ژنانی دیواندەرە: یاساکانی کار لە ئێران پشتیوانی لە ژنان ناکەن
ژنانی کرێکاری شاری دیواندەرەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان باسیان لەوەکرد، یاساکانی کار لە ئێران پشتیوانی ژنان و مافەکانیان ناکات.
ئاگرین حسێنی
دیواندەرە- کارکردن لە هەموو بوارەکاندا بە یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی بەرهەمهێنان دادەنرێت، ئەو داهاتەی لێیەوە بەدەستدێت هەمیشە بەشێکی زۆر لە داهاتی وڵات پێکدەهێنێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کۆمەڵگە جیاوازەکان پێویستیان بە هێزی کار هەیە لە سەردەمی گەشەی خێرای ئابووریدا، هەردوو ڕەگەزەکە دەبێت بەشداری لە کاردا بکەن.
هێزی کاری ژنان بە گشتی ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە گەشەسەندنی ئابووری وڵاتاندا، بەڵام هێشتا ڕووبەڕووی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دەبنەوە، وەک کەمی کرێ، کە ئەمەش بە یەکێک لە پێشێلکارییەکانی مافی ژنان دادەنرێت.
ژنان لە ئێران تەنیا ٪١٦ی هێزی کار لە کەرتە حکومییەکان پێکدەهێنن و ئەمەش بە کردەوە بە واتای دوورخستنەوەی ژنان لە ئایدۆلۆژیای سیاسی و حکومی و بازاڕی کار دێت، ڕێژەی خوێندن لە نێوان ژنان و پیاوان یەکسانە، بەڵام کاتێک باس لە دامەزراندن دەکرێت، ژنان هەمیشە ڕووبەڕووی هەڵاواردنی چینایەتی و چەوساندنەوەی ڕەگەزی دەبنەوە و زۆرێک لەو ژنانەی خاوەن بڕوانامەی زانکۆن وەک فرۆشیاری سەر شەقامەکان، لە فرۆشگاکان، یان وەک سکرتێر لە فەرمانگەکاندا کار دەکەن و ناچارن مووچە وەربگرن، کە هاوتایە لەگەڵ یەک لەسەر سێی کەمترین مووچەی فەرمی.
شیما ر. چالاکوانێکی مەدەنییە و یەکێکە لە کرێکارانی فەرمانگە حکومییەکانی شاری دیواندەرە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەڵێت: یەکێک لە هۆکارە هەرە گرنگەکانی بێکاری ژنان لە ئێران ئەوەیە کە کۆمەڵگە کاری ژنان بە جددی وەرناگرێت، هەروەها هیچ پارەیەکی بیمەی ئەندامانی بنەماڵە لەسەر مووچەی ژنان دانەنراوە، بەو پێیەی ئەندازیاری کۆمپیوتەر لە پسپۆڕییەکەیدا بە مووچەیەکی زۆر کەمتر لە مووچەی ژنێک دادەمەزرێت، ئەندازیار لە هەمان پسپۆڕییە و ئەو مووچەیەی کە وەریدەگرم لە فەرمانگەکە جیاوازە لە مووچەی هاوکارەکەم، ئەم بابەتە لەناو کارە جیاوازەکانیشدا هەیە، تەنانەت لە کارگەکانی بەرهەمهێناندا وەکو کاری چنین و بیناسازی کە تیایدا ژنان بەشداری دەکەن مووچەی بنەڕەتی ژنان لە مووچەی پیاوان کەمترە.
"توانای ژنان بۆ کار کردن کەم دەبینرێت"
ڕەحیمە ش. باسی لەوەکرد، خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە ژمێریاری و لە فرۆشگایەکدا کاردەکات، "بەهۆی بارودۆخی خۆمانەوە ناچارین دەوام بکەین، من دوو کار دەکەم بە مووچەی دوو ملیۆن و ٧٠٠ هەزار تمەن، ناتوانم ناڕەزایەتی دەرببڕم چونکە هیچ یاسایەکی کار نییە پشتگیریمان بکات، ئەگەر هەوڵێک لەلایەن حکومەتەوە هەبێت، تەنها پاڵپشتی کاری ژنان دەکات لە ماڵەوە، واتە، ئەگەر ژنێک بیەوێت کار بکات و چالاکی هەبێت، پێویستە لە ماڵەوە بێت، چونکە دژی بوونی چالاکانەی ژنانە لە کۆمەڵگە و بوارە جیاوازەکاندا.
ئاماژەی بەوەشکرد، "توانای ژنان بۆ قبوڵکردنی کار تەنانەت لەڕووی دامەزراندنیشەوە نزمە و تەنانەت ناگاتە نیوەی توانای پیاوان، ئەمەش لە مەرجی دامەزراندندا دەبینرێت کە لەلایەن دەزگاکانی حکومەتەوە دەرچووە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت کاربکەن تەنانەت بۆ مووچەیەکی کەمیش بێت، تا ژنێکی سەربەخۆ بێت و ڕۆڵی هەبێت لە کۆمەڵگەدا".
نیگار ف. ژنی ماڵەوەیە و دەڵێت: کۆمەڵگەی ئێران بە هیچ شێوەیەک کاری ژنان لە ماڵەوە بە کار نازانێت، بەو پێیەی هیچ قەدرزانییەکیان دەست ناکەوێت، من ترشیات دروست دەکەم و دەیفرۆشم، بۆیە کاری ژنان لەم کارانەدا بە جددی وەرناگیرێت چونکە من لە دەرەوەی ماڵەوە کار ناکەم، بەپێی یاساکانی کۆمەڵگەی پیاوسالاری و نەریتی، ژن دەبێت هەمیشە ئەرکەکانی وەک ژن و دایک بە تەواوی ئەنجام بدات، چونکە گرنگترین ئەرکی خزمەتگوزاری ماڵەوەیە، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانێت لە ماڵەوە بازرگانی بکات ئەگەر بیەوێت.