بەنداوی ئەمیر شوێنی گەشتیارییە، بەڵام ژنانی ناوچەکە لە هەژارییەکی زۆردا دەژین

ژنانی فرۆشیار لە پارێزگای بامیان دەبێت باج بدەنە تاڵیبان بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە کارەکانیان و لەبەرچاوی ڕێبواران و گەشتیاراندا هەراسان دەکرێن.

بەهاران لەهیب

 

بامیان - بەنداوی ئەمیر یەکێکە لە شوێنە گەشتیارییەکانی شاری بامیان لە ناوەڕاستی ئەفغانستان، کە لە ساڵی ٢٠١٠ وەک پارکێکی نەتەوەیی ناسێندرا و لە شەش بەنداو پێکهاتووە لە دڵی چیا بەرز و بەرزەکانی شارەکەدا و ساڵانێکە بە شێوەیەکی سروشتی بوونیان هەیە .

 

ویلایەتی بامیان بە جوانی سروشتەکەی بەناوبانگە، هاوکات بەنداوی ئەمیر لە ڕۆژئاوای پارێزگاکە و بتەکانی بودا شوێنێکی گرنگن بۆ گەشتیارانی بیانی، بەنداوی ئەمیر لە شەش بەنداو پێکهاتووە کە بووەتە دەریاچەیەکی سروشتی، هەروەها کانییە گڕکانییەکان ساڵانێکی زۆرە گەشتیارانی سەرتاسەری جیهانیان سەرسام کردووە، ئەم بەنداوانە بە بەنداوی "غولمان، زولفەقار، بنیر"، قەنبەر، بودینا و بەنداوی هیبات ناسراوە.

 

سەرەڕای ناوچە گەشتیارییە جوانەکەی بامیان بە یەکێک لە هەژارترین پارێزگاکانی ئەفغانستان دادەنرێت و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەم پارێزگایە ناتوانن کەمترین پێداویستییەکانی ژیان دابین بکەن و هێشتا لە ئەشکەوتەکاندا دەژین، هەروەها وەک ناوچەکانی تری بامیان ژیانێکی سەخت دەژین و هیچ داهاتێکیان لەو ناوچە گەستیارییە دەست ناکەوێت.

 

لە ناوچەکەدا چەندین ژنی فرۆشیار هەن کە کاری دەستی خۆیان دەفرۆشن و ڕووبەڕووی چەندین سەختی و مامەڵەی خراپ دەبنەوە لەلایەن تاڵیبانەوە، کە پارەکانیان بە زۆر دەبەن، جگە لەوەی باجیان لێدەستێنن تا هەراسانیان نەکەن، کەریمە حوسێنی، خاوەنی شەش منداڵە و لەگەڵ منداڵەکانیدا کارە دەستییەکانی دەفرۆشێت، هاوسەرەکەی تووشی ئازارێکی توندی گورچیلە بووە و بێکارە، لەگەڵ کۆرپە شەش مانگەکەیدا لەبەر خۆری سووتێنەردا بەرهەمەکانی دەفرۆشێت بەمەبەستی دەستەبەرکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خێزانەکەی.

 

لە نزیک ئەودا "س.ئ" لەگەڵ کچە منداڵەکەیدا کاری دەستی دەفرۆشێت، وەک ئەو ملیۆنان کچە ئەفغانییەی کە وازیان لە خوێندن هێناوە، هەروەها لە پێناو پەیداکردنی بژێوی ژیانیان ناچارن کار بکەن.

 

تاڵیبان هاوشێوەی شوێنەکانی تری کات بەسەربردن لە بەنداوی ئەمیر، یاسا توندەکانی خۆیان دەسەپێنن و ڕێگری لەو خێزانانە دەکەن کە بۆ کات بەسەربردن دەچن و ژنان تەنیا دەبێت لەگەڵ مەحرەمێکیاندا بچنە ئەو ناوچەیە.