"ئەقڵیەتی پیاوسالاری ڕێگە نادات ئازادی ژن بەدەست بهێنرێت"

ئەقڵیەتی پیاوسالاری و کۆنە پەرستی و ڕێگری کردن لە ژنان لە باشووری کوردستان وایکردووە ژنان هەست بە ئازادی تەواو نەکەن و لە ژێر توندوتیژیدا بن، لێپرسراوی بەشی کۆمەڵاتی یەکێتی ژنانیش دەڵێت: بۆ باشکردنی ئەم دۆخە سەرەتا دەبێت یاسا سەروەر بێت.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- بەرەو پێشچوونی ژیان لە هەموو بوارەکاندا هەستی پیدەکرێت لە زۆربەی وڵاتەکاندا و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژنان ئازاد دەبن بە هۆی ئەو خەبات و تێکۆشانەی کە دەیکەن، بەڵام لە هەندێک لەو وڵاتانەی ئەقڵیەتی پیاوسالاری زاڵە بەسەریدا، ڕێگە بە ژنان نادەن لە دەرەوە کار بکەن یان هەست بە ئازادی بکەن. لە باشووری کوردستانیش ئەمە بە ڕوونی دەبینرێت، عائیشە عەبدولحەکیم، لێپرسراوی بەشی کۆمەڵایەتی یەکێتی ژنان، باسی خراپی دۆخی ژنان کرد لە باشووری کوردستان بە هۆی سەروەر نەبوونی یاسا و ڕێگریکردن لە خێزانەکان بۆ هەڵبژاردنی کار لەلایەن کچەکانیانەوە و بەزۆر بەