فەرزانە ئەیوبی؛ لە ڕۆژنامەگەرییەوە بۆ دەستگێڕی

فەرزانە ئەیوبی، یەکێکە لەو ڕۆژنامەنووسە ئەفغانیانەی لە ئێستادا کاری دەستگێڕی دەکات و دەڵێت: لەوەتەی تاڵیبان هاتووەتە سەر دەسەڵات، ژنە ڕۆژنامەنووسەکان ڕووبەڕووی کێشەی زۆر بوونەتەوەم هەموو ژنان لە ماڵەوە ماونەتەوە و بۆیان نییە کاربکەن و چالاک بن.

بەهاران لاهیب

 

کابول- لەگەڵ دەسەڵاتی تاڵیباندا ژنانی ئەفغانستان ڕووبەڕووی قەدەغەکردن بوونەوە و ژنانی ڕۆژنامەنووسیش لەم دۆخە بەدوور نەبوون، بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە لە ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن "پەیامنێرانی بێ سنوور"ەوە بڵاوکراونەتەوە، لەگەڵ ڤێتنام و ڕووسیا، ئەفغانستان بە مەترسیدارترین شوێن بۆ ڕۆژنامەنووسان ناوبرا و ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانستان جگە لە زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان و کوشتن و سووکایەتیکردن، کارەکانیان لەدەستداوە و ڕوویان لە کاری قورس یان دەستگێڕی کردووە.

 

فەرزانە ئەیوبی یەکێکە لەو هەزاران ڕۆژنامەنووسە ئەفغانییەی کە ڕووبەڕووی هەمان چارەنووس بووەتەوە و لە ئێستادا لە یەکێک لە شەقامەکانی کابولدا دەستگێڕی دەکات، لە بارەی ژیانییەوە وتی: حەوت ساڵە پەیامنێرم، لەگەڵ زۆرێک لە میدیاکان هاوکاریم کردووە، لەگەڵ ڕۆژنامە و هەفتەنامە و تەلەفزیۆنە ئەهلییەکان کارمان کردووە، لەم ماوەیەدا ڕووبەڕووی کێشەی زۆر بوومەتەوە، ئەو میدیایەی کە کارم لەگەڵدا دەکرد لە ڕووی داراییەوە داخران، بۆیە کارەکەم لەدەستدا. و ناچار بووم لە قەراغی شەقامەکاندا کەلوپەر بفرۆشم.

 

فەرزانە دەڵێت: لەو کاتەوەی تاڵیبان هاتووەتە سەر دەسەڵات، ژنە ڕۆژنامەنووسەکان ڕووبەڕووی کێشەی زۆر بوونەتەوە، بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری ژمارەیەک دەزگای ڕاگەیاندن داخران و تەنانەت ئەگەر کاریش بکەن، ڕێگە بە ژنان نادرێت کار بکەن، هەموو ئەو ژنانە لە ماڵەوە ماونەتەوە و بۆیان نییە کار بکەن، ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی هەمووان بێکار بن، لەم دۆخە ئابوورییە خراپەدا تەنیا من نیم، هەموو ئەو هاوکارانەی کە قسەیان لەگەڵ دەکەم بێکارن و ناچارن کاری قورس بکەن، من نەمدەویست کەس بزانێت، بەڵام ڕووخساری ئێمە ناسراوە، چونکە ئێمە لە میدیا کارمان دەکرد و، ڕۆژێک دوو میدیام بانگهێشت کرد بۆ ئەو شوێنەی کە کارم تێدا دەکرد بۆ ئەوەی قسەیان لەگەڵ بکەم، ڕووبەڕووی کێشە بوومەوە، هەموویان هێرشیان کردە سەرم و پێیان وتم کە پێویستە ناوچەکە بەجێبهێڵم، ئەوە بۆ من مەترسیدارە.

 

فەرزانە لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: پێموایە کاروباری دەستفرۆشی لەدەست دەدەم، ئیتر ناتوانم بیکەم، چونکە بەڕاستی هەست بە مەترسی دەکەم، بە گشتی دۆخێکی مەترسیدارە بۆ ژنانی ئەفغانستان، هەمووان دەزانن نەک هەر ژنە ڕۆژنامەنووسەکان بەڵکو هەموو ژنانی ئەفغانی کارەکانیان لەدەستداوە و دەستفرۆشی و کاری قورس دەکەن، چونکە زۆربەیان بژێوی خێزانەکانیان دابین دەکرد، کڕین و فرۆشتنی ئەو جلوبەرگانەی کە بۆ فرۆشتن کڕیومە لە بازاڕدا زۆر نییە و جلوبەرگی دەستی دوو هەرزانە. نرخەکەی لە دەوروبەری (٢٠، ٥٠ یان ١٠٠ ئەفغانی)دایە و لە سەرووی ئەوەوە نافرۆشرێت، ئەو کەسانەی ئەمە لە ئێمە دەکڕن توانای پارەدانیان نییە، ڕۆژانێکە هیچ کڕین و فرۆشتنێکمان نەبووە، هەندێک جار ڕۆژانە (١٠٠-٢٠٠ ئەفغانی) داهاتمان دەستدەکەوت، لەم دۆخەی ئێستادا، کاتێک ژنانی تر باسی کێشەکانیان دەکەن، من ناتوانم جگە لە فرمێسک هیچی تر بکەم.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو ڕۆژنامەنووسە وتی: داواکاریی من لە وڵاتانی جیهان ئەوەیە کە پاڵپشتی ژنانی ئەفغانستان بکەن و هەلومەرجی ژیان لەبار بکەن بۆ ئەوەی ژنانی ئەفغانستان جارێکی دیکە کارەکانیان دەستەبەر بکەنەوە، بەتایبەتی ئەو ژنانەی کە بژێوی خێزانەکانیان دابین دەکەن.