دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵانی کچ و ژنانی گەنج گەشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار

ناهۆشیاری کۆمەڵگە لە تێڕوانینان بەرامبەربە ژنان و زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە هەرێمی کوردستان وایکردووە دەستدرێژی بەرامبەر بە منداڵی کچ و ژنانی گەنج زیاد بکات و ئەمەش ببێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی دەروونی، حکومەت کەمتەرخەمە لە جێبەجێکردنی یاساکان.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- دەستدرێژی سێکسی بۆسەر منداڵانی کچ و ژنانی گەنج، لە قسەی سێکسیەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە دەست لێدان، کە زۆرجار ئەم دەستدرێژیانە لەلایەن کەسە نزیکەکانی خێزانەوە ئەنجامدەدرێت، زۆرجار بە هۆی هەڕەشەوە لەلایەن ئەو کەسەی کە دەستدێژی کردووەتە سەریان دەیشارنەوە، ئەمەش کاریگەری خراپی دەروونی دەبێت لەسەر منداڵانی کچ و ژنانی گەنج کە وا هەستدەکەن تووشی ئابڕوچوون بوون.

 

نەشمیل ڕەسوڵ حەمەئەمین، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیە دەروونییەکان، باسی ئەو دەستدرێژیانەی کرد کە دەکرێتە سەر منداڵی کچ و ژنانی گەنج، ئەگەر بە قسەیەکی نەشیاو بێت یان بە دەستدرێژی سێکسی بێت، کە زۆرجار لەلایەن کەسانێکەوە ئەم دەستدرێژیە دەکرێت کە کەسی متمانە پێکراوی خێزانەکانن.

 

"دەستدرێژیکردنە سەر منداڵی کچ و ژنانی گەنج بووە بە بابەتێکی گەرمی کۆمەڵگە"

نەشمیل ڕەسوڵ لە باسکردنی دەستدرێژیکردنی سێکسی بۆ سەر منداڵی کچ و ژنانی گەنج وتی: دەستدرێژیکردن بۆ سەر منداڵی کچ و ژنانی گەنج ڕووی لە زیادبوون کردووە، ژنان ئێستا زیاتر سکاڵا تۆماردەکەن لەچاو پێشتردا و ئەم بابەتە بووەتە بابەتێکی گەرمی کۆمەڵگە، کە زۆرجار ئەم دەستدرێژیە سێکسیانە بە پێی توندیەکەی دەگۆڕێت و لەلایەن خێزانەوە ئەنجامدەدرێت، یان لە دەرەوە لەسەر شەقامەکان بە گێچەڵ پێکردن، دواکەوتن و قسەی نەشیاو.

 

"توندوتیژی سێکسی هۆکارێکە بۆ تووشبوون بە نەخۆشی دەروونی"

 نەشمیل ڕەسوڵ ئاماژەی بەوەشکرد کە هەندێک لە نەخۆشیە دەروونیەکان بۆماوەییە، هەندێکی تریان دەگەڕیتەوە بۆ ئەو ڕووداوانەی ژیان کە کەسەکە پێیدا تێپەڕیووە، وە هەندێک لە نەخۆشیە دەروونیەکان دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی کە لە منداڵیدا کچان ئیهمال کراون، هۆکاری سەرەکیش بۆ تووشبوون بە چەندین جۆری نەخۆشی دەروونی دەگەڕێتەوە بۆ دەستدرێژی سێکسی، چونکە ئەو منداڵانەی کە دەستدرێژیان کراوەتە سەر گرفتی خۆ ئازاردان و گرفتی خواردنیان بۆ دروستدەبێت.

 

هەروەها نەخۆشی شێزۆفرینیا و هەندێ لە نەخۆشیە دەروونیە توندەکان لە شەش مانگی پێش تووشبوون بە نەخۆشیەکە دەردەکەوێت کە بە ئەگەری زۆرەوە هۆکارەکەی دەستدرێژی سێکسی بووە، هەندێکجار بەهۆی گێچەڵ پێکردنەوە کەسەکە تووشی حاڵەتێکی فیسۆلۆجی دەبێت، کە دەیەوێت بە تەنها بمێنێتەوە و دوور دەکەوێتەوە لە هەموو شتێک، بەردەوامبوون لەسەر ئەم حاڵەتە تووشی تووڕەبوونی زۆر، هیلاکی جەستەیی و دەروونی، نەخۆشیەکانی دڵی دەکات.

