ژنێکی ئێزدی ڕزگارکراو لە دەستی داعش باس لە ٨ ساڵی دیلبوونی دەکات

وەفا عەلی عەباس، خەڵکی گوندی کۆجۆی شەنگالە، لە فەرمانی ساڵی ٢٠١٤ لە شەنگال لەلایەن چەتەکانی داعشەوە ڕفێندرا، لە ڕۆژی ٩یەمی ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنیدا لە دەستی داعش ڕزگار کرا، وەفا باسی ئەو ٨ ساڵە دەکات کە لەلایەن داعشەوە بەدیل گیرابوو.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

حەسەکە- لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ چەتەکانی داعش بە پشتیوانی و هاوکارییەکی زۆرەوە دەیانویست هەموو کوردستان داگیر بکەن و گەلی کورد کۆمەڵکوژ بکەن بۆ ئەو مەبەستە چوونە شەنگال، لەو ڕۆژەدا بەهەزاران پێشمەرگەی پەدەکە و سوپای عێراق کە بۆ پاراستن لە شەنگال بوون، سەنگەرەکانیان چۆڵکرد و گەلی شەنگال و کولتوور و باوەڕیی و خاکەکەیان ڕووبەڕووی لەناوچوون بووەوە، چەندین گوند کۆمەڵکوژی تێدا ئەنجامدرا و هەزاران کەس کۆمەڵکوژکران و هەزاران ژنی ئێزدییان بە دیل گرت.

 

یەکێک لەو گوندانە گوندی کۆجۆیە کە سەدان کەسی ئەم گوندە کۆمەڵکوژ کران و ڕفێندران، تا ئێستاش چارەنووسی بەشێکی زۆریان نەزانراوە، بەشێکی دیکەشیان لە هێرشەکاندا بۆسەر مۆڵگەکانی داعش و چەتەکانیان دەدۆزرێنەوە و ڕزگار دەکرێن.

 

لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنی کە لە ٢٥ی ئاب لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆوە بە هاوکاری یەپەژە و قەسەدە لە کامپی هۆل دەستیپێکرد، ژنێکی ئێزدی بە ناوی وەفا عەلی عەباس کە لە تەمەنی ٩ ساڵییەوە لە لایەن داعشەوە بەدیل گیراوە، توانرا دوای هەشت ساڵ ئەشکەنجە لەلایەن یەپەژەوە ڕزگار بکرێت، وەفا سەبارەت بە ٨ ساڵی دیلکردن و ئەو بارودۆخەی تێیدا بووە، چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە.

 

"چەتەکانی داعش بە پیرانی هۆزی گوندی کۆجۆیان وت کە ئێوە تەنها سێ ڕۆژتان هەیە بۆ ئەوەی خۆتان بەدەستەوە بدەن، ئەگەرنا ئێمە ناچارتان دەکەین و دەتانبەین، پیرانی هۆزەکە ئەمەیان قبووڵ نەکرد و ئەوانەی توانیان خۆیان ڕزگاربکەن بەرەو دهۆک و سلێمانی و باشووری کوردستان بەڕێکەوتن، باوکم ئۆتۆمبێلی نەبوو کاتێک سواری ئۆتۆمبێلی هاوڕێکەی بووین و گەیشتینە ناوەڕاستی شەقامەکە، چەتەکانی داعش ڕێگایان لێگرتین و پێیان وتین بگەڕێینەوە ماڵەکانتان، گەڕاینەوە، پاشان دەوری گوندەکەی ئێمەیاندا، چەتەکان هەموو ئەو شتانەیان برد کە هەمانبوو، پاشان کەسانی بەتەمەن باوک و دایک و ژنی گەنج و منداڵ دایکان و ژنانی گەنج و گەنج و منداڵان کە لە خوێندنگەی گوندەکە بوون لەیەکتر جیاکرانەوە، پاشان هەموو ئەو کەسانەی لەگوندەکە دەستگیرکران بران بۆ موسڵ، من لەو کاتەدا دایک و باوک و برای خۆمم نەبینی، پاشان پاسێکی گەورەیان هێنا و هەموو منداڵە کچەکانیان بردە پارکێک و لەوێوە بردیانین بۆ ڕەقە".

 

هەوڵیان دا هەڵبێن

وەفا عەلی عەباس پاش پەڕینەوە بۆ ڕەقە هەوڵدەدات خۆی لە دەست چەتەکان ڕزگار بکات، وتی: بیرم نییە کە چووین بۆ کێڵگەیەک یان قوتابخانەیەک لەبەر ئەوەی ئەو کاتە منداڵ بووم، ئێمە هەموومان کچ بووین و دایکمان لەگەڵ نەبوو، من و خوشکەکەم و چەندین منداڵی ئێزدی لەوێ بووین ئێمە ڕامان کرد و مەودایەکی زۆر دوورمان بەپێ بڕی، ئێمە کەوتینە ناو چەندین ماڵەوە، دەستمان بەرزکردەوە بۆ زۆر کەس لەسەر ڕێگاکە، بەڵام کەس بۆ ڕزگارکردنی ئێمە نەوەستا. لە ڕێگادا ئێمە و چەتەکان لە بەرامبەر یەک بووین، دەستگیریان کردین و ئێمەیان گەڕاندەوە بۆ هەمان زیندان، دواتر دەستیان کرد بە لێدان و لێکۆڵینەوەیان کرد کە کێ وتبووی بڕۆین، کێ دەرگاکەی کردەوە و ئێمە چۆن زانیمان بڕۆین.

 

هەندێک لەو منداڵانە نەگەڕاونەتەوە

وەفا عەلی عەباس ئاماژە بەوەدەکات کە هەموو کاتژمێرێک و خولەکێک چەتەکان دەیانفرۆشتن و وتی: "هەر خولەک و کاتژمێرێک دەهاتن و منداڵێکی کچیان دەبرد، بەرپرسی زیندانەکە ئێمەی بۆ چەتەکانی خۆی دەفرۆشت، دوای ئەوەی ئەو منداڵانە دەستدرێژیان دەکرایە سەر دەیانگەڕاندنەوە بۆ زیندان و هەندێکیشیان دوای دەستدرێژی بە چەکدارانی تر دەفرۆشران، من و خوشکەکەم پێکەوە بووین، چەتەیەک هات بۆ لای خوشکە کەڕوڵاڵەکەم و سوکایەتی پێکرد، دەستی خوشکەکەمم گرت و پێم وتن کە ئێمە پێکەوە بگرن، خوشکەکەم چونکە نابیستە، من تەمەنم ٩ ساڵ بوو خوشکەکەم تەمەنی ١٣ ساڵ بوو، پاشان دەستی خوشکەکەمی گرت و قژی ڕاکێشا و ڕایکێشایە سەر زەوی تا کەوتە سەر پلیکانەکان و بردی، هاوارم کرد، ئەویش هاواری کرد و گریا پاشان خوشکەکەم ون بوو.

 

لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا دووگیان دەبێت

وەفا عەلی عەباس کە ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی زۆر بووەتەوە لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا دووگیان بووە، وتی: "لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا، دووگیان بووم کاتێک ئەبو حەسەن دەستدرێژی کردە سەرم، پاشان پێی وتم بچمە دەرەوە بۆ شوێنێکی بەرز، یان شتێکی قورس بەرز بکەمەوە بۆ ئەوەی منداڵەکە لەباربچێ، منداڵەکە لە سکمدا گیانی لەدەستدا، پاشان ئەو پیاوەی دووگیانی کردم کوژرا".

 

لە ڕەقەوە بۆ دێرەزۆر و کامپی هۆل

وەفا عەلی عەباس ڕایگەیاند کە خۆی و پورەکەی دوای چەند ساڵێک لە دیرەزۆر یەکیان بینییەوە، "دوای هەڵگیرسانی شەڕ لە ڕەقە، بۆردوومان دەستیپێکرد و چووین بۆ ناوچەیەک بەناوی مەرەشیدا لە دیرەزۆر، پاشان من و پورم پێکەوە بووین، لەو کاتەدا هاوسەرگیریم لەگەڵ پیاوێکی تر پێکرا بە ناوی ئەبو ئەحمەد، ئەو پێشتر دوو ژنی هەبوو، من سێیەم بووم. پاشان چووین بۆ باغۆز، دوای ئەوە لەوێ ڕۆشتین و هاتووین بۆ کامپی هۆل".

 

"پێموانەبوو لەم دۆزەغە ڕزگارم ببێت"

وەفا عەباس جەختی لەوە کردەوە کە نەیتوانیوە لە کامپەکە دەرباز بێت و بەردەوام بوو: "ویستم کامپەکە بەجێبێڵم و خێزانەکەم ببینم، بەڵام لە لایەکی ترەوە دەمگوت کێ ئاگای لێم دەبێت؟ دواتر نەهاتمە دەرەوە، لەماوەی ئەم ساڵانەدا ئازار و سوکایەتییەکی زۆرم بینی تەنیا لەبەر ئەوەی ئێزدی بووم، هەموو شتێکیان بۆ کردم، پێیان وتم کە تۆ کافریت و باوەڕ ناهێنیت، من زۆر ترساوم، من بیرم بۆ ئەوە نەدەچوو کە لەم دۆزەغە ڕزگارم دەبێت".

 

لە کۆتای قسەکانیدا وتی: بە زووترین کات دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆلای خێزانەکەم و ژیانێکی نوێ دەستپێبکەم، من تەنانەت زانیاریشم لەسەر خێزانەکەم دەست ناکەوێت، سوپاسی یەپەژە دەکەم کە لە کامپی هۆل لە چنگی چەتەکانی داعش ڕزگاریان کردم، داوا لە ئێزدیەکان دەکەم لە دەستی داعش بە زووترین کات خۆیان ڕزگار بکەن.