"رۆژنامەنووسانی کورد لەژێر هێرشدا بەردەوامن لە کارەکانیان"

بە بۆنەی ١٢٥ەمین ساڵەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی، ڕۆژنامەنووس بێریڤان تونچ، کە لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی درێژە بە کارەکانی دەدات، ڕایگەیاند، ئێستا ژنانی کورد دەیانەوێت بە قەڵەم دەنگی خۆیان بگەیەنن.

مەخمور

 

یەکەم ڕۆژنامە بە زمانی کوردی لە لایەن میقداد مەدحەت بەدرخانەوە لە ساڵی ١٨٩٨ لە قاهیرەی پایتەختی میسر بە ناوی "کوردستان" دەرچوو، ئەمڕۆش لە کوردستان بە چالاکی و یادکردنەوە ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی پیرۆز دەکرێت.

 

ژنانی کورد لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ڕۆڵ و ئەرکی پێشەنگیان گێڕاوە و لە میدیاکاندا خۆیان ڕێکخستووە، تەلەفزیۆن و دەزگا و ڕادیۆ سەربەخۆکان بەڕێوەدەبەن و بە هەزاران ژن لە ڕۆژنامە و گۆڤار و ڕادیۆ و تەلەفزیۆندا بە ئاراستەی نیشاندانی ڕاستینەی کۆمەڵگە و ژن و ژیان هەنگاو دەنێن.

 

"یەکەم ڕۆژنامەی کوردی تا ئەمڕۆ بووە بە میراس بۆمان"

لە کامپی پەنابەرانی مەخمور، ژنان ڕۆڵێکی گرنگیان لە میدیاکاندا بینیوە، سەبارەت بە یادی ١٢٥ ساڵەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی، بێریڤان تونج، ڕۆژنامەنووس لە کامپی ئاوارەکانی شەهید ڕۆستەم جودی سەر بە مەخمور وتی: بەهۆی هێرشەکانی سەر گەلی کورد و داگیرکردنی کوردستان، لە ماوەی ڕابردوودا خەڵک نەیاندەتوانی چالاکانە کاری ڕۆژنامەگەری نووسراو یان بینراو ئەنجام بدەن، داستان و ئەو ڕووداوانەی بەسەریاندا هات، لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر بە وتنی گۆرانی دەگواسترایەوە، ئەمەش ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە دامەزراندنی ڕۆژنامەوانیی کوردیدا تا ڕۆژی ٢٢ی نیسانی ساڵی ١٨٩٨ کە یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بە پێشەنگایەتی میقداد مەدحەت بەدرخان لە قاهیرە دەرچوو و بووە میراسێک بۆ ڕۆژنامەنووسانی ئەمڕۆ و بناغەیەکە کە ئەمڕۆ ڕۆژنامەی کوردی لە ڕووی بینراو و نووسراو و گۆڤاری جیاوازەوە لە نێو ڕۆژنامەکانی جیهاندا جێگەیەکی گرنگی گرتووە و ژیانی گەلی کورد بە شێوەی بینراو و نووسراو پیشانی هەموو جیهان دەدرێت.

 

"هێرش و هەڕەشە بۆ سەر ڕۆژنامەگەری لە بەرزترین ئاستدایە"

بێریڤان تونچ سەرنجی بۆ زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان ڕاکێشا و وتی: کاتێک سەیری ئەمڕۆ دەکەین دەبینین هێرش و هەڕەشەکان بۆ سەر ڕۆژنامەگەری لە بەرزترین ئاستدایە، بەتایبەتی لە وڵاتی تورکیا کە ڕۆژنامەنووسانی کورد لە شارەکاندا دەژین لەژێر فشاردان، ئەمڕۆ لە تورکیا زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسانی کورد لە ژێر سەختترین بارودۆخدا کار دەکەن، کاتێک سەیری ئەمڕۆ دەکەین دەبینین تەنانەت لەم دوا ساتانەشدا بە هەموو شێوەیەک هێرش دەکرێتە سەر ڕۆژنامەنووسانی ئازاد و کامێرا و بەڵگەنامە و ئەرشیف و هەرچییەکیان هەیە دەستیان بەسەردا دەگیرێت. ساڵانێک لە زیندانەکاندا دەیانهێڵنەوە، بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێکیان هەبێت و بە بیانووی سەیر و سەمەرە بەڵگە وەردەگرن.

 

"هێشتا دەیان ڕۆژنامەنووس زیندانی کراون"

بێریڤان باسی لەوەشکرد، لە باشووری کوردستان هێرش دەکرێتە سەر ڕۆژنامەنووسان و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: لە هەمان کاتدا نەک تەنها لە تورکیا، کاتێک سەیری باشووری کوردستانیش دەکەین، دەبینین دەیان ڕۆژنامەنووس هێشتا لە زینداندان، کاتێک ڕۆژنامەنووسێک لە باشووری کوردستان دەیەوێت ڕاستی خەڵک و ئازارەکانی خەڵک و نادادپەروەری بخاتە بەرچاو و باس لە داگیرکردنی زەوی و شار و گوندەکانیان ڕابگەیەنێت، لەلایەن پەدەکەوە هێرشیان دەکرێتە سەر، زۆر کەس گیانیان لەدەستداوە، زۆر کەس بەبێ هۆکار لە زیندانەکانی پەدەکەدا ڕاگیراون.