 

"هەندێک ڕەفتار نیشانی دەدات کە منداڵی کچ یان ژنانی گەنج دەستدرێژی کراوەتە سەریان"

ئەو پزیشکە ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو منداڵانەی یان ئەو ژنە گەنجانەی دەستدێژی دەکرێتە سەریان بە قسەکردن، حاڵەتی جەستەیی و بە هەندیک ڕەفتاردا دەردەکەوێت کە تووشی دەستدرێژی تووند یان دەستدرێژی بەردەوام بوون، ئەمەش وایان لێدەکات خۆیان لابدەن لە هەندێک پەیوەندی، تووشبوون بە جۆرەها نەخۆشی دەروونی، دڵەڕواکێی کۆمەڵایەتی و ترسێکی دیاریکراو-فۆبیا.

 

"کچانی منداڵ و ژنانی گەنج قوربانی دەستی کۆمەڵگان"

نەشمیل ڕەسوڵ لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بەداخەوە زۆرجار ئەو کچ و ژنە گەنجانەی دەسترێژی سیكسیان دەکرێتەسەر لەلایەن کەسە نزیکەکانی خێزانەوەیە یان کەسێکی متمانە پێکراوی خێزانن، لە کۆمەڵگەی کوردیدا یارمەتی منداڵی کچ و ژنانی گەنج نادرێت کە دەستدێژی سێکسیان دەکرێتەسەر و تێگەشتنیان نییە بۆ ئەو بابەتە بە هۆی کولتوورەوە، جگە لەوەش وەک تاوانبارێک سەیریان دەکەن لەلایەن کۆمەڵگە و خێزانەوە و وادەکات دۆخی منداڵانی کچ و ژانانی گەنج سەخت تر بێت.

 

پاڵپشتیکردنی خێزانەکان زۆر گرنگە بۆ هەر کەسێک کاتێک تووشی حاڵەتێکی دەستدرێژی دەبن، دەبێت بەشێوەیەک یارمەتیان بدەین کە هاوسۆز بین لە گەڵیاندا و بە بێ ڕەزامەندی خۆیان لێیان نزیک نەبنەوە، چونکە بە حاڵەتێکی وادا تێپەڕیوون بە هەر دەست لێدانێک لەوانەیە تووشی ڕاچەڵەکان بن.

 

"نەخۆشەکان لە ڕێگەی دەرمان و ڕاوێژکاری دەروونیەوە چارەسەر وەردەگرن"

نەشمیل ڕەسوڵ باسی لەوەشکرد، ئەو منداڵە کچ و ژنە گەنجانەی تووشی حاڵەتی دەروونی بوون بە هۆی دەستدرێژیەوە، چارەسەری جیاواز وەردەگرن بە پێی حاڵەتە دەروونیەکەی، لە ڕێگەی دەرمان لە ژێر چاودێری پسپۆڕی تایبەت بە نەخۆشیە دەروونیەکان و هەروەها ڕاوێژکاری دەروونی، بەشێکیان پێویستیان بە هەردوو چارەسەرەکە هەیە و بەشێکیان کە چارەسەر وەردەگرن بە سەرکەوتووی دەچنەوە ناو کۆمەڵگە، بەهۆی ناهۆشیاریەوە هەندێک لە خێزانەکان منداڵەکانیان ناهێنن بۆ چارەسەری دەروونی و ئەگەر بیشیهێنن زۆر درەنگ دەیهێنن کە حاڵەتە دەروونیەکەی زیاتر قوڵبووەتەوە.

 

"پاڵپشتی خێزان و پەروەردەی دروست ڕێگری دەکات لە زیادبوونی دەسترێژی سێکسی"

نەشمیل ڕەسوڵ لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: پێویستە هەر لە سەرەتاوە منداڵان فێربکەین کە جەستەیان هی خۆیانە و کەس ناتوانێت دەستکاری جەستەیان بکات، منداڵانی کچ فێر بکرێن و ڕێگە نەدەن کە هەر کەسێکی خێزانەکانیان یان کەسانی دەرەوە بە شێوەیەکی نەشیاو دەستیان لێبدات، هەروەها پێویستە خێزانەکان گوێگرێکی باشی منداڵەکانیان بن و کاردانەوەیان باش بێت، کاتێک منداڵەکانیان باسی بابەتێک دەکات، چونکە پاڵپشتی خێزان و پەروەردەی دروست وادەکات دەسترێژیکردنە سەر کچانی منداڵ و ژنانی گەنج کەمتر بێت.

 

https://youtu.be/JQlgqKubkO8