شەیدا مەعروف: کۆمەڵگە لێکدانەوەی هەڵەی بۆ ئازادی تاک هەیە

دەستوەردانی دەوڵەتانی دیکە بۆ سەر کوردستان بووەتە هۆکاری شێواندنی کۆمەڵگەی کوردی، چالاکوانێکیش دەڵێت: سیستمی حکومڕانی بووەتە هۆکاری ڕووخانی باری دەروونی گەنجان، پێویستە حکومەت سەرلەنوێ گوزەران بۆ گەنجان دەستەبەر بکات.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- بەرەوپێشچوونی هەموو وڵاتێک پشت بە کۆمەڵگە و تاکەکانی دەبەستێت، لەناویدا گەنجان ڕۆڵێکی بەرچاو دەبینن بۆ بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە و وڵاتەکەیان، گەنجان بە چینێکی سەرەکی چاکسازی سەیردەکرێن، بەڵام بەهۆی نەبوونی حکومەتێکی تۆکمە و تێکەڵبوونی کولتوور و دەستوەردانی دەوڵەتانی داگیرکەر لەسەر کوردستان و بەتایبەت هەرێمی کوردستان، دابونەریتی کۆمەڵگە شێواندنی تیایدا ڕوویداوە و کاریگەری بەسەر گەنجان و کۆمەڵگە و بەتایبەت ژنانی گەنجەوە بەجێهێشتووە.

 

شەیدا مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی گشتی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و بەرپرسی ڕێکخراوی ژنانی زەحمەتکێشان، ئاماژەی بەوەکرد، هەمیشە گەنجان ئەو توێژەن کە خێزان، کۆمەڵگە، دەوڵەت و یاساکان پشتیان پێدەبەستن، بەڵام ڕووبەڕووی نەخۆشی ناولێندراو بە ئازادی بوونەتەوە، هەروەها گەنجان ئەو توێژە بوون کە لە ساڵانی شەستەکان و حەفتاکان توانیان کۆمەڵگە بگەیەننە ئاستێکی زۆر باش، بەڵام لەدوای هاتنی تەکنەلۆژیاوە کۆمەڵگە داڕووخایەوە، وتیشی: هەندێک دیاردەی کۆمەڵایەتی بووەتە هۆکاری شەکەتبوونی گەنجان و جارێکی دیکە کۆمەڵگە بڕیاردەر بێت لەسەر گەنجان، لەکاتێکدا گەنجان پەروەردەی دەستی خێزانن و خێزان پشتی بە گەنج بەستووە.

 

"ناکرێت بیری ئازادی لەوەدابێت هەڵسوکەوتێکی ناشرین بەرامبەر بە تەمەنێک ئەنجام بدەیت"

لەژێر ناونیشانی ئازادی جارێکی دیکە کۆمەڵگە بەرەو ڕووخان دەچێت، شەیدا مەعروف باسی لەوەکرد، بەشێک لە گەنجان و کۆمەڵگە بە هەڵە لە وشەی ئازادی تێدەگات، ئازادی ئەو وشە قۆرخکراوەیە چەندین ساڵە هەوڵی بۆ دەدەین توانای خۆمان بسەلمێنین تا ڕێگە ڕاستەکەی بگرێت، وشەی ئازادی لە چەند بیرێکی تەسکدا لێکدانەوەی بۆ دەکرێت، وتیشی: ناکرێت بیری ئازادی لەوەدابێت هەڵسوکەوتێکی ناشرین بەرامبەر بە تەمەنێک ئەنجام بدەیت، یاخود هەڵسوکەوتی ناشرین لە شەقامەکاندا بکەیت و ببیتە جێگای سەرنجی دەوروبەر.

 

شەیدا مەعروف لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: تووشی داڕمانی سەختی کۆمەڵگە بووین بە هۆی هەڵە تێگەیشتن لە ئازادیدا، بیری ئازادی دەبێت بگەیەندرێت بە تاکەکانی کۆمەڵگە بە خێزانەکان.

 

"فیلمە بیانییەکان بۆ ڕووخاندنی کۆمەڵگە پەخشکران"

شەیدا مەعروف، ئاماژە بەوە دەکات لە سەرەتایی ساڵی نەوەدەکان بە هێنانی فیلمە مەکسیکییەکان و دوابەدوای فلیمە تورکییەکان لێدەدرا، بەڕێژەیەکی بەرچاو کاری کردە سەر کۆمەڵگە و ژیانی تاکەکان، وتیشی: کۆمەڵگەی ئێمە نەدەکرا بەو شێوەیە سەیر بابەتە دەرەکیەکان بکات، تا لە ڕێگەی ئەو فیلمانەوە لێکدانەوەی ژیانی دەوڵەتەکانی دیکە بکەن، چونکە ئەو فیلمانە بۆ ڕووخاندنی کۆمەڵگەی کوردی بەکاردەهێنرێن، ئێمەی چالاکوانان سەرەتا کە فیلمە مەکسیکییەکان پەخشکرا داوامانکرد ڕابگیرێت و تا ئێستاش هەوڵی وەستاندنی فیلمە بیانییەکان دەدەین، چونکە کۆمەڵگە نەگەیشتووەتە ئاستێک بتوانێت سەیری ئەو جۆرە بابەتانە بکات، کە لەناو فلیمەکاندا هەن.

 

ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە داڕشتنەوەیەکی خێزانی هەبێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پەروەردەیەکی تەندروست لەناو کۆمەڵگەدا دروستبکرێتەوە، گەڕانەوەی شکۆی مرۆڤەکان بۆ ناو خێزانەکان و کۆمەڵگە کارکردنی زۆری دەوێت، پێویستە ڕێخراوەکان، کۆمەڵگە، حیزبەکان، کار لەسەر دۆزی مرۆڤایەتی دەکەن، دەبێت هەوڵبدەن بۆ گەڕانەوەی ئەوشکۆیە بۆ مرۆڤایەتی.

 

"ئەگەر خێزانەکان پەروەردەی تەندروست بێت کۆمەڵگەش تەندروست دەبێت"

شەیدا مەعروف، ئاماژەی بەوەکرد، بۆ بونیادنان و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی تەندروست پێویستە تاکەکان و خێزانەکان پەروەردەی دروستی گەنجان و منداڵان بکەن، دایکان و باوکان ئەرکدار بکرێن بە دووبارە بونیادنانەوەی گەنجان.

 

لەکۆتاییدا وتی: پێویستە گەشەپێدانی مرۆیی هەبێت بۆ بونیادنانی گەنجێکی تەندروست لە کۆمەڵگەدا، حکومەت بەرپرسە لە شێواندنی کۆمەڵگە و گەنجان، ئەگەر حکومەتێک هەبێت هەلی کار بۆ گەنجان دەستەبەربکات، کۆمەڵگەش ڕووبەڕووی ئەو هەمو هەڵە و تاوانانە نابێتەوە، هەروەها نەبوونی ئەو یاسایانەی کە دووبارە خێزانەکان کۆبکاتەوە لە دەوری یەکتر و ئەم سیستمی حکومڕانییەش، بوونەتە هۆکاری ڕووخانی باری دەروونی گەنجان و پێویستە حکومەت سەرلەنوێ ژیان و گوزەران بۆ گەنج و کۆمەڵگە دابین بکاتەوە.