فاتن عەتاڵا: ژنانی غەززە بە دوای سەرچاوەی بژێویدا دەگەڕێن

لە غەززە، کە چەند مانگێکە ڕووبەڕووی هێرش دەبێتەوە؛ ژنان بەدوای ڕێگا و سەرچاوەکانی ژیاندا دەگەڕێن، فاتن عەتاڵا ئاماژەی بەوەکرد، بەدوای بژێوی ژیانی خۆیدا دەگەڕێت بۆ خۆی و هەزاران ژن و داوای لە کۆمەڵگە نێودەوڵەتییەکان کرد هەنگاو بنێن.

نەغم کەراجە

 

غەززە-هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە بەردەوامەو هەموو ڕۆژێک قورس دەبێت، لە هێرشەکاندا ١٤ هەزار منداڵ و ٩ هەزار و ٢٢٠  ژن گیانیان لەدەستداوەو ٧ هەزار کەسیش بێسەروشوێن بوون. ژمارەی کوژراوان نزیکەی ٣٢ هەزار کەسە و ٧٣ هەزارو ٩٣٤ کەسیش بریندار بوون، ئاژانسەکانی هاوکاری نێودەوڵەتی ئاماژەیان بەوەکرد، خۆراک لە غەززەدا نەماوەو ملیۆنان کەس برسین.

 

"ژنان ئەشکەنجە دەدرێن"

ژنانی غەززە برسی و نەخۆشن لە خراپترین بارودۆخدا لە پێداویستییە سەرەتاییەکان بێبەشن، یەکێک لە ژنەکان فاتن عەتاڵایە، کە ماڵەکەی بەهۆی بۆردومانەوە وێران بووە و هیچ شتێک نەماوە بۆ ئەوەی لەگەڵیدا بژی، وتی:  ژنان لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە دەستگیر دەکرێن و ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دەبنەوە.

 

"دۆخی شەڕ ئازارەکانمانی دوو هێندە کردووە"

فاتن عەتاڵا، ئاماژەی بەوەشکرد، ئازارەکانیان بەهۆی جەنگەوە دوو هێندە زیادی کردووە، بەدوای ڕێگا و سەرچاوەی بژێویدا دەگەڕێن بۆ ژیان، دەستی کردووە بە فرۆشتنی توتن بۆ بژێوی ژیان و وتی: دەزانم ئەمە بڕیارێکی قورسە، بەڵام هیچ جێگرەوەیەکی دیکەم نەدۆزیوەتەوە، کاتێک چاوەڕێی یارمەتی خەڵک دەکەین، پێویستە بەدوای چارەسەردا بگەڕێین و پێداویستییەکانمان دابین بکەین.

 

"پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پلانێک بۆ پاراستنی ژنانی غەززە ئامادەبکات"

فاتم عەتاڵا ئەوەیخستەڕووم ڕۆژانە ٩ کاتژمێر کار دەکات بۆ فرۆشتنی توتن و وتی: تەندروستیم هەموو ڕۆژێک خراپتر دەبێت و ئەمەش فشار دەخاتە سەرم، بەڵام سەرەڕای ئەم سەختییانە، دەبێت بەردەوام بم لە کارەکەم، بۆیە تەنانەت ئەگەر قورسیش بێت، ئێستا دەتوانم خەرجی ڕۆژانەم دابین بکەم.

 

دەربارەی ئەوەی هەزاران ژنی وەک ئەو لە غەززە هەن  وتی: ئێمە لە هەمان دۆخداین، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پلانێک بۆ پاراستنی ژنانی غەززە ئامادە بکات.

 

"پێویستە دەستبەجێ شتێک بکرێت بۆ ژنانی فەلەستین"

 

فاتن عەتاڵا ئاماژەی بەوەدا، لە ٨ی ئادار ژنان لە سەرانسەری جیهاندا ئاهەنگیان گێڕا بۆ سەرکەوتنەکانیان و ڕۆڵی سەرەکی خۆیان نیشاندا، بەڵام ژنانی غەززە بەهۆی هێرشەکانی جەنگەوە بە زیانەوە ئەو یادەیان کردەوە، وتی:  ئەو شتانە لەبیر ناکەین کە چەندین ساڵە ئەزموونی دەکەین، داوامان لە کۆمەڵگە نێودەوڵەتییەکان ئەوەیە دەستبەجێ هەنگاو بنێن.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا فاتن عەتاڵا داوای فشارێکی زۆری کرد بۆ سەر ئیسرائیل بۆ کۆتایی هێنان بە هێرش و پێشێلکارییەکان بۆ سەر غەززە و سەپاندنی ڕێگەچارەیەک بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان.