"پێویستە ژنان بێدەنگ نەبن و داوای مافەکانیان بکەن"

هەراسانکردن یەکێکە لەو تاوانانەی ڕۆژانە بەرامبەر بە ژنان لە شوێنی کار، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ناو خێزانەکانیش ئەنجام دەدرێت، بەڵام دادگا و خێزانەکانیش هەمیشە هۆکارەکەی بۆ خودی ژن دەگەڕێننەوە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- لە ساڵی ٢٠٢٤داین و هەندێک پێیان وایە بەرەوپێشچوون لە ئارادایە، بەڵام ئەوەی دەبیندرێت لە ئێستادا بەرەوپێشچوونەکان تەنها لە لایەنی ژیانیدان، نەک لە ڕووی هزرییەوە، تا ئێستاش ژنان دەچەوسێندرێنەوە و هەراسان دەکرێن، ئەم دۆخە بۆ ژنان نوێ نییە و ڕەگێکی مێژووی هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژنان دەستەوەستان نەبوون و لە سەردەمە جیاوازەکاندا تێکۆشانیان لە دژی ئەو زهنییەتە کردووە، یەکێکیش لەو تێکۆشانانە کە توانی مێژووی ژنان بگۆڕێت، سەرهەڵدانی ٨ی ئاداری ١٨٥٧ بوو لە کارگەکانەوە، کە مۆری خۆی لە تێکۆشان و سەرهەڵدانی ژنان دا و تا ئێستاش ژنان بە هەمان ڕۆحیەت دژی چەساندنەوە و هەراسانکردن، توندوتیژی و کوشتن و وەلانانیان لە بوارەکانی ژیاندا تێکۆشان دەکەن.

 

"ئاستی ڕۆشنبیری کەمە بۆیە هەراسانکردن لە زیادبووندایە"

جوانە واحید، پارێزەر، دەربارەی هەراسانکردن بە گشتی و بەتایبەت بۆ ژنان ئاماژەی بەوەکرد، هەراسانکردن کردەیەکی هەڕەشە و ترساندنە کە بەرامبەر تاکێک ئەنجام دەدرێت، زۆر کات ئەو تاکە ژنە، هەراسانکردن لەگەڵ زیادبوونی ڕۆشنبیری تاکەکان کەم دەبێتەوە، بەڵام لە ئێستادا دۆخەکە بەو شێوەیە نییە، چونکە حاڵەتەکانی هەراسانکردن ڕوو لە زیادبوونە، دەربارەی شێوازە جیاوازەکانی هەراسانکردن وتی: هەراسانکردنی ئەلەکترۆنی بەربڵاوترینیانە، چونکە دەگاتە هەموو تاکێک، ئەم جۆرە هەراسانکردنە یاسای تایبەت بە خۆی هەیە.

 

پارێزەر جوانە باسی لەوەکرد، لەو یاسایەدا کۆمەڵێک کردە بە تاوان هەژمار دەکرێت وەک زۆر پەیوەندیکردن بە کەسێک، بێزارکردنی تاکێک، لەم حاڵەتەدا سزاکە لە سێ مانگ بۆ ساڵێکە وە سەرپێچی ٧٥٠ هەزار دیناری عێراقی بۆ سێ ملیۆن دینارە، جگە لەمانە سزای جیاواز هەیە بۆ هەراسانکردنەکانی وەک گرتنی وێنەی کەسێک بێ ئاگاداری خۆی، یاخود ڤیدیۆ کردن و بڵاوکردنەوەی، لەم حاڵەتەدا سزا و سەرپێچیەکان زیاترن.

 

"بەهۆی نەبوونی زانیاری بەشێکی ژنان مافیان پێشێل دەکرێت"

جوانە واحید ئاماژەی بەوەکرد، یاسایەکی تایبەت نییە بە هەراسانکردن، چونکە هەراسانکردن بە شێوەیەکی گشتییە و بۆ هەر کردەیەک یاسایەک هەیە، وەک ڕوونی کردەوە کۆمەڵگە لە ئاستێکدایە بەشی زۆری تاکەکان کردەوەی هەراسانکردن بەرامبەر بە یەکتر دەکەن، باسی لە شێوازی دیکەی هەراسانکردن کرد وەک، هەراسانکردن لە کاتی کارکردندا، یەکێکی ترە لە شێوازە باوەکان، چونکە لە ئێستادا شوازی وەرگرتنی ژنان بۆ کارکردن دوورە لە ڕەوشتی بەرزی کۆمەڵگە، یاخود کاریان پێدەکرێت بە کاتی زۆر و موچەی کەم، بۆ ئەم لایەنە یاسای تایبەت هەن بەڵام خاوەن کارەکان بەکاری ناهێنن.

 

جوانە وەک پارێزەرێک باسی لە شێوازێکی دیکەی هەراسانکردن دەکات ئەویش لە ناو هێڵەکانی گواستنەوەی هاوڵاتیان وەک پاس و تەکسی، کە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، وتی: هەندێک لە شۆفێرەکان دەڵێن پێویستمان بە سەرچاوەی داهاتی تەکسیەکە نییە تەنها بۆ کات بەسەربردن دەیکەم و ئەم حاڵەتە ڕووبەڕووی خۆم بووەتەوە، ئەم کەسانەن ژنان دەکەنە ئامانج و هەراسانیان دەکەن.

 

"نەبوونی زانیاری بووەتە هۆکارێک کەیسەکان بە وردی نەگەنە بەردەست دادگاکان"

جوانە واحید، لە درێژەی قسەکانیدا باس لە شێوازێکی دیکەی هەراسانکردن دەکات، ئەویش هەراسانکردن لەناو خێزاندا، هەرچەندە یاسای تایبەت هەیە بە خێزان، بەڵام ژنان زۆر کات کە هەراسانیش دەکرێن ناوێرن سەردانی دادگاکان بکەن، چونکە زانیاریان نییە لەسەر یاساکان و مافەکانی خۆیان، دەشڵێت: کەمترین کەیسی هەراسانکردن دەگاتە دادگاکان، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ئەو کۆمەڵگە و کولتوورەی لە مێژوەوە تا ئێستا بوونی هەیە و هەمیشە لە ترسی قسەی کۆمەڵگە ژنان هەراسانکردنەکان ناکەن بە کەیس.

 

جوانە واحید ئاماژەی بەوەکرد بەشێک لە دادگاکان کەموکورتیان هەیە یاخود دادوەرەکان بڕیارە ڕاستە نادەن، هۆکاری ئەمەی گەڕاندەوە بۆ بە دەستنەگەیشتنی زانیاری تەواو لەسەر کەیسەکان، وتی: دادگای تایبەتمان هەیە بە توندوتیژی خێزانی و کەیسەکان بە نهێنی دەمێنێتەوە، بەڵام ژنان هۆشیاریان نییە لەسەر ئەمە، یاخود فەرمانی پاراستن هەیە بۆ ژنان، بەڵام تا ئێستا بەشی زۆری ژنان ئاگاداری نین.

 

"سکاڵاکردن گرنگترین هەنگاوە بۆ دەستگیرکردنی تاوانبار"

دەربارەی ئەو کەیسانەی دەگەنە دادگان بەڵام دادوەرەکان مافی تەواو نادەن بە ژنان ڕوونیکردەوە، هۆکارەکە نەبوونی ئاستی ڕۆشنبیری پێویستە، چونکە دادوەرەکانیش لە کۆمەڵگەوە چونەتە ناو دادگاکانەوە و دەکرێت بەشێکیان ئەو ئەقڵیەتەیان لە بڕیارەکانیان ڕەنگی دابێتەوە، بۆ ئەمەش بە پێویستی دەزانێت، حکومەت، میدیاکان و لایەنی پەیوەندیدار هۆشیاری بڵاوبکەنەوە، بۆ ئەوەی چیتر بڕیارەکان بە ئەقڵیەتی پاوسالاری نەبێت.

 

دەشڵێت: لە هەندێک حاڵەت بەتایبەت کەیسەکانی جیابوونەوە، دادوەر کەیسەکان دوادەخات بەو ئامانجەی دوو لایەنەکە ڕێکبکەونەوە، بەڵام هەندێک کاتیش ژنان لەو ماوەیەدا دووبارە هێرش و توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، لە هەندێکی دیکەشدا ڕێکدەکەونەوە، هەندێک کات لەبەر زۆری کەیسەکان دادوەرەکان فریا ناکەون. بە گرنگی دەزانێت ئەو کەسانەی ڕووبەڕووی کێشەیەک دەبنەوەبە بە زووترین کات بچنە بنکەکان و سکاڵا تۆمار بکەن بۆ ئەوەی دادگاکان بتوانن بەر لە هەڵهاتنی تاوانباران دەستگیریان بکەن.

 

"ژنان هەوڵ بدەن تاوانباران بە سزا بگەیەنن بۆ ئەوەی دووبارەی نەکەنەوە"

لە کۆتایدا جوانە واحید، بە گرنگی دەزانێت یاساکان هەموار بکرێنەوە چونکە شێوازی تاوانکاری ڕۆژانە گۆڕانی بەسەردایەت، جگە لەوە دادوەرەکان چیتر بە ئەقڵیەت و کولتووری کۆن بڕیار نەدەن، ژنانیش بۆ خۆیان هۆشیاربن دەرباری مافەکانیان و شارەزا بن دەربارەی یاساکان و شێوازی مامەڵەکردن بەرامبەر بە کەیسەکان، وتی: داواکارم لە ژنان لە کاتی بوونی هەراسانکردنێکدا بێنە دەنگ و دوای مافی خۆیان بکەون، بۆ ئەوەی تاوانباران دووبارەی نەکەنەوە بەرامبەر بە ژنێکی دیکە، هەروەها دادگاکان هەوڵ بدەن سزای گونجاو بەسەر تاوانباراندا جێبەجێ بکەن.