دالیا عومەر: بەربەستەکان بۆ ژنانی چەمچەماڵ زۆرن

تێکۆشانی ژنان لە باشووری کوردستان چەندین ساڵە بەڕێوە دەچێت،بەڵام تا ئێستا چەندین ناوچە هەن ئەقڵیەتی پیاوسالاری تیایاندا زاڵە و دۆخی ژنان لە ئاستێکی خراپ دایە.

شنیار بایز

 

چەمچەماڵ- نەبوونی ڕێکخراوی تایبەت بە کەیسەکانی ژنان، درێژەدان بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری لەلایەن خێزانەکانەوە هەروەها گرنگی نەدانی لایەنی پەیوەندیدار بۆ بەرەوپێشچوونی پرسی ژنان، وایکردووە ڕەوشی ژنان لە ناوچە داخراوەکان و ئەو ناوچانەی تا ئێستا کولتوور  و دابونەریت بە سەریاندا زاڵە باش نەبێت، ژنان هەنگاوی بەرەوپێشچوون دەنێن، بەڵام بەربەست و ڕێگرییەکانی بەردەمیان زۆرن.

 

"ڕێکخراو نییە بە تەنها کار لەسەر پرسی ژن و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بکات"

دالیا عومەر، چالاکوانی مرۆیی، دەربارەی ڕەوشی ژنان لە قەزای چەمچەماڵ ڕوونیکردەوە، بەهۆی دابونەریتی کۆمەڵگە و ئەو داخراویەی هەیە، لە ئێستادا ژنان نەیانتوانیوە خۆیان دەربخەن و پێشبکەون، بەرەوپێشچوون هەیە، بەڵام لاوازە و لە ئاستی پێویستیدا نییە، بەڵکو پێویستە هەوڵی تیادا بدرێت بۆ ئەوەی زیاتر بەرەوپێش بچێت و هۆشیاری ژنان و کۆمەڵگەی زیاتر بێت.

 

هەروەها دالیا نەبوونی ڕێکخراوی پێویستی لە سنوری چەمچەماڵ بە هۆکاری دۆخی ناوچەکە دانا، وتیشی: لە ئێستادا بەشی زۆری ڕێکخراوەکان لەو ناوچانەدا کار دەکەن کە ڕزگاربووی دەستی داعشن و دەرفەت کەمتر بۆ ڕێکخراوەکان دەگونجێت لێرەدا کار بکەن، بۆیە ڕێکخراوێکی تایبەت کار لەسەر هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بکات نییە، بەڵکو ڕیکخراو هەن لە ئاستی مافی مرۆڤدا کار دەکەن نەک بەتەنها ژنان.

 

"دامودەزگاکانی حکومەت، متمانەیان لای ژنان دروست نەکردووە"

دالیا عومەر ئاماژەی بەوەکرد، ڕێکخراو نییە بە تەنها کار بکات بۆ بەرەوپێشچوونی ڕەوشی ژنان و کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی توندوتیژی لە سنوری چەمچەماڵ، وتیشی: بەهۆی ئەوەی کۆمەڵگەکە داخراوە، بۆیە توندوتیژییەکانیش لە چوارچێوەی ماڵەکاندا دەمێنێتەوە، هۆکاری دیکەش هەن وەک نەبوونی متمانە بە دامودەزگاکانی حکومەت کە کاریان داڵدەدانی ژنانە، ئەمانە وایکردووە ژن توندوتیژییەکان نەهێنێتە دەرەوە.

 

لەلایەکی دیکەوە دالیا باسی لەوەکرد حاڵەتەکانی توندوتیژی تۆمار ناکرێت و گرنگی پێنادەن، بۆیە کۆمەڵگە هەست دەکات توندوتیژی کەمە، بەڵام بە پێچەوانەوە هەمووی لە چوارچێوەی خێزانەکاندا ماوەتەوە، چونکە هیچ ناوەندێکیش نییە بۆ ئەو ژنانەی توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، بۆیە توندوتیژییەکان دەرناکەون و کپ دەکرێنەوە.

 

"لایەنی پەیوەندیدار گرنگی بە بەرەوپێشچوونی دۆخی ژنان نادات لە چەمچەماڵ"

لە درێژەی قسەکانیدا دالیا عومەر ڕوونیکردەوە، ماوەی چەند ساڵێک لەمەو بەر ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی پاڵپشتی دارایی بۆ ژنان دانابوو، بەڵام ئەوەش لە ئاستی پێویستیدا نەبوو، چونکە لەوێش جیاوازی دەکرا، بەو شێوەیە کاریان نەدەکرد کە هانی ژنان بدەن بۆ گەیشتن بە ئابووری سەربەخۆی خۆیان و وایان لێبکەن خاوەن کاری سەربەخۆی خۆیان بن، لایەنی پەیوەندیداریش بەهۆی ئەو کێشە ئابووریەی لە ئێستادا هەیە گرنگی بەوە نادات ژنان لەسەر پێی خۆیان بن و مافەکانیان بەدەست بهێنن.

 

دالیا عومەر ئاماژەی بەوەکرد بەربەستەکان بۆ ژنان لە چەمچەماڵ زۆرن و جیاوازن، ژنانی بەتوانا هەن بۆ کارە جیاوازەکان بەڵام دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان وایان کردووە ببنە بەربەست بۆ کارکردنی ژنان، کاتێک ژنێکیش دەست دەکات بە کارکردن تووشی ترس و دڵەڕاوکێ دەبێتەوە، فشاری خێزان و کۆمەڵگەش ئەوەندە زۆرن ناتوانن ڕووبەڕوو ببنەوە.

 

"هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بۆ ئێستای چەمچەماڵ پێویستە"

دەربارەی ئەو ژنانەی چالاکوانن و هەوڵی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەی چەمچەماڵ دەدەن و ئەو بەربەست و فشارانەی دەخرێتە سەریان، دالیا وتی: ئەو ژنانەی لەناو ئەو کەمە ڕێکخراوانەدا کار دەکەن زۆر کات ڕووبەڕووی توانج و قسەی نەشیاو بوونەتەوە، ئەمەش وایکردووە چەندین کەس پەشیمان ببێتەوە لەوەی کار بکات، بەڵام بەهۆی خراپی دۆخی ئابووریەوە لە ئێستادا بەشێکی کەم لە خێزانەکان ڕازین بەوەی کچ و ژنەکانیان کار بکەن، ئەوەش وەک پێداویستی ئەگەر نا بە مافی ژنەکەی نازانن.

 

وەک باسی لێوە دەکات، کەم ژن هەیە خاوەن کاری تایبەت بەخۆی بێت، بەڵکو زیاتر لەگەڵ باوک و براکانیان کار دەکەن یاخود هاوژینەکانیان، ئەگەر نا کارکردنەکان زیاتر لە چوارچێوەی کاری ئۆنڵایندان، بەڵام ئەو فێستیڤاڵانەی لەم دواییانەدا ئەنجام دەدران هۆکارێک بوون بۆ ئەوەی ژنانیش کارەکانیان بهێننە دەرەوە و نیشانی بدەن، لە کۆتاییدا وتیشی: لە ئێستادا گرنگە کۆمەڵگەی چەمچەماڵ زیاتر هۆشیار بکرێتەوە، هەلی کار زیاتر بێت، بە تایبەت بۆ ژنان، بۆ ئەوەی ببنە خاوەن ئابووری سەربەخۆی خۆیان.