵخۆشی و پێکەوەژیانە، بەڵام بارودۆخی هەرێمی کوردستان لە هەبوونی چەندین قەیران و نەبوونی سەقامگیری و ئارامی هاوڵاتیانی نیگەرانکردووە و دەڵێن ناتوانن هەست بە چێژ و پەیامی ڕاستەقینەی جەژن بکەن.

بێریڤان کەمال

 

سلێمانی- لە بنەڕەتدا جەژن بە واتای ئاشتی، جوانی خێر و خۆشی دێت، هاوکاریکردنی توێژی هەژاران و بەهێزکردنی ئاشتەوایی و تۆکمەبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە نێوان سەرجەم هاوڵاتیاندا واتایەکی دیکەی جەژنە.

 

پاش تەواوبوونی ئەرکە ئاینییەکان، هاوڵاتیان ڕۆژانی جەژن بە دەنگ و ڕەنگ و كلتوری جیاواز کە هەموویان یەک ئامانجیان هەیە، هەوڵ بۆ پێکەوەژیان و لێخۆشبوون دەکەن و لەو دەستکەوت و ڕەنجەی هەیانە، دەبەخشن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەندامانی خێزان پێکەوە کۆدەبنەوە زایەڵەی خۆشی و بۆنخۆشكردنی كوچە و كۆڵانەكان و دڵخۆشكردنی گەدایان بەشێكن لە زۆربەی جەژنی نەتەوە جیاوازەکان.

 

لەگەڵ ئەوەی جەژن لە واتا و ناوەڕۆکدا هەڵگری پەیامی جوانی، ئاشتی و دڵخۆشی و پێکەوە ژیانە، بەڵام بارودۆخی هەرێمی کوردستان، لە هەبوونی قەیرانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و پەروەردەیی دۆخێکی نەخوازراوی بۆ هاوڵاتیان دروستکردووە کە ڕەوشی ژیانیانی سەخت کردووە لە پەیداکردنی بژێوی ژیان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان لە ڕۆژانی جەژندا.

 

لەگەڵ ئەمانەشدا زۆری ڕووداوەکانی توندوتیژی و هێرشی داگیرکاری و هەوڵەکانی کوشتن و تیرۆر، هاوڵاتیانی نادڵنیا کردووە لە هەستکردن بە سەلامەتی و پارێزگاری گیانی خۆیان و خێزانەکانیان، بۆ نمونە لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی ڕابردوودا خێزانێک لە چەمچەماڵ هێرشکرایە سەریان و دوو ژنی خێزانەکە و چەند ئەندامێکی دیکەی هەمان خێزان کۆمەڵکوژ کران و بریندار بوون، ڕۆژانە ئەم ڕووداوانە دووبارە دەبنەوە و هاوڵاتیان هەست بە دڵنیایی و سەلامەتی ناکەن.

ئاژانسی نوژنها هاوڵاتیانی شاری سلێمانی دەدوێنێت دەربارەی واتا و ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی جەژن و تا چەند بارودۆخی هەرێمی کوردستان ئەو دۆخەی ڕەخساندووە کە هاوڵاتیان لە ڕۆژانی جەژندا هەست بە دڵخۆشی و دڵنیایی بکەن و چێژی ڕاستەقینەی جەژن هەست پێبکەن.

 

"جەژن واتە پەیامی دڵخۆشی و ئاشتی، بەڵام ئێمە چێژی لێنابینین"

فەیمە حەمە حسێن، هاوڵاتییەکی شاری سلێمانییە، باسی لەوەکرد وەک ساڵانی پێشوو چێژ لە جەژن نابینن: جەژن پیرۆز و خۆشە، بەڵام بۆ کەسێک کە دڵی خۆشبێت، ساڵانی زوو جەژن خۆشبوو خەڵک هەستی بە سەلامەتی دەکرد و بێ ترس بوو، قەیرانەکان وەک ئێستا نەبوو خەڵکی دەیانتوانی بێ جیاوازی پێداویستییەکانی جەژن بکڕن چونکە شت هەرزان بوو، ئێستا خەڵک هەم فەقیرە و هەمیش پێداویستییەکان گرانن، خەڵک هەیە نانی جەژنی نییە بیخوات."

 

فەیمە حەمە حسێن بۆ جەژن هیوای خواست کە ئاشتی و ئارامی بەرقەرار ببێت و گرانی نەمێنێت و قەیرانەکان لەسەر خەڵک ئاسان ببێت، "هۆکاری خراپبوونی دۆخی هاوڵاتیان حوکمەت و دەسەڵاتە، چونکە هەرێمی کوردستان داهاتی باشی هەیە و دەوڵەمەندە بە سامانە سروشتییەکان، بۆیە حوکمەت دەتوانێت دۆخێکی گونجاو بۆ فەقیر و هەژاران بڕەخسێنێت، لەگەڵ ئەمانەشدا هیواخوازم ئارامی بەرقەرار ببێت، چونکە ئاشتی و ئاسایش لە هەرێمی کوردستان نەماوە و ڕۆژ نییە کەسێک و دوان نەکوژرێت و بکوژانیش هیچ سزایەک نادرێن و هەڵگرتنی چەکیش قەدەغە ناکرێت و هەزارەها چەکی بێ مۆڵەت هەیە لە ناو خێزانەکاندا."

 

"لە جەژندا ئەرکی ئەو ژنانەی سەرپەرشتی خێزانەکانیان دەکەن زیاد دەکات"

پەری عەبدوڵا، خاوەنی سێ منداڵە، هاوژینی نییە و خۆی سەرپەرشتی خێزانەکەی دەکات، باسی لە دیدی خۆی بۆ جەژن کرد و وتی: بارودۆخی ژیانم بە شێوەیەکە کە جەژن بۆ من هیچ خۆشی و واتایەکی نییە، هەر وەک ڕۆژەکانی دیکە دێت و دەڕوات، جەژن بۆ هەندێک کەس زۆر خۆشە و بە جۆشەوە خۆی بۆ ئامادە دەکات و بۆ هەندێکی دیکە وانییە."

 

پەری باسی لەوەکرد کە جەژن بۆ ئەو ژنانەی سەرپەرشتی خێزانەکانیان دەکەن قورسترە، "من خۆم سەرپەرشتی منداڵەکانم دەکەم، کرێچیم و هیچ داهاتێکم نییە کاتێک نەتوانم وەک پێویست بژێوی ژیانی منداڵەکانم دابینبکەم و ئەوەی ئەمەوێت بۆیان بکڕم بێتاقەتم دەکات، چەندەها ژن هەیە وەک منن و بگرە دۆخیان زۆر لە منیش قورسترە ئەگینا هەموو کەسێک حەزی لە ڕۆژانی جەژن و خۆشییە بەڵام ئەمڕۆ ژیان زۆر قورس بووە و خۆشییەکانی بیر بردوینەتەوە، هیواخوازم حوکمەت کارێک بۆ خەڵکی فەقیر و هەژار بکات، ئاوڕێکیان لێباتەوە تا بتوانن ژیانێکی سەربەرزانە بژین کە دەست لە کەس پان نەکەنەوە".

 

"دوور لە ئەندامانی خێزانەکەم دەژیم، بۆیە چێژی جەژن لام کەمبووەتەوە"

پەخشان عەبدوڵا، دەربارەی جەژن وتی: جەژن بۆنەیەکی ئاینییە بۆ هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە، کە یەکدی دەبینن و بە یەکتری دەبەخشن و گەردن ئازادی دەکەن، یارمەتی خێزانە هەژارەکان دەدەن.

 

پەخشان یەکێکە لەو ژنانەی کە لە دووری خزم و کەسوکارەکەی دەژی و وتی: من خۆم بەتەنیا لێرە دەژیم، جەژن وەک جاران نەماوە و ئێستا وای لێهاتووە کەس سەردانی کەس ناکات و تەنانەت لە دەرگاکەشت نادەن، هیوا دەخوازم هەمووان پێکەوە تەبا بن و بەخۆشی دەست بکەنە ناو دەستی یەک، تا ئاشتی و ئارامی بەرقەرار ببێت.

 

"گرانی ناو بازاڕ، چێژ و پیرۆزی جەژنی بیر بردووینەتەوە"

ناهیدە مەحمود، باسی لە جەژن و قەیرانی ئابووری کرد و وتی: لای ئێمە جەژن گرنگ و پیرۆزە، بەڵام شتومەک لە ناوبازاڕدا ئەوەنە گرانە کە لە جەژن نزیک دەبینەوە فەقیر و هەژار لەرزی لێدێت، چونکە دەڵێت هیچم بۆ ناکڕدرێت و شەرمەزاری لای خێزان و میوان دەبم، بۆیە ناچاردەبین بە قەرزاری و نیوە ناچڵ جەژنەکە بەڕێبکەین، ئەمەش وای کردووە مانای ڕاستەقینەی جەژنمان بیربچێتەوە و بڵێیت بریا هەر جەژن نەبوایە.

 

ناهیدە، لە کۆتای قسەکانیدا هیوای کۆتایی هاتنی قەیرانەکان و ئاشتی و ئارامی بۆ کوردستان خواست، "هیوا دەخوازم لە جەژندا خۆشی بڕژێت بەسەر خەڵکیدا، بەڵام لە سایەی ئەم حوکمەتەوە خەڵک خۆشی نابینێت، جەژن واتای ئاشتی و سەلامەتییە، بەڵام بەهۆی ئەم کوشتن و بڕینەوە کەس لە خۆی دڵنیا نییە، هەر کەس هەڵدەکوتێتە سەر کەسێکی دیکە و دەیکوژێت و کەسیش لێی ناپرسێتەوە هەر کەس هەرچی بوێت دەیکات دادگاش هەڵوێستی نییە".

 

"سەرباری هەبوونی قەیرانەکان، هەوڵدەدەین لە جەژندا دڵی خۆمان و منداڵەکانمان خۆشبکەین"

پەروین محەمەد، هاوڵاتییەکی دیکەیە و وتی: جەژن بۆ ئێمە بۆنەیەکی تایبەتییە و لە جەژندا دەتوانیت گەردن ئازادی لە هەموو کەسێک بکەیت و لێیان خۆشببین، ڕاستە وەک جاران موچە نییە چونکە ئەو کاتانە دەتتوانی شتومەکی پێویست بۆ خۆت و خێزانەکەت بکڕیت، بەڵام ئێستا موچە نییە و لەناو بازاڕیش هەموو شتێک گرانبووە ئەمەش قورسی بۆ هاوڵاتیان دروستکردووە.

 

پەروین باسی لەوەکرد، نەبوونی ئاشتی و ئارامی لە کوردستان چێژی جەژنی کەمکردوەتەوە، "لەم ماوەیەدا چەندین کوشتن و ناخۆشی لە کوردستان ڕوویداوە، هیواخوازم ئاشتی و ئارامی ڕووبکاتە کوردستان، ڕاستە ئامادەکاری بۆ جەژن دەکەین بەڵام دڵمان خۆش نییە، چونکە کاتێک کەسێک دەکوژرێت دڵمان پێی بێتاقەت ئەبێت کە دەبینین چەندین خێزان دڵیان خۆش نییە و پرسەیان هەیە".