"تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەری نەرێنییان لەسەر ئاڕاستەکردنی گەنجان هەیە"

تۆڕی کۆمەڵایەتی و مۆدێلەکان بوونەتە هۆکارێک بۆ خراپبوونی بیرکردنەوە و مامەڵەکردنی گەنجان و منداڵان، لە هەندێک حاڵەتدا کەسانی بەتەمەنیش کەتوونەتە ژێر کاریگەرییەوە، لەگەڵ نەبوونی سانسۆر خێزان و تاکیش هۆشیار نین لە تەماشاکردنی بڵاوکراوەکاندا

شنیار بایز

 

سلێمانی- تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشی زۆری کاتی تاکەکانی کۆمەڵگە پێکدەهێنێت، لە ناویدا چەندین کەسایەتی هەن بەبێ هیچ ئایدیایەک کە لە خزمەتی کۆمەڵگەدا بێت، بە بڵاوکراوەکانیان کۆمەڵگە و بەتایبەت گەنجان ئاڕاستە دەکەن، بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتیش بێ ئاگاداربوون لە ئامانجی ئاڕاستەکردن و بەلاڕێدابردن و سیاسەتی پشت شاشەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شوێنیان کەتوون و تەماشایان دەکەن، زۆرکات گەنجان هیواخوازن هەمان ژیانی کەسایەتییەکانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان هەبێت و کاریگەرن بە کردەوەکانیان.

 

سیستم و دەسەڵات هۆکارە بۆ دروستبوونی کەسایەتییە بێ ئامانجەکانی لەو شێوەیە لەناو تۆڕی کۆمەڵایەتیدا، بە ئامانجی سەرقاڵکردنی گەنجان، جگە لەمانە منداڵان بە هەمان شێوە کەتوونەتە تەماشاکردنی تۆڕی کۆمەڵایەتی بە دیوە خراپەکەیدا و کاریگەرن بە ژیانی مۆدێل و کەسایەتییەکانی ناوی و مامەڵە و قسەکردنیشیان پشتڕاستی ئەمە دەکاتەوە، ئەوەی لێرەدا گرنگە گەنج هۆشیار بێت بەرامبەر ئەو بڵاوکراوانەی ڕۆژانە تەماشای دەکات، وریایانە بابەتەکان هەڵبژێرێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی خراپ ئاڕاستە نەکرێت.

 

ژنانی گەنجی شاری سلێمانی دەربارەی تۆڕی کۆمەڵایەتی و چاودێریکردنیان بۆی، بۆ ئاژانسی نوژنها دووان و باسیان لە کۆمەڵێک لایەنی ئەرێنی و نەرێنی کرد.

 

"گرنگە بە پێی تەمەنی خۆت تەماشای بابەتەکان بکەیت"

شانیا سەروەر، خوێندکاری کۆلێژی بازرگانی زانکۆی سلێمانی، باسی لەوەکرد، هەموو کۆمەڵگە تۆڕی کۆمەڵایەتی بەکاردەهێنێت، بەڵام پێویستە بۆ بەکارهێنانی ڕەچاوی تەمەن بکرێت، بە پێی تەمەنەکە ئەو بابەتانە سەیر بکرێت کە گونجاوە، وتیشی: کاتێک من خوێندکاری زانکۆم نابێت تەماشای بابەتێک بکەم ببێتە هۆی تێکچوونی بیر و هۆش وەک مۆدێلی پۆشاک و چەندین شتی سەردەمیانە".

 

ئاماژەی بەوەدا، بەرنامەی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە گشتی بە جۆرێکن ڕۆژانە تەماشای چی بکەیت ئەوە دێتەوە بەردەمت، بۆیە پێویستە وریا بیت لە بەرامبەر بڵاوکراوەکاندا، "بەهۆی ئەو هەموو قەیرانە یەک لە دوایەکانەی هەن لە باشووری کوردستان گەنج بێ ئومێد بووە، بۆیە بە گشتی دەڵێن ناخوێنین یاخود بۆچی هەوڵبدەین بەڵکو کاتەکانیان بە شتی لاوەکی بەسەردەبەن، نایەن هەوڵبدەن و بگەنە ئەو بڕوایەی بە هەوڵدان دەتوانن نەرێنییەکان ئەرێنی بکەن.

 

"حکومەت نەک سانسۆر، بەڵکو دەبێت کەسانی نەرێنی ناو تۆڕی کۆمەڵایەتی دوورخاتەوە"

شانیا وتیشی: تۆڕی کۆمەڵایەتی و دنیای ئەلکترۆنی بە جۆرێک پێشکەوتووە، حکومەت چەند سانسۆر بخاتە سەری خەڵکی ڕێگایەک دەدۆزنەوە بۆ تەماشاکردنی شتانی بێ سوود، هەرچەندە پێویستە خودی حکومەت هەوڵبدات بۆ سانسۆرکردنە سەر کۆمەڵە کەسانێک و کۆمەڵێک بڵاوکراوە، بەڵام گرنگە خودی هاوڵاتیان خۆشیان شوێن تەماشای بابەتی تەندروست بکەن، دەبێت خۆت کۆنتڕۆڵی خۆت بکەیت، بە تایبەت منداڵان، ژیان بە جۆرێکە هەمووان پێویستیان بە بەکارهێنانی ئامێرە ئەلەکترۆنییەکان هەیە، بۆیە پێویستە دیاری بکرێت بۆ منداڵ تەماشای چی بکات، خودی حکومەت دەبێت کار لەسەر لابردنی کۆمەڵێک کەسایەتی خراپ بکات بۆ ئەوەی چیتر کاریگەری خراپ لە کۆمەڵگەدا بڵاو نەکەنەوە.

 

"پێویستە ڕێگری بکەیت لەوەی کە گاریگەربیت بە بڵاوکراوە نەرێنییەکان"

دێنێ تاهیر، باسی لەوەکرد، هەرچەند خۆت بە دوور بگیریت لە بڵاوکراوەی نەرێنی ناو تۆڕی کۆمەڵایەتی بەڵام هەر دێتە بەرچاوت، لە ڕێگای ڕیکلامی نا تەندروست، دەڵێت: "بەو پێیەی ئێستا بە گشتی و گەورە و بچوک تۆڕی کۆمەڵایەتی بەکاردەهێنین، بۆیە گرنگە ئاگاداربین کە چۆن بەکاری دەهێنین و تەماشای چی دەکەین"، دەربارەی کەسایەتییە دیارەکانی ناو تۆڕی کۆمەڵایەتی و ئەوانەی کاریگەری خراپ لە کۆمەڵگەدا بڵاو دەکەنەوە ئاماژەی بەوەدا، زۆرترین ئەو تەمەنەی دەکەونە ژێر کاریگەریینانەوە منداڵ و گەنجانن، ئەمەش ئەرکی خێزانە هۆشیارانە لێیان دووربخاتەوە.

 

"لاسایکردنەوەی گەنجان بۆ بابەتی ناو تۆڕی کۆمەڵایەتی بووەتە خویەک"

ڕەیان سەباح، ئەوەی ڕوونکردەوە هەر داهێنانێک لە جیهاندا ئەکرێت لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە بۆیە بەکارهێنانی دەکەوێتە سەر خودی کەسەکە خۆی، بەڵام ئەوەی کێشەیە لە کۆمەڵگەی کوردیدا ناهۆشیارییە، هەروەها کۆمەڵێک کەسایەتی هەن کە ڕۆژانە بابەتی نەرێنی خراپ بڵاودەکەنەوە و کاریگەری خراپیان هەیە لەسەر گەنجان.

 

ڕەیان دەشڵێت: هەرچەندە بڵاوکراوەی خراپ هەبێت، دەبێت گەنج هۆشیار بێت شوێن باشە بکەوێت، گەنج هەوڵبدات خۆی بە دووربگرێت لە بابەتی ناسود، لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەکرد کەسایەتییە دیارەکان سەرەتا بە بابەتی بە سوود و ڕیکلامی بەرهەمی بە سوود خۆیان بەناوبانگ دەکەن، بەڵام دواتر لەپێناو داهات و بینەر ئاڕاستەی خۆیان دەگۆڕن، کاریگەری نەرێنی بڵاودەکەنەوە، بەو پێیەی لاسایکردنەوە خویەکی لە مێژینەی کۆمەڵگەی کوردییە بۆیە زۆرینەی هاوڵاتیان و گەنجان بەر زیانەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی کەتوون.