"فریال خالید لەپێناو ئازادی و خاکدا خەباتی کرد"

بنەماڵەی پێشەنگ فریال سلێمان خالید داوای لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی تیرۆرەکەی دەکەن و دووپاتی دەکەنەوە کە ڕێبازەکەی بەردەوام دەکەن.

دەلال ڕەمەزان

 

حەسەکە- لە ماوەی ٣١ ساڵەی خەباتی خۆیدا، فریال سلێمان خاید ناسراو بە زەلال زاگرۆس، کە لە ١٨ی کانوونی دووەم لە شاری کەرکوک لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە تیرۆر کرا، هەوڵیدا دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان بپارێزێت و ئەو عەقڵیەتە پیاوانەی کە ڕۆڵەکەی پەراوێزخستبوو، کۆتایی پێبهێنێت.

 

فریال سلێمان خالید لە ساڵی ١٩٦٧ لە شاری حەسەکە لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە دایکبووە، لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەردا گەورە بووە و لە تەمەنێکی گەنجیەوە بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ئاشنا بووە، لە ساڵی ١٩٩٣ دوای قوڵبوونەوەی لە هزر و فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان پەیوەندی بە ڕیزەکانی ڕێکخستنی بزووتنەوەکەوە کرد و بۆ ماوەی ٣١ ساڵ بەبێ وەستان خەباتی کرد بۆ پێشخستنی چەمکی دیموکراسی و یەکسانی.

 

فریال لە کوردستانەوە تا ئەرمینیا خەباتی کرد و لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە و بۆ شاری کەرکوک، کە تیایدا تیرۆر کرا، شوێنپەنجەی بەجێهێشت.

 

زەکیە عەلی، دایکی زەلال زاگرۆس باسی لە کەسایەتییەکی کرد، کە لە منداڵییەوە ئاشنای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بووە لە ڕێگەی ئەو سەردانانەی کە ئەندامانی بزووتنەوەکە بۆ ماڵەکەیان لە گوندی سلەندەرەی عامودێ دەیانکرد، وتیشی: فریال خوشکی گەورە بوو، بەشداری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی بوو بۆ کار دەچووە حەسەکە، جگە لەوەی بەشداری لە کۆبوونەوە و ئاهەنگەکانی بزووتنەوەکەدا دەکرد، من و باوکی بە تەواوی ئاگاداری بەشداریکردنی بووین لە ڕیزەکانی بزووتنەوەکەدا، بەو پێیەی ئەو خواستێکی بەهێزی هەبوو بۆ بڵاوکردنەوەی هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان، دواتر لە مەراسیمی شەهیدێکدا کە لە شاری حەسەکە بەڕێوەچوو، پەیوەندی بە چیاکانی کوردستانەوە کرد.

 

"ئەرکی فێرکردن و چاودێریکردنی براکانی لەسەر بووە"

فریال بە هۆی دۆخی ئابووری خێزانەکەیەوە خوێندنی تەواو نەکردووە، بەهۆی ئەوەی خوشکی گەورە بووە، ئەرکی فێرکردن و چاودێریکردنی براکانی لەسەر بووە، دایکی شەهید فریال دەڵێت: ئێمە هەرگیز پەشیمان نەبووین لە هەڵبژاردنی ڕێگای خەبات و ئازادی سەرەڕای ئەوەی نزیکەی ساڵێک بوو نەمبینیبوو، ڕۆشتنەکەی بێ ماڵئاوایی بوو، بەڕاستی نەمدەزانی کە کچەکەم شەهید دەبێت و دەگەڕێتەوە بۆ لای ئێمە و بەسەر شانمان بە دروشم و چەپڵە لێدان ماڵئاوایی لێدەکەین.

 

زاکیە عەلی دەڵێت: ئێمە چ گوناهێکمان کردووە کە دەوڵەتی تورک ئەم هەموو تاوان و پێشێلکارییە بەرامبەرمان ئەنجام بدات، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە کوێیە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات، داگیرکەری تورکیا دڵنیا دەکەمەوە کە ئەمە خاکی ئێمەیە و وازی لێناهێنین بە ئاسانی، گرنگ نییە چ تاوانێک، بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووری، تاڵانکردنی سەروەت و سامان و ئاوارەکردنی خەڵکی مەدەنی بێ بەرگری لە دژی ئێمە ئەنجام دەدرێن، داوا دەکەم تاوانباران سزای خۆیان وەربگرن و بارودۆخی ئەم تاوانە دڕندانە ئاشکرا بکرێن.

 

"درێژە بە ڕێبازەکەی دەدەین"

جیهان خالید، ئامۆزای زەلال زاگرۆس، وتی: ئێمە لە یەک خێزان و لەژێر سەقفی ماڵێکدا دەژیاین، ئەو مرۆڤایەتی و خۆشەویستی بۆ ئەوانی تر هەبوو، ڕێزی هەموو کەسانی دەوروبەری یان ئەوانەی دەیانناسی بەدەست هێنا، ئەو لە یادەوەریمدا هەمیشە دەمێنێتەوە، لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا فریال لە زۆر ناوچەی ئازادکراو، وەک مەنبج، تەبقا، ڕەققە و دێرەزوور، دەستیکرد بە کارکردن، پێش دەستپێکردنی شۆڕش، لە باکووری کوردستان کاری کردووە، پاشان ئەرمینیا و لەم دواییانەشدا لە شاری کەرکوک بوو لە هەرێمی کوردستان، لە هەموو سەردانێکدا بۆ شاری حەسەکە چاوم پێی دەکەوت.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا جیهان خالید جەختی لەوە کردەوە، بەردەوامی بە ڕێبازەکەی فریال و ئەو ئازادیخوازانە دەدەن کە لەپێناو ئازادیی ژناندا قوربانییان داوە، وتیشی: پێویستە سەرەتا بە ناسینی خۆمان درێژە بە ڕێگاکەیان بدەین تا بتوانین سەرکەوتن بەدەست بهێنین و دادپەروەری و کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و گۆشەگیرییەک کە بەرکەوتەی دوژمنانی دیموکراسی و ئازادی دەبین، بەدی بهێنین.