"پەروەردە بنەڕەتی کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنانە"
چالاکوانانی دەڤەری ڕانیە باس لە توندوتیژییەکان دەکەن و ڕایدەگەیەنن بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان پێویستە لە خێزان و قوتابخانەوە تاک پەروەردە بکرێت.
دیڤان سیهاد
ڕاپەڕین- توندوتیژی لە باشووری کوردستان بەهۆی ئەقڵیەتی کۆنەپەرست و پیاوسالاری کۆمەڵگەوە لە بەرزبوونەوە دایە بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠٢٢ی ئاژانسی نوژنها تەنها لەو ساڵەدا ٧٣ ژن کوژراون، ناچار بە خۆکوشتن کراون و سووتاون، هەواڵی کوشتنی ژنان لە میدیاکانەوە بووەتە بابەتێکی ئاسایی و وەکو هەواڵێکی ڕۆژانە تێدەپەڕێت، دەڤەری ڕاپەڕین لە باشووری کوردستان یەکێکە لەو ناوچانەی کە توندوتیژی تێدا تۆمار کراوە، وەک ناسکە قادر پیرۆتی لەدایکبووی ١٩٧٦ و دایکی پێنج منداڵ، کە لە ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ بە کوژراوی و لە ژێر گڵدا دۆزرایەوە.
چالاکوانانی دەڤەری ڕانیە باس لە توندوتیژییەکان دەکەن و ڕایدەگەیەنن بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان پێویستە لە خێزان و قوتابخانەوە تاک پەروەردە بکرێت.
دایکێکی هۆشیار کۆمەڵگەیەکی ناتوندوتیژ بەرهەمدێنێت
نەسرین حەمەد ئەمین، ئەندامی یەکێتی ژنانی کوردستان لقی ڕاپەڕین، باسی لە توندوتیژییەکانی سەر ژنان کرد کە لە ئاستی جیهانیدا ڕوودەدەن و چوار پارچەی کوردستانیش بێبەری نییە لێی، وتی: توندوتیژی جیهانییە، بەڵام لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازی هەیە، لە دەڤەری ڕاپەڕین لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای توندوتیژی گەورە کراوین، ئێمە لەڕووی نەتەوەیی و ناوچەیی و ڕەگەزییەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبینەوە، ئەمەش لەسەر دەروونی تاک کاریگەری هەیە و تاکێکی توندوتیژ بەرهەم دێت.
نەسرین باسی لە ڕۆڵ و کاریگەری ژنان کرد بەرامبەر بە کۆمەڵگەیەک کە توندوتیژی تێیدا نەبێت و وتی: ژن دەبێت هۆشیار بێت و ماف و ئەرکەکانی بزانێت، ژن منداڵ پەروەردە دەکات، بۆیە چەندە ژنان هۆشیار بن و توندوتیژیان لەناو ماڵ و خێزان و پیاوانەوە بەرامبەر نەکرێت، ئەوەندە منداڵ و کۆمەڵگەیەکی هۆشیار بەرهەم دێنێت، ئەم ئەرکەش تەنها لەسەر ژنان نییە، بەڵکو ئەرکی پیاویشە کە بیانەوێت توندوتیژی بنبڕ بکەن، ئەمەش دەبێت لە خێزانەکانەوە دەستپێبکرێت، لە سەرەتاشەوە ئەرکی باوک و دایک ئەوەیە کە جیاوازی نەکەن لەنێوان کوڕ و کچدا، کە هەموو شتێک بۆ کوڕ بەردەست بێت و کچی لێ بێبەش بکرێت، هەر ئەوکچەیە دەبێتە دایک و منداڵ بەرهەم دەهێنێت و تاکێکی سەلامەت و دوور لە توندوتیژی پەروەردە دەکات.
نەسرین باسی لە ئەرکی حکومەت و ڕاگەیاندنەکان کرد، کە دەبێت بە دروستکردنی بەرنامەی هۆشیاری و پەروەردەیی کۆمەڵگە ئاڕاستە بکەن، وتیشی: کەناڵەکان ئەوەندەی ئەڵقەی بیانیمان بۆ پێشکەش دەکەن، جەخت ناکەنەوە لەسەر بەرنامەیەکی پەروەردەیی جوان کە بەرنامەیەکی داڕێژراو بێت و خێزان سوودی لێوەربگرێت.
"یاسا جێبەجێ ناکرێت و توندوتیژی زیاد دەبێت"
مریەم حەمە شێخە، چالاکوانی ژنان و ئەندامی یەکێتی ژنانی کوردستان لقی ڕاپەڕین، جەختی کردەوە کە توندوتیژییەکان لە دەڤەری ڕاپەڕین هاوشێوەی وڵاتانی جیهان بەرزە، وتیشی: توندوتیژی جۆری هەیە، وەک توندوتیژی جەستەیی و دەروونی و ئابوری و چەندانی دیکە، گرنگترین چارەسەریی پەروەردەی خێزان و تاکە کە لە قوتابخانەکانەوە دەستپێبکات، بۆ ئەوەی توندوتیژی بنبڕ بکرێت، هەروەها ڕێکخراوەکانیش دەتوانن بە کاری یەکگرتووی و لە ڕێگەی کۆڕ و سیمینارەوە هەوڵی نەهێشتنی توندوتیژی و هۆشیاری تاک بدەن، چونکە ئەو توندوتیژییەی ئەنجام دەدرێت لە خێزانەوە سەرهەڵدەدات و بە قوتابخانەدا بۆ کۆمەڵگە دەگوازرێتەوە، ئێمە لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای توندوتیژی گەورە بووین، بۆ ئەوەش پەروەردە گرنگە.
مریەم حەمە شێخە باسی لە گرنگی ڕۆڵی یاسا کرد، کە دەتوانێت توندوتیژییەکان کەم بکاتەوە، نەیشاردەوە، کە لە باشووری کوردستان یاسا دەردەچێت بەڵام جێبەجێ ناکرێت، وتیشی: بۆ نمونە یاسای توندوتیژی خێزانی دەرچووە، بەڵام توندوتیژی هەر بەردەوامە و زیاتریش بووە، چونکە یاسا جێبەجێ ناکرێت، کە پیاوێک ژنێک یان منداڵێک دەکوژێت، بەپێی یاسا سزای خۆی وەناگرێت و دەبێتە چاولێکەری، چونکە یاسا لە سەرووی هەمو شتێکە بۆیە ئەگەر یاسا جێبەجێ نەکرێت، کۆمەڵگەش بەرەو هەڵدێر دەچێت.