ناگیهان ئاکارسەل: ژنی بەڕێکخستنکراو بناغەی گۆڕینی کەلتووری دەسەڵاتی پیاوسالارییە

ساڵێک بەسەر تیرۆر کردنی ناگیهان ئاکارسەلدا تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا فکر و تێڕوانینەکانی بە زیندووی لە ناو دڵی ژنانی ئازادیخوازدا ماوەتەوە، تا ئێستاش هاوڕێ و هەڤاڵانی بە فکری ئەو درێژە بە ئامانجەکەی دەدەن.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ناگیهان ئاکارسەل ناسراو بە هەڤاڵ "زیلان"، تێکۆشەر و نووسەر و ڕۆژنامەنووس، ساڵی ١٩٧٦ لە گوندی خەلیکانی سەر بە شارۆچکەی گولیازی شاری قۆنیەی تورکیا لەدایکبووە، کولتوور و بیر و باوەڕی گوندەکەیان، کە بە پیرۆز سەیرکردنی خۆر و ئاگر و گەنمە، وەک ئەوەی لە ئاینەکانی عەلەوی و ئێزدییەکاندا هەن، وای لە ناگیهان کرد، خۆشەویستییەکی زۆری لە ناخیدا بۆ ناوچەکانی دەرسیم و شەنگال هەبێت.

 

ناگیهان قۆناغەکانی خوێندنی بەسەرکەوتوویی لە زێدی لەدایکبوونی تەواو دەکات و یەکەم چوونە دەرەوەی لە گوندەکەی بۆ زانکۆ بووە، لە زانکۆی گازی لە شاری ئەنقەرە لە بەشی ڕاگەیاندن وەردەگیرێت، بەڵام ژیانی شار و دیمەنی سەرمایەداریی هەستی بێزاریی و تەنهایی لەلا دروستدەکەن، بۆیە هەوڵدەدات لە شوێنێک ئارامیی و هەستکردن بە پێکەوەژیان بدۆزێتەوە، هەربۆیە بەشداری یەکێتی گەنجانی کوردستان دەبێت.

 

بەهۆی فکر و بۆچوون و چالاکییەکانی لە سەردەمی ژیانی زانکۆیدا، ساڵی ٢٠٠١ تا ٢٠٠٧ زیندانی دەکرێت، دوای ئازادکردنی لە زیندان، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٨-٢٠١٤ لە ئاژانسی هەواڵی دیجلە "DIHA" وەک هەواڵساز و پەیامنێر کاردەکات، هەروەها بەمەبەستی قوڵبوونەوە و زیاتر ڕۆچوون لە پرسی ژن و گرنگی ئازادیی ژن  لەم پرۆسەیەدا کۆرسەکانی بەشی خوێندنی ژنان لە زانکۆی حاجەتەپە وەردەگرێت.

 

هاوڕێیەتی لەگەڵ ژنانی بیانی هەبووە

لە دامەزراندنی یەکەمین ئاژانسی ژنان "ژنها" ڕۆڵ دەگێڕێت و کاردەکات، لە پێشخستنی ڕاگەیاندنی ژنان زۆر هەوڵدان و تێکۆشان دەکات، ساڵانێک وەک پەیامنێر و هەواڵساز لە چاپەمەنی کوردیدا کاری کردووە، لەپێناو پەرەدان بە ڕۆژنامەوانی ژنان لەو شوێنانەی کاری تێدا کردوون، تێکۆشەر و مامۆستا و هاوڕێی نزیکی هەمووان بووە، هەربۆیە تەنها لە چوارچێوەی ژنانی کورد نامێنێتەوە و ئاشنایەتی لەگەڵ ژنانی سەرجەم نەتەوەکانی دیکەی تورکیا پەیدا دەکات. 

 

ژنۆلۆژی، کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە ئاستی باڵادا لە ڕووی ئەکادیمی و دامەزراوەییەوە گرنگییەکی زۆری پێدەدات، ناگیهان لە ۆرۆسەی بە دامەزراوەییکردنیدا بەشداری دەکات و خوێندنی ئەکادیمیایانە پەرە پێدادەت، دەبێتە ئه‌ندامی ده‌سته‌ی سه‌رنووسه‌رانی گۆڤاره‌كه و به‌رده‌وامیش به‌ بابه‌ته‌كانی گۆڤارەکەی دەوڵەمەندتر کردووە.

 

دوای ساڵی ٢٠١٨ بەردەوام بوو لە بڵاوکردنەوەی توێژینەوە کۆمەڵناسییەکانی لەسەر عەفرین و شەنگال، جگە لەوەش عاشقی فەرهەنگی هەورامان و خۆڕاگری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و هەوڵیداوە لەو بوارانەدا لێکۆڵینەوە بکات، ساڵی ٢٠١٩ تا ساتی شەهیدبوونی لە باشوور بۆ پێشخستنی ژنۆلۆژی بێ وچان کاری کرد.

خاوەنی بیرۆکەی دامەزراندنی ناوه‌ندی ئەرشیف، توێژینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کوردە، کە لە شاری سلێمانی دامەزرا و سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و سەختییەکان، بڕوای بەوەبوو کە شۆڕشی باشووری کوردستان شۆڕشی ژنان دەبێت. 

 

چالاکوانێکی چالاکی بوارەکانی ژنان بووە

ژنێک بوو پڕاوپڕ لە هزری جوان، لە هۆشیاریی، لە تێکۆشان و بەرخۆدان. ناگیهان ماوەیەکی زۆر ڕەنجی داوە لە تێکۆشانی ئازادیی ژندا، بەتایبەت لە کارەکانی بزووتنەوەی گەنجانی زانکۆ، ڕاگەیاندن و کار و خەباتی ژنۆلۆژی، بە فیداکارییەکی گەورەوە پێشەنگایەتیی کردووە، لەبەر خاتری ئەو تێکۆشانەش چەندین ساڵ لە زینداندا بەرخۆدانی کردووە.

 

لە ساڵە هەرە زەحمەتەکانی شۆڕشی ژندا لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە هەموو ناوچەکانی ڕۆژئاوا و بەتایبەت لە عەفرین، بە بوێریی و پێداگیرییەکی زۆرەوە هەوڵیداوە بۆ ئەوەی شۆڕشی ڕۆژئاوا ڕەنگ و شوناسی ژن وەربگرێت و ژنان هۆشیار بکاتەوە، دەست لەسەر دڵ بووە بۆ ژنانی شەنگال، کە ڕووبەڕووی وەحشییەتی داعش ببوونەوە، لێکۆڵینەوەی زۆری کردووە بۆ ڕوونکردنەوەی کۆمەڵناسیی و مێژووی شەنگال و شەنگالییەکان.

 

ناگیهان ئاکارسەل سیمبولێک بوو، کە نزیکەی ٣٠ ساڵ تێکۆشانی بۆ فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی' دەکرد، کە ئەمڕۆ لە هەموو گۆشەکانی جیهاندا دەنگ دەداتەوە، بە ناسنامەی خۆی وەک ڕۆژنامەنووس، نووسەر و ژنۆلۆژیستێک لەناو کۆمەڵگە و ژنانی کورددا ناسرابوو.

 

لە بواری ڕۆژنامەگەریدا ئاستێکی باڵای هەبوو

ناگیهان ئاکارسەل، بە درێژایی تەمەنی چەندین توێژینەوەی گرنگی لە بواری ڕۆژنامەگەریی ژنان و ژناندا ئەنجامداوە، ناگیهان ئاکارسەل کەسێکە بە هەڵوێست و ڕۆژنامەگەری و تێڕوانینی خۆی نموونەیەک بۆ هەمووان دادەنێت، کەسێک بوو لەکاتی دروستکردنی هەواڵێکدا سەیری هەموو وردەکارییەکانی دەکرد و هەواڵێکی دەنووسی بەبێ ئەوەی هیچ بەشێکی ونبوو بەجێبهێڵێت، دەکرێت بڵێین دیدێکی جیاواز و زمانێکی جیاوازی هەیە، بەم مانایە کەسێک بوو خەباتی بۆ ئەو ڕاستییە دەکرد کە دەیزانی، بەرگری لە هەواڵەکانی خۆی دەکرد و ئامانجی ئەوە بوو شتێک لە دەرەوەی زمانی پیاو دروست بکات، لەم خاڵەدا یەکێک بوو لەو ناوانەی کە هەوڵی دەدا هەڵوێستێکی جیاواز بهێنێتە ئاراوە.

 

گەورەترین ئاواتی ئەوەبوو ڕۆمانێک لەبارەی ژیاننامەی خۆی و پەیداکردنی ئاشناییەتی لەگەڵ  فکری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بنووسێت، بەڵام پێش ئەوەی بتوانێت تەواوی بکات، لە ڕۆژی ٤ی تشرینی یەکەم لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی لەلایەن میتی تورک و بە هاوکاری سیخوڕی تیرۆر کرا.

 

دەربارەی خودبوونی ژن بەم شێوەیە بیری دەکردەوە

"خودبوون بناغەی پێگەشتنی ژنە، کە دەبێتە مایەی خۆبەڕێوەبەری و بڕیاردان بە ڕۆحێکی ژنانە، ئەو ڕۆحەش لە خودبوونەوە سەرهەڵدەدات، لە ئەنجامی خۆناسین و جێبەجێکردنی بیردۆزی ئازادی ژن"

 

ناگیهان ئاکاسەل پێی وابوو، سەرەکیترین هەنگاو بۆ خاوەن بڕیاری و خۆبەڕێوەبردنی ژنێک، خودبوونی ژنە، ئەوەش پڕۆسەیەکە بۆ گەیشتنی ژن بە ڕاستینەی خۆی، ڕێگایەکە بۆ گەیشتن بە جوانی و ڕاستی، گەیشتن بە خۆبوون تەنها لەسەر خۆڵی ئازادی دەبێت، کاتێک ئازادی نەبێت ئەو کاتە خۆبوون بوونی نابێت، لەبەر ئەوە یەکەم هەنگاو جێبەجێکردنی بیردۆزی ئازادی ژنە، هەمیشە باوەڕی بەوە بوو، خۆبوون لە ناسینی خود، مێژوو، کۆمەڵگە، سروشت و ئەو ژینگەی کە تێیدا دەژی، دێتە بوون.

 

پێی وابوو سەدەی ٢١ سەدەی ژنە

لە وتارێکدا بە ناونیشانی “پێویستی پارت لە تێکۆشانی ژندا” لە کتێبی”سەدەی بیست و یەک سەدەی ژنە” تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵ و ئەرکی ئەو پارتانەی کە ژنان تێیدا پێشەنگایەتی دەکەن و لایەنە ئایدۆلۆژییەکانی ڕێکخستنی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ ئەم قۆناغە شیدەکاتەوە.

 

ئاماژە بە سێ ناکۆکی زەق دەکات، کە ئەم سەدەیەیی پێ دەناسرێتەوە، ئەوانیش: ناکۆکی لە نێوان بژاردەیەک لە سەرمایەداران کە بە ڕێی گوشار و فشار دەستیان بەسەر زۆربەی موڵک و سامانی جیهاندا گرتووە، لە لایەک و هەموو مرۆڤایەتی لە لایەکی دیکەوە، دووەم ناکۆکی نێوان سروشت و ئەو مرۆڤەی بەهۆی زاڵبوونی بێسنوور و هەڵپەی بەرخۆریی، سروشت بەرەو لەناوچوون دەبات، هەرچی ناکۆکی سێیەمە، ناکۆکی ڕەگەزییە کە بە سیستەمی پیاوسالاریی گەیشتووەتە ئاستی لوتکە.

 

لە ڕوانگەی ناگیهان ئاکارسەلەوە ناکۆکی ڕەگەزیی لە سەرووی ناکۆکییەکانی دیکەوە دێت، پێی وایە "ناکۆکی ڕەگەزیی لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتییەوە زیاتر لە چین و نەتەوە، لە یادەوەریی مێژوویی و لە خراپ بەکارهێناندا، فراوانتر و گشتگیرترە، بەو پێیەی ژن کۆنترین و داگیرکراوترین و چینە، ئەو ناکۆکییە قووڵترین ناکۆکی کۆمەڵگەیە".

 

خاوەن دیدی و تێڕوانینێکی قوڵبوو بەرامبەر ئازادیی ژن

لە هەموو چاوپێکەوتن و لێدوانەکانیدا ئەو ڕاستییەی دەرخستووە و پێی وابوو، ژنی بەڕێکخستنکراو بناغەی گۆڕینی کەلتووری دەسەڵاتی پیاوسالارییە؛ دەڵێت: ژنی بەڕێکخستنکراو بناغەی گۆڕینی کەلتووری دەسەڵاتی پیاوسالارییە.

 

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی نوژنها، باس لەوەش دەکات، "ئەگەر ژنێک لە فکر و کرداردا ئازاد بێت، ئەوا دەتوانێت لەبارەی خۆی و کۆمەڵگەکەیەوە بڕیاری ئازادانە و سەرکەوتووانە بدات، ئەو ژنانەی خۆیان پەروەردە کردووە و خۆیان بەرەوپێش بردووە، دەتوانن خۆیان و کۆمەڵگە بەڕێوە ببەن و باشتر کار لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانیش بکەن".

 

هەروەها ڕوونی دەکاتەوە، کە بۆ بەدیهێنانی هەموو ئەمانە و گەیشتن بە ئامانجەکانیان ژنان پێویستیان بە ڕێگە و ڕێبازێکی دروست و ڕوونە، بۆ ئەوەی لەسەر پێی خۆیان بووەستن و بڕیاری خۆیان بدەن، پێویستە لەسەر دوو خاڵ کار بکەن، ئەوانیش؛ خۆهۆشیارکردنەوەیە لە زۆربەی بوارەکاندا و پەیڕەوکردنی سیستمێکی هاوسەنگە.