فریشتە ئەدیب: "بە خۆڕاگری دەتوانین بە ئامانجەکانمان بگەین!"

فریشتە ئەدیب یەکێکە لەو ژنانەی کە بە بەرگەگرتنی زۆرێک لە کێشەکانی ناو خێزانەکەی و کۆمەڵگاکەی توانیویەتی بەسەر سەختییەکانی ژیانیدا زاڵ بێت.

بەهاران لەهیب

 

کابول- بارودۆخی ئەفغانستان ئەوەندە خنکێنەرە کە ژنانی ئەم خاکە بۆ ئەوەی بچوکترین مافەکانیان بەدەست بهێنن، ناچارن خەبات بکەن و قوربانی بدەن، فریشتە ئەدیب یەکێکە لەو ژنانەی کە بە بەرگەگرتنی زۆرێک لە کێشەکانی ناو خێزانەکەی و کۆمەڵگەکەی توانیویەتی بەسەر سەختییەکانی ژیانیدا زاڵ بێت، هەرچەندە هەموو جارێک سەرکوت دەکرا، بەڵام جارێکی تر هەستایەوە و خەباتی بۆ ژیانێکی باشتر کرد لە پێناو بەدەستهێنانی مافەکانی.

 

"سەرەڕای گاڵتەجاڕییەکانی کوڕان و پیاوان، توانیمان خوێندن تەواوبکەین "

سەبارەت بە ژیانی خۆی دەڵێت: "لە سفرەوە دەستم پێکرد بۆ ئەوەی ژیانم بگۆڕم، لە شوێنە حکومییەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان بە قبوڵکردنی چەندین کێشە کاری کردووە، لە ئێستادا لە یەکێک لە ناوەندە پەروەردەییەکان وانەی کۆمپیوتەر بۆ کچانی گەنج دەڵێتەوە".

 

سەبارەت بەوەی کە چۆن توانیویەتی بەرەنگاری ئەو کێشە و ئاستەنگانە ببێتەوە کە هاتوونەتە بەردەمی، فریشتە دەڵێت: "لە یەکێک لە شارەدێ دوورەدەستەکان چوومە قوتابخانە لە دۆخێکدا کە هیچ ژنێک لە هەرێمەکەمان نەچووەتە قوتابخانە، بەڵام ئێمە سێ ژن بووین و سەرەڕای گاڵتەجاڕی و سوکایەتی کوڕانی ناوچەکە، دواجار بەردەوام بووین لە خوێندن و دەرچووین".

 

زۆربەی ژنانی ئەفغانی دەبنە قوربانی هاوسەرگیری زۆرەملێ و هەموو خەونەکانیان لەناو دەچێت، زۆر کەم کچ لەدوای هاوسەرگیرییەکەیان سەرکەوتوو دەبن لە درێژەدان بە کار و خوێندن، بەڵام زۆر ژن هەن کە درێژە بە خوێندن و کارەکانیان دەدەن، لەگەڵ ئەو کێشە و ئاستەنگانەدا تێکۆشان دەکەن کە دێتە ڕێگایان و بەردەوام دەبن و کۆمەڵگەیەک دروست دەکەن بۆ خۆیان.

 

فریشتە یەکێکە لەو ژنانەی دوای تەواوکردنی پۆلی ١٢ هاوسەرگیری دەکات، بەڵام هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ خوێندن و کارکردن بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە، فریشتە دەڵێت: " لە تاقیکردنەوەی وەرگرتن لە زانکۆی کابول لە بواری ئەدەبی ئینگلیزیدا دەرچووم، بەڵام بەهۆی کێشەی خێزانییەوە ناچار بووم واز لە خوێندن بهێنم."

 

فریشتە لە ڕەوتی کارکردن و خوێندندا دوو منداڵی هەیە و لەم ماوەیەدا ئەزموونی کاری لە بواری وانەوتنەوە و کارکردن لەگەڵ ژنان و منداڵان و کاری دەستی و هۆشیاری گشتی و دەروونناسی بەدەستهێناوە، دەشڵێت لەکاتی کارکردن لەگەڵ ژنان و منداڵان هەڕەشەی لێکراوە، بە هاندانی یەکێک لە هاوکارەکانی، بەردەوام دەبێت لە خوێندنی ئابووری، و بەو موچەیەی وەریدەگرێت مندآڵەکانی پەروەردە دەکات.

 

فریشتە لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "کاتێک دەستم بە زانکۆ کردەوە، هاوسەرەکەم لەگەڵم و چووبووە ئێران بۆ کارکردن، بەڵام لەوێ کارەکەی موچەیەکی باشی نەبوو بۆیە ناچاربووم لەگەڵ خوێندنەکەشمدا کاربکەم."

 

فریشتە لە یەکێک لە وەزارەتەکاندا کاری کردووە تا ئەو کاتەی تاڵیبان هاتەوە سەر دەسەڵات، تازە لە سەفەرێک گەڕابووەوە کە کابول کەوتە دەست تاڵیبان و وەک هەزاران ژنی دیکەی ئەفغانی، کارەکەی لەدەستدا تا ساڵێک دواتر دەستی بە فێرکردنی کۆمپیوتەر بۆ کچان کرد.

 

فریشتە پەیامێکی هەیە بۆ ئەو ژنانەی تر کە لە دۆخێکی خراپدان: "هەرگیز واز مەهێنن! بەردەوام بن و شەڕ بکەن، بە وەستانەوە دەتوانین بگەین بە ئامانجەکانمان!"