ژنانی ئاوارەی عەفرین: تا ئازادکردنی عەفرین دەستبەرداری بەرخۆدانی نابین

ژنانی ئاوارەی عەفرین، لە کانتۆنی شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دووپاتیان کردەوە، بە هەموو سەختی و ئازارەکانیانەوە لە بەرخۆدان بۆ پووچەڵکردنەوەی ئامانجەکانی داگیرکاری تورکیا و ئازادکردنی خاکەکەیان بەردەوام دەبن

ڕووبارین بەکر

 

شەهبا- سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بەسەر داگیرکاری و هێرش و زیادبوونی هەڕەشە و گەمارۆکان بۆ سەر عەفرین، بەڵام خەڵکی عەفرین لە کانتۆنی شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامن لە بەرخۆدان، لەپێناو گەڕانەوەیان بۆ خاکەکەیان.

 

٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ کانتۆنی عەفرین لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کەوتە بەر هێرشێکی ئاسمانی و وشکانی لەلایەن داگیرکەری تورکیا و بەکرێگیراوەکانییەوە، کە بەرخۆدانی مێژوویی لەلایەن گەل و هێزە سەربازییەکانەوە کرا و ٥٨ ڕۆژی خایاند، لە ١٨ی ئاداری هەمان ساڵدا، عەفرین داگیرکرا و بووە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران کەس بەرەو کانتۆنی شەهبا و ناوچەکانی دیکەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

 

دوای ئاوارەبوونی خەڵکی عەفرین بۆ کانتۆنی شەهبا، ئیدارەی خۆسەری دیموکراتیک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چەند کەمپێکی بۆ ئاوارەکان دامەزراند بۆ ئەوەی پەناگەیان بۆ دابین بکات، وەک کەمپەکانی بەرخۆدان، سەردەم، عەفرین و ئەلعەودە، هەروەها هەزاران خەڵکی ئاوارە لە گوند و شارۆچکەکانی کانتۆنی شەهبا لە نێوان خانووە وێران و داروپەردووەکانی شەڕدا دەژین.

 

کۆچبەرەکان چاوەڕێی ساتی گەڕانەوەیانن بۆ عەفرین

فیدان عەلی، کۆچبەرەێکە و سەبارەت بە بەرخۆدانی خەڵکی عەفرین لە کامپەکانی کۆچبەرییەوە وتی: لە سەرەتای ئاوارەبوونمان بۆ شەهبا، ڕووبەڕووی چەندین سەختی بوینەوە، ئازارەکان لە دوای هێرشەکانی داگیرکەری تورکیا و ئەو گەمارۆیەی کە لەلایەن حکومەتی دیمەشقەوە سەپاندوویانە، زیادی کردووە، ئێمە هەموو سەختییەکان بە هیوای گەڕانەوەمان بۆ عەفرین دەچێژین، حکومەتی دیمەشق گەمارۆیەکی خنکێنەر بەسەر شاری شەهبادا دەسەپێنێت، ڕێگری دەکات لە هاتنی خۆراک و سووتەمەنی بۆ ناوچەکە، بە ئامانجی تەسککردنەوەی دۆخی ژیان و بەتاڵکردنەوەی ناوچەکە لە خەڵکی عەفرین، هەموو ئەم پێشێلکاریانە نابێتە بەربەست لەبەردەم بەرخۆدانمان و پێداگریمان لەسەر گەڕانەوەمان.

 

گوڵی عومەر، ماوەی پێنج ساڵە لەپێناو گەڕانەوە بۆ عەفرین بەرگەی سەرمای زستان و گەرمای هاوین لە ژێر چادرەکاندا دەگرێت، وتی: داخستنی ڕێگاکانی سەر شەهبا لەلایەن حکومەتی دیمەشقەوە وامان لێدەکات کە بەرەوڕووی چەندین کێشە ببینەوە لەپێناو گەڕانەوەمان بۆ عەفرین بەرگەی نادادپەروەری تورکیا و حکومەتی دیمەشق و پێشێلکارییەکان دەگرین، ئیدارەی خۆسەری دیموکراتیک بەپێی تواناکانی خۆی ئەوەی لە توانایدا بێت دابینی دەکات، ئێمەش بەرخۆدان بۆ گەڕانەوە دەکەین.

 

سەلوە حەنان، سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی داگیرکاریی تورکیا لە عەفرین، وتی: تورکیا هەموو جۆرە پێشێلکاری و توندوتیژییەک بەرامبەر هەرێمەکەمان پراکتیزە دەکات، لەوانە کوشتن، دەستدرێژی، ڕفاندن، بڕینی دار، سووتاندنی دارستانەکان، و دزینی ماڵەکانمان، سەرباری هەموو ئەمانەش هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە دەدات، بەرخۆدانەکەمان بەردەوامە و تا عەفرین ڕزگاری نەبێت، دەستبەرداری نابین، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم پێشێلکارییەکانی سەر عەفرین ڕابگرن، لێپرسینەوە لە داگیرکاری تورکیا بکەن لەبەرامبەر پراکتیزەکانی دژی گەل ئەنجامی دەدات.

 

نەجلە محەمەد دووپاتی کردەوە کە خەڵکی عەفرین بە هاودەنگی و یەکڕیزیی خۆیان لە شەهبا، بەرامبەر داگیرکەری تورکیا و سیاسەتی وڵاتان دەوەستنەوە، "ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی تا ڕزگارکردنی عەفرین لەسەر ڕێگای بەرخۆدان بەردەوامین و دەستەبەری سەلامەتی بۆ شارەکەمان دەکەین.