"هەموواری یاسای باری کەسی ڕووپۆشێکی مەزهەبی و تایەفەگەرای هەیە"

هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی عێراقی، ژنان و منداڵان دەخاتە ژێر دەسەڵاتی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و شلێر عەبدولمەجید، چالاکوان دەڵێت: هەموواری یاسای باری کەسێتی ڕوپۆشێکی مەزهەبی و تایەفەگەرای خۆی زاڵ دەکات بەسەر یاساکاندا.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- لە دوای بانگەشەی هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتیی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی عێراقی، چالاکوانان و یاساناسان مەترسییەکانی هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتیان بۆ هاوڵاتیان ڕوونکردەوە، کە تێکچوونی شیرازەی خێزان و نەبوونی مافی دایکایەتی ژنان و بەشوودانی کچانی ٩ ساڵ لەخۆی کۆدەکاتەوە، سەرەڕای هەبوونی ئەو زیانانەی ڕوو لە کۆمەڵگەی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام خوێندنەوەی یەکەم بۆ ئەم هەمووارە لە ٤ی ئاب و خوێندنەوەی دووەمیش لە ١٦ی ئەیلوولی ئەمساڵدا لە پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو.

 

"ژیانی ژنان و منداڵان دەکەوێتە ژێر هەڕەشەوە"

شلێر عەبدولمەجید ڕەشید، چالاکوانی مافەکانی ژنان، باس لەوەدەکات، هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عێراقی کە یاسای ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی عێراقییە، ژیانی ژنان و منداڵان دەخاتە بەر ئەقڵیەتی پیاوسالاری، دەشڵێت: بە هەمووارکردنەوەی یاساکە ڕووپۆشێکی مەزهەبی و تایەفەگەرایی خۆی زاڵ دەکات بەسەر یاساکاندا، ژنان لە مافەکانی دایکایەتی و کۆمەڵایەتی و خوێندن و مافی ژیان بێبەش دەکات و ژیانی منداڵان دەکەوێتە مەترسییەوە، یاساکان بە مەزاهیب ناڕوات بەڕێوە، کۆمەڵگە تەنها لە یەک مەزهەب پێکنەهاتووە، کۆمەڵگە لەڕێگەی هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی زیاتر پەرتەوازەی بە خۆیەوە دەبینێت.

 

ئەو چالاکوانە ئاماژەی بەوەشکرد، هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی کۆمەڵگە بەرەو شێواندن دەبات، وتیشی: تەواوی یاساکە مافی ژنان زەوت دەکات، بێبەشکردن لە مافی دایکایەتی، نەبوونی مافی خوێندن و بەهێزکردنی فکری و ڕاکێشانە ناو چەندین مەزاهیبەوە، کار ئاسانیکردنی پیاوان لە کاتی پێکهێنانی هاوسەرگیری و هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان بەدوای خۆیدا دەهێنێت، هەمووارکردنەوە و دەقە یاساکان کە بڕیارە بە گوێرەی یاسای ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩دا هەمووار بکرێتەوە، لەسەر بنەما یاسای و مافە جیهانییەکان دەبێت هەمووار بکرێتەوە، بە پێچەوانەوەش هەمووارکردنەوە لە چوارچێوەی مەزاهیبەکاندا کارێکی نامرۆڤانەیە بەرامبەر ژنان دەکرێت.

 

"بەشداریکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی و چالاکوانان کارێکی گرنگە بۆ ڕاوەستاندنی هەمووارەکە"

شلێر عەبدولمەجید ڕەشید، ئاماژەی بەوەشدا، لە سەرتاسەری عێراقدا هاوپەیمانی ١٨٨ی دژ بە هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی لە عێراقدا کار دەکەن و دەنگی هاوڵاتیان کۆدەکەنەوە، وتیشی: هاوپەیمانی ١٨٨ پێکدێت لە چالاکوانان و هاوڵاتیانی مەدەنی، لە ڕێگەی چالاکیەکانمانەوە ڕێگری لە هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عێراقی دەکەین، لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستاندا کارمان کۆکردنەوەی ڕای گشتی دەبێت، لەژێر چەتری هاوپەیمانی ١٨٨دا، لەڕێگەی پەیوەندیکردن و چالاکییەکانەوە کار بۆ هەمووار نەکردنەوەی یاساکە کراوە، بەشدارنەکردن لە خوێندنەوەی دووەمی یاساکە کارێکی گرنگبوو بۆ نەڕۆیشتن و بەرجەستە نەکردنی یاسای باری کەسێتی.