"لە ڕێگەی پڕۆژەکانمانەوە ڕێگری لە چوونی گەنجان دەکەین بۆ ئەوروپا"
سۆزان فەرەج، بەرپرسی ڕێکخراوی تواناسازی ئافرەتان باسی لە پڕۆژەی ڕەخساندنی هەلی کاری بۆ گەنجان کرد، کە بۆ ئەو گەنجانەیە بێ کارن و خاوەن هیچ بیرۆکەیەکی کاریش نین.
میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- "ڕێکخراوی تواناسازی ئافرەتان" لە شاری هەڵەبجە کار دەکات بۆ بەگەڕخستنی توانای گەنجان و لە ڕێگەی بیرۆکەکانیانەوە پڕۆژەی کاری گەنجان پێشدەخات، دواین پڕۆژەی ڕێکخراوەکە خستنەسەر کاری ٦٠ گەنجە و دامەزراندنیانە لە کۆمپانیا و ڕێکخراوەکاندا.
سۆزان فەرەج، بەرپرسی ڕێکخراوی تواناسازی ئافرەتان باسی لە پڕۆژەی ڕەخساندنی هەلی کاری بۆ گەنجان کرد، کە بۆ ئەو گەنجانەیە بێ کارن و خاوەن هیچ بیرۆکەیەکی کاریش نین، لەو بارەیەوە وتی: سەرەتای دەستپێکردنی پڕۆژەکە بە ڕاهێنانێکی ٨ ڕۆژی بووە بۆ ئەو گەنجانەی کار دەکەن، پڕۆژەکە لە قۆناغی یەکەمدایە، داتای کۆمپانیا و ڕێکخراوەکانمان وەرگرتووە تا سوود لە بۆشایی کۆمپانیاکان وەربگرین و گەنجان بخەینە سەر کار، پاشان فۆڕمی ئۆنلاین لە چوار پارێزگاکە بڵاو دەکەینەوە.
جیاوازی پڕۆژەکە ئەوەیە کە هێڵی گەرمی داناوە بۆ ئەوەی، ئەو گەنجانەی کە دەخرێنە سەر کار ڕووبەڕووی هەر کێشەیەک ببنەوە، بە زووترین کات لەلایەن هێڵی گەرمەوە وەڵام بدرێنەوە و کێشەکەیان چارەسەر بکرێت، سۆزان فەرەج وتی: قۆناغی دووەمی کارەکەمان دابین کردنی پاڵپشتی داراییە بۆ ٥٠ گەنج، لە ماوەیەکی کورتدا دەبنە خاوەنکاری خۆیان. لە پارێزگای هەڵەبجە ٦٠ گەنج بەشدارن و ٢٢یان ژنن، کە لە سەرجەم چین و توێژەکانن، ئامانجمانە لە هەڵەبجە ٨ بۆ ١٠ پڕۆژەی بچوک دروستبکەین تاوەکو بتوانن ببن بە خاوەن کاری خۆیان.
ئەو گەنجانە دەخەینە سەر کار کە لە ئەوروپا دیپۆرت کراونەتەوە
سەبارەت لە بیرۆکەی کارەکەیان و مەبەست لەم جۆرە پڕۆژانە، سوزان وتی: مەبەستمانە ئەو گەنجانە بخەینە سەر کار کە لە ئەوروپا گەراونەتەوە یان بیرۆکەی بەجێهیشتنی وڵاتیان هەیە، کۆمەڵێک گەنج بە هۆی نەبوونی ئامانج و ئاواتەوە بە لێشاو ڕوو لە ئەوروپا دەکەن، کە هەندێکیان دەگەن و هەندێکیان بێ سەروشوێن دەبن، لەم پڕۆژەیەدا ئامانجمانە هاوکاری ئەو گەنجانە بکەین و بیریان بخەینەوە کە کەسێک هەیە خەمخۆریان بێت، ماوەی چوار مانگ ئێمە لەگەڵ ئەو گەنجانەدا دەبین و بۆمان دەردەکەوێت کە چ بەهرەیەکیان هەیە و بە پێی ئەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین.
کەسانی بێ بڕوانامە بەشێکی سەرەکی پڕۆژەکەیە
ئەو گەنجانەی کە بەهۆی بارودۆخی ژیانەوە نەیانتوانیوە خوێندن تەواو بکەن، بەشێکە لە پڕۆژەکە و سۆزان فەرەج، بەرپرسی ڕێکخراوەکە وتی: ئەو کەسانەی کە بڕوانامەیان نییە توانیومانە بیانخەینە سەر کار، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ تاوەکو ئێستا کە ٢٠٢٤ بەردەوام کارمان بۆ ئەو گەنجانە کردووە کە لە ئەوروپا گەڕاونەتەوە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە، ئێمە بە درێژایی ساڵ کار بۆ گەنج دەکەین و ئەگەر لە ٪٥٠ی گەنج لەسەر کار بمێننەوە، هەوڵدەدەین کە بیرۆکەی چوون بۆ ئەوروپا لە مێشکیاندا لابەرین و پاڵپشتی داراییان بۆ بەدەست بهێنین تاوەکو خزمەت بە خاک و نیشتمان بکەین.