منداڵانی بێ سەرپەرشت لە دوای بوومەلەرزەکە چارەنووسیان نادیارە

بەهۆی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریا، باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان هەزار و ٣٦٢ منداڵی لە خێزانەکانیان جیاکردەوە، زیاتر لە ٢٠٠ هەزار داواکاری بۆ بەخێوکردنی ئەو منداڵانە گیراوەتەبەر بەڵام تا ئێستا چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە.

بێریڤان کەمال

 

سلێمانی- بەهۆی دوو بوومەلەرزە بەهێزەکەی تورکیا و سووریا، باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان سەرباری زیانە گیانی و مادییەکان، کاریگەری لەسەر ژیانی زیاتر لە ٧ ملیۆن منداڵ داناوە کە خێزانەکانیان لەدەست داوە.

 

بە پێی زانیارییە بڵاوکراوەکان زیاتر لە ١١ پارێزگا لە تورکیا و باکووری کوردستان زیانیان بەرکەوتووە، کە ٤ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار منداڵ لە ئێستادا دەژین، هاوکات دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار منداڵ لە ناوچە زیانلێکەتووەکانی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان دەژین.

 

لە ١٣ی شوبات دەریا یانیک، وەزیری خێزان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، زیاتر لە هەزار و ٣٦٢  منداڵ لە خێزانەکانیان جیاکراونەتەوە و بەهۆی بوومەلەرزەکەوە بە تەنها ماونەتەوە، پاش گەڕان بە دوای زانیارییەکان ٣٦٩ منداڵیان لەگەڵ خێزانەکانیان شاد بوونەتەوە، دوای ئەوەی ناسنامەیان بۆ دیاری کراوە و لێکۆڵینەوە لە خێزانەکانیان کراوە.

 

منداڵانی قوربانی بوومەلەرزە داوای بەخێوکردنیان دەکرێت

پرۆسەی دوای کارەساتی بوومەلەرزەکە بۆ ئەو منداڵانەی بەتەنها ماونەتەوە زۆر هەستیارتر دەبێت بەراورد بە ئەو منداڵانەی دیکە کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، چ لە ڕووی یاسایی و چ لە ڕووی دەروونی کۆمەڵایەتییەوە، بەپێی وتەی بەرپرسان، دوای بوومەلەرزەکە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار داواکاری خێزان هەبووە بۆ بەخێوکردنی ئەو منداڵانەی بێ سەرپەرشت ماونەتەوە، بەڵام دەبێت پڕۆسەیەکی یاسای بۆ بگیرێتەبەر.

 

ئەو منداڵانەی لە دوای بوومەلەرزەکەوە بە تەنها ماونەتەوە لە ئێستادا سەلامەتی ژیانیان لە مەترسیدایە، ئەرکی دەسەڵاتی دادوەری و کارگێڕی و ئەفسەرانی جێبەجێکردنی یاسا و دامەزراوە تەندروستی و پەروەردەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکانە کە ئەو منداڵانەی پێویستیان بە پاراستن هەیە، وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان ئاگادار بکەنەوە.

 

ئەو منداڵانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە تەنها ماونەتەوە کاتێک دەدۆزرێنەوە وەک هەنگاوی یەکەم دەبێت ناسینەوە ئەنجامبدرێت بۆیان، هاوکات لەگەڵ تۆمارە فەرمییەکان، تیمێکی تایبەت پێکهاتووە کە هەوڵدەدەن زانیاری ئەو منداڵانە لەگەڵ ئەو کەسانەی لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێریدان بەراورد بکەن، هەروەها وێنەی منداڵان بەکاردەهێنرێت لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ دەستکەوتنی زانیاری زیاتر و گونجاندنەکان.

 

ناسنامەی ٢٦٧ منداڵ نادیارە

لە ئێستادا ٢٠١ منداڵ لە ژێر چاودێری وەزارەتی خێزان دان، دوای ئەوەی دیاریکرا کە خێزانەکانیان لە بوومەلەرزەکەدا بێسەروشوێنن، ٧٩٢ منداڵیان لە نەخۆشخانەکاندا ڕاگیراون، هێشتا ٢٦٧ منداڵ هەن کە تا ئێستا ناسنامەیان نەدۆزراوەتەوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.

 

ئەو منداڵانەی کە پێشتر لە ژێر پاراستنی حکومەتدا بوون پێش بوومەلەرزەکە و ئەو منداڵانەی کە بەهۆی کارەساتەکەوە بێ سەرپەرشت ماونەتەوە، گواستراونەتەوە بۆ پارێزگاکانی دیکە لە سەرانسەری تورکیا، لە ئێستادا ٣٥ منداڵی بێ سەرپەرشتیار گواستراونەتەوە بۆ ئەستەنبوڵ و لە ناوەندەکانی سەر بە ئاکەپەدان.

 

دیارنەمانی چارەنووسی بەشێک لەو منداڵانە دەنگدانەوەی لە باکووری کوردستان و تورکیادا لێکەوتەوە، دەنگۆی ئەوە هەیە کە درابێتنە ناوەندەکانی دەزگای دیانەت و تەریقەتەکان، کە لە باوەڕییاندا ئیسلامێکی ڕادیکاڵن و باوەڕیان بە هاوسەرگیری منداڵ لە تەمەنی ٦ ساڵیدا هەیە، ئەو ناوەندانەش سەر بە دەوڵەتی تورکن، ڕێکخراوەکانی ژنانی عەلەوی باس لەوە دەکەن کە پێویستە چارەنووسی ئەو منداڵانە بخرێتەڕوو، چونکە مەترسییە لەسەر شوناس و هەبوونی گەلی کورد و باوەڕی عەلەوی.

 

لە دۆخی بوومەلەزرە و باری نائاسایی دەروونیدا هەوڵی تواندنەوەی باوەڕیی دەدرێت

هەواڵی پێدانی منداڵان بە تەریقەتەکان لە ڕاگەیاندن بڵاوبووەوە و کاردانەوەی بەدوادا هات، یەکێک لەو تەریقەتانە مەنزلە، کە گوندێکە لە شارۆچکەی سەمسور و ماوەیەکی زۆرە لە باکووری کوردستان و تورکیا کار دەکەن، دوای بوومەلەرزەکە چادریان لە گوندەکە دانا، لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا کە بە ناوی "ڕێگای مەنزل" لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، چەندین منداڵ دەبینرێن، کەسوکاری منداڵەکانیش دەڵێن هیچ زانیارییەکانیان لەبارەی ئێستا لەبەردەستدا نییە.

 

جگە لە مەنزل، ئەندامانی دەزگای دیانەت دوای بەخاکسپاردنی هەر تەرمێک لەگەڵ خێزانەکەیاندا گفتوگۆ دەکەن و دەیانەوێت لەو دۆخی بوومەلەرزە و بارە نائاساییەی دەروونی خەڵکەکەیدا، خولی قورئان خوێندن بۆ منداڵان بکەنەوە.

 

یەکێک لەو منداڵانەی کە لە شارەکە دیارنەماوە تەمەنی ١٢ ساڵە بە ناوی" هیرانور تومساڤاش" کە گوایە لە یەکەم ڕۆژی بوومەلەرزەکە لەلایەن تیمە خۆبەخشەکانەوە ڕزگارکراوە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، بەڵام جارێکی تر هیچ زانیارییەکی بەدەست نەگەیشتووە، خێزانەکەی دەڵێن هیچ نەخۆشخانەیەک لە تورکیا نەماوە کە بۆی نەگەڕێین و چارەنووسی نادیارە.