"بۆ ڕێگە گرتن لە ئەقڵیەتی پیاوسالاری دەبێت ژنان لە ڕووی فکریەوە خۆیان بەهێز بکەن"

بەهۆی سیستمی دەسەڵاتداری کە پشتگیری لە ئەقڵیەتی پیاوسالاری دەکات، کێشە و توندوتیژیەکان زیاتر ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، چالاکوانێکیش دەڵێت: هەنگاوی گرنگ بۆ چارەسەری کێشەکان قوڵبوونەوەی ژنانە لە ڕووی فکریەوە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- ژنان لە هەر قۆناغێک و لە هەر شوێنێکدا بن، پێویستیان بە خۆڕێکخستن و پێشکەوتن هەیە، بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو بەربەستانەی دێنە ڕێگەیان و بۆ ئەمەش دەبێت پێش هەموو شتێک لە ڕووی فکریەوە خۆیان پێش بخەن بۆ خۆیان و کۆمەڵگەکەیان و ڕێگە گرتن لەو توندوتیژیانەی بەرامبەر بە تاکەکانی کۆمەڵگە و بەتایبەت ژنان دەکرێت.

 

"دوای ٣٢ ساڵ خەبات دۆخی کوردستان بەرەو خراپتر دەڕوات"

شەهێن محەمەد چالاکوان، باسی لە زیادبوونی توندوتیژیەکان کرد لە باشووری کوردستان، بەهۆی زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و سەروەر نەبوونی یاسا لە پاراستنی مافی ژنان و پەرتەوازەبوونی ژنانی باشووری کوردستان و وتی: لە باشووری کوردستان توندوتیژییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە، لەناو ئەو زهنیەت و سیستمەی کۆمەڵگە تێیدا ژیان دەکات، دوای ٣٢ ساڵ لە خەبات و تێکۆشان و ڕشتنی خوێنی چەندین کەس، لە هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگە توندوتیژی بوونی هەیە، لەناویشیاندا ژنان بە شێوەیەکی قوڵ ڕووبەڕووی ئەم توندوتیژیە دەبنەوە، کە ڕیشەیەکی قوڵی مێژووی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ ٥ هەزار ساڵ پێش ئێستا، بە سەرهەڵدانی زهنیەتێکی پیاوسالاری کە فێڵ و پلان گێڕی تیایدا پێشدەکەوێت، بۆ ئەمەش کۆمەڵگە هەنگاوێکی سەخت هەڵدەگرێت و لەناو گێژاوێکی سەخت و پڕ لە توندوتیژی دایە، کە ژنان بە پلەی یەکەم دەبنە قوربانی.

 

"بەشێک لە خێزانەکان پەرە بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری توندوتیژی دەدەن"

شەهێن مەحەمەد ئەوەشی خستەڕوو، ئەو سیستمە پیاوسالاریەی کە ئەقڵیەتێکی کۆنەپەرست لە پشتەوەیەتی ڕیشەکێش بووە و پەلی هاویشتووە بۆ ناو هەموو جومگەکانی ژیان و بەشێکە لە سیستمی سەرمایەداری، کە ژنان لەناویدا ڕووبەڕووی قۆرخکاری بوونەتەوە، هەروەها سیستمی دەوڵەت-نەتەوە پێشدەکەوێت و پەرە بەو ئەقڵیەتە دەدات لە چوارچێوەی سیستمی کۆنەپەرستیدا، بەشێک لە خێزانەکانیش ئێستا بوون بە دەوڵەتۆکەیەکی بچوک کە ڕۆژانە توندوتیژی دەکات بەرامبەر ژنەکان و ڕۆح دەکاتەوە بە بەر ئەو ئەقڵیەتە پیاوسالاریە بە تایبەتی لە باشووری کوردستان.

 

"هەنگاوی گرنگی ژنان بۆ گۆڕانکاری قوڵبوونەوەی فکریە"

شەهێن محەمەد ڕوونی کردەوە، ئەو توندوتیژیەی لەسەر ژنان بەڕێوەدەچێت، مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و ژنانیش پێویستە خۆیان و مێژووەکەیان بناسن و بگەڕێنەوە بۆ ڕابردوو، تا بزان ژنان خاوەنی چی کەسایەتیەک بوون، دەسەڵات چۆن توانیویەتی ئەو دەسەڵاتە خۆجێیەی کە ژن هەیبووە لە کۆمەڵگەدا لێی بسێنیتەوە، یەکەم هەنگاوی گرنگ کە پێویستە ژن هەڵیبگرێت بۆ گۆڕانکاری قوڵبوونەوەی فکریە، ئەمەش بۆ ژنانی باشووری کوردستان قورس نییە، چونکە ژنان لە ئێستادا لەو قۆناغەدان کە خەریکە ئەقڵیەتی کۆنەپەرستی تێکدەشکێنن لە ڕووی کۆمەڵایەتی، سیاسی، سەربازی و کولتووریەوە و ژنان پێشەنگایەتی ئەو تێکۆشانە دەکەن.

 

وتیشی: ئەو سیستمە پارادیگمایەی دەتوانێت ژن بکاتە ژنێکی پێگەیشتوو و تێگەیشتوو بەهێز، کە لەسەرپێی خۆیان بوەستن و لەناویاندا ژنانی کورد وەکو ئاوێنەیەک سەیر بکەن کە لەسەرچی ڕێبازێک توانیویانە ئەو پێشەنگایەتیە بگرنە دەست، دواجاریش یەکبوونی ژنان و بڕیاردان لەپێناو چارەسەرکردنی کیشەکان، ئێمە وەکو ژن دەبێت کێشەی کۆمەڵگە بە کێشەی خۆمان بزانین، چونکە بەرپرسیارێتی گەورە دەکەوێتە سەر شانمان بۆ کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی، بۆیە پێویستە ژنان بڕیاری گرنگ بدەن و یەکبگرن بە لەبەرچاوگرتنی هەموو بەرژەوەندیەکانی کۆمەڵگە دەتوانن پایەیەکی گرنگ بێت بۆ ژنان و وەستانەوە بێت بەرامبەر ئەو پیلانگێڕیانەی کە هەیە.

 

"یاسا لە باشووری کوردستان بۆ کەیسەکانی ژنان سەروەر نیە"

شەهێن محەمەد تیشکی خستەسەر بەڕێوەبردنی دەسەڵات و یاسا لە باشووری کوردستان و وتی: ئەو دوو پایەی کە بە شێوەیەکی بەرفراوان هێرش دەکاتە سەر ژن و کۆمەڵگە، سیستمی دەسەڵاتدارێتی دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستانە، هاوکات لەناویدا قوڵبوونەوەی ئەو سیستمە سەرمایەداریەیە کە هەیە و کۆمەڵگە لە ژێر ناویدا بەرەو ئاقارێکی خراپ بردووە، بۆیە ژنان دەبێت لە چوارچێوەی یەکبوونی خۆیاندا چەمکی بەهێز بگرنەدەست دژ بەو سیستمە دەسەڵاتدارییەی ژنان دەکات بە کاڵا، ئێمەی ژنان دەبێت بە ڕاوێژ وەرگرتن و بۆچوونی یەکتر هەنگاو وەربگرین لە پێناو چارەسەری کێشەکاندا.

 

ڕوونیشیکردەوە، یاسا لە باشووری کوردستان نەیتوانیوە سەرەوەر بێت بەرامبەر بە ژنان، تەنانەت کێشەی زۆریشی بۆ ژنان دروستکردووە، هەرچەندە یاساکان لە خوێندنەوەدا لە خزمەتی کۆمەڵگەدان، بەڵام لە کارکردندا هیچ لە خزمەتی کۆمەڵگەدا نییە، بەشێک لە بکوژانی ژنان دادگای ناکرێن، چونکە دەسەڵاتداران یاساکانیان گرتوەتە دەست، یەکگرتنی ژنان دەتوانێت یاساکان بگەڕێنێتەوە بۆ سەر ڕێبازە ڕاستەکەی خۆی بۆ ئەوەی بتوانێت داواکاری کۆمەڵگە جێبەجێ بکات و کێشەکانی ژنان چارەسەر بکات.

 

"لاوازیەک لە یەکبوونی ژنانی باشووری کوردستان دەبینرێت"

شەهێن محەمەد باسی لە خەباتی ژنانی چوار پارچەی کوردستان لە سەدەی ٢١دا کرد، کە دڵنیاییان داوە بە ژنانی هەموو جیهان و توانیویانە ئەو متمانەیە بەدەستبهێنن، ئێستاش پێشەنگایەتی شۆڕشێک دەکەن لەناویدا ئازادی ژن و سەربەخۆیی تاک لە خۆدەگرێت، وتیشی: بەهۆی ئەو سیستمەی لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەچیت، ژنان لە تێکۆشاندان، هەروەها ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ژنان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" پێشەنگایەتی شۆڕش دەکەن و توانیان متمانە بەو شۆڕشە بدەن، لە باشووری کوردستانیش زۆر ئەو ژنانەی کە دەبێت شانازیان پێوە بکەین و لە چوارچێوەی هێڵی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورددا جێگەیان گرتووە و شەهید بوون، بوون بە میراسێک بۆ ئێمەی ژنان تا بتوانین ڕێگە و ڕێبازیان بەردەوام بکەین، بەڵام لەچاو پارچەکانی تردا، باشووری کوردستان پەرتەوازەبوونێک هەیە لە ژناندا و لاوازبوونێک دەبینرێت و ئاستی فکری خۆی لەپێناو کێشەکانی ژن قوڵ نەکردوەتەوە، بەڵام ئێمەش دەتوانین بە درێژەدان بە خەباتی ژنە شۆڕشگێڕەکانمان هاوسەنگی ڕابگرین لەگەڵ پارچەکانی تردا.