"گرنگە لە منداڵییەوە فێری زمانی دایک ببن نەک زمانی بیانی"

فێربوونی زمانی بیانی بۆ منداڵان لە تەمەنێکی کەمەوە هۆکارە بۆ لەبیرچوونەوەی زمانی دایک، توێژەرێکی کۆمەڵایەتیش دەڵێت: پێویستە شێوازی پەروەردەی و هەڵسوکەوتی باخچە و دایەنگەکان هۆکارێک بێت بۆ پەروەردەکردنی منداڵ لەژێر سێبەری کولتوور و زمانی دایکدا.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- گرنگیدان بە زمانی کوردی و ئەنجامدانی چالاکی بە زمانی کوردی یاخود ئەو چالاکیانەی کلتووری کوردی دەپارێزن لە باخچەی ساوایان و دایەنگەکاندا دەبێتە هۆی زیندووکردنەوە و بەرەوپێشبردنی زمانی کوردی، زۆر بوونی خوێندنی زمانە بیانیەکان لە باخچەی ساوایان و دایەنگە حکومی و ناحکومیەکان هۆکارن بۆ لە ناو چوونی زمانی دایک و لە بیرچوونەوەی کەلەپووری کوردی لەلایەن نەوەی داهاتوودا.

 

منداڵان بە خوێندی چەندین زمان لە شوێنە پەروەردەیەکاندا سەریان لێدەشێوێت، فکر و بیری ئەو منداڵە لەڕووی کلتوری و زمانەوەانیەوە لەگەڵ منداڵێکی دیکەدا جیاواز دەبێت، منداڵان لە تەمەنی سەرەتایدا دەتوانێت تەنها وەرگری یەک زمان و یەک کلتور بێت، بە پێی چەندین توێژینەوە منداڵان تا تەمەنی ١٠ ساڵ توانای وەرگرتنی زمان و کلتوری وڵاتێکی دیکەیان نییە.

 

"دایکان و باوکان دەیانەوێت منداڵەکانیان لە تەمەنێکی کەمدا فێری زمانی بیانی"

ڕاز بەختیار، توێژەری کۆمەڵایەتی لە دایەنگەی مۆنتیسۆری، باس لەوەدەکات، منداڵان لە تەمەنێکی کەمدا توانای وەرگرتنی دوو زمان و زیاتریان نییە، ئەگەر منداڵێکیش هەوڵی فێرکردنی زمانێکی دیکەی لەگەڵدا بدرێت دەبێتە هۆکاری سەرلێشێواندنی لە پڕۆسەی فێربووندا، هەروەها زمانی دووەم بۆ منداڵان لە تەمەنێکی کەمدا ئاستەنگی فێربوونی زمانی دایک دروست دەکات و دەبێتە هۆکاری ئەوەی منداڵ کلتور و ڕەچەڵەکی خۆی لەبیر بکات.

 

ڕاز بەختیار وتیشی: خوێندن و پێدانی زمانی دووەم لە تەمەنێکی کەمدا کێشە بۆ منداڵان دروست دەکات، لە ئێستادا دایکان و باوکان دەیانەوێت منداڵەکانیان لەڕێگەی ئامێرە ئەلکترۆنیەکانەوە فێری چەندین زمانی دیکە ببێت بێ ئاگا لەوەی چەندین لێکەوتەی خراپی بۆ منداڵەکە دەبێت، هەروەها چەندین شێواز دەگرنە بەر بۆ فێربوونی زمانی دووەم کە پێیان وایە منداڵەکانیان سودی لێ دەبینن، بەڵام ئەو منداڵە کێشەی تەندروستی و دەروونی بۆ دروست دەبێت، بۆیە گرنگە لە ڕێگەی باخچە و دایەنگەکانەوە منداڵێکی تەندروست پەروەردە بکرێت.

 

"منداڵان لە دایەنگە و باخچەی ساوایاندا پێویستە نەخشە و شارەکانی خۆیان بناسنەوە"

ڕاز بەختیار لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، گرنگیدان بە بابەتە کلتوری و چالاکیە کوردەواریەکان هۆکاری سەرەکین بۆ بە ئاشنابوونی منداڵان بە کلتوری نەتەوەکەیان دەشڵێت: ئێمەی مامۆستایان و توێژەران لە گرنگی دەدەین بە چالاکییە هونەرییە کوردییەکان تا ئەو تەمەنەی بۆیان دیاری دەکرێت، لەپاش تەمەنێکەوە ژمارە سەرەتایەکانی زمانی ئینگلیزی بە منداڵان دەڵێین وەک ئاشنابونێک بە زمانەکانی دیکە، هەروەها مامەڵەیەکی تایبەتتر لەگەڵ منداڵانی توشبووی ئۆتیزم دەکەین و زیاتر گرنگی بە پڕۆسەی فێربوونیان دەدەین.

 

بە پێویستی زانی منداڵان لە دایەنگە و باخچەی ساوایاندا نەخشە و شارەکانی خۆیان بزانن، وتی: گرنگە لە دایەنگەکاندا منداڵان ئاشنا بکرێن بە شارەکان و بزانن هەر ناوچەیەو بە چی دەناسرێتەوە، بۆنمونە شاری هەولێر بە قەڵای هەولێر بناسنەوە، ئەم شێوازە دەبێتە هۆکاری دروستکردنی منداڵێکی تەندروست و شارەزا لە کلتوو ر و مێژووی وڵاتەکەی خۆی.

 

" لەڕێگەی چالاکیەکانی ناو باخچەکانەوە دەتوانین توانای منداڵان بەرەوپێش ببەین"

ڕاز بەختیار، باسی لەوەکرد بە یاساکردن و دیاری کردنی کاتی فێربوونی زمانێکی جیاواز لە زمانی دایک لە ناو خوێندنگە و باخچەکاندا کارێکی گرنگە بۆ لەبیرنەچوونەوەی زمانی دایک لەلایەن منداڵانەوە، دەڵێت: زۆرکات لە لایەن دایکان و باوکانەوە پێمان دەوترێت دەمانەوێت منداڵەکانمان زوو فێری زمانی دیکە ببن، بەڵام ئێمە وەک توێژەر باشتر دەزانین چ زیانێکی دەبێت لە تەمەنێکی کەمدا، بۆیە ئێمە ڕێنوینی دایکان و باوکان دەکەین کە لە تەمەنێکی کەمدا منداڵەکانیان زەرەرمەند دەبن نەک سوودمەند.

 

ڕاز بەختیار وەک توێژەرێک ئاماژەی بەوەکرد، هەموو منداڵێک پێویستی بە چالاکی جۆراو جۆرە، ئەو چالاکیانەی وەری دەگرن دەبێت هۆکار بێت بۆ دڵخۆشکردنی منداڵەکە، وتی: لەڕێگەی چالاکیەکانەوە دەبێت ئامانجی خۆمان دیاری بکەین، پێویستە چالاکیەکانیان لە چوارچێوەی نیشاندانی کەلوپەلە کوردەواریەکان و هێشتنەوەی کلتوردا بێت، منداڵان ئاشنای بن.

 

"گرنگە دایەنگە و باخچەکان لە ژێر چاودێری لایەنی پەیوەندیداردا بن"

ڕاز بەختیار، ڕوونیکردەوە بەشێک لە خوێندنگا ناحکومیەکان لە ڕێگەی ئەو سرودەی وڵاتانی داگیرکەر دایانناوە منداڵان فێری کلتوری بیانی و وشەی بیانی دەکەن و دەڵێت: ئێمە لە دایەنگەکەماندا هەفتانە سرودی نیشتمانی کوردستان بە منداڵان دەڵەینەوە، پێویستە سرودی نیشتمانی ببێتە یاسایەکی تەواوەتی لە هەموو خوێندنگەکانی هەرێمی کوردستان بە خوێندنگە حکومی و نا حکومییەکانیشەوە.

 

لە کۆتاییدا، وتی: پێویستە ڕێنمایی لە لایەن لایەنی پەیوەندیدار بدرێت بە باخچە و دایەنگەکان بۆ ئەوەی پێدانی زمانی بیانی بە منداڵان لەژێر چاودێریدابێت و منداڵان لە تەمەنی گونجاودا بتوانن فێری چەندین زمانی جیاواز، فێرکردنی زمانی کوردی لەلایەن منداڵەکانەوە بە باشی ڕەگ دابکوێت پاشان زمانێکی دیکە فێری منداڵان بکرێت، واتە بکرێتە یاسا و لە خوێندنگە و باخچەکاندا کاری پێبکرێت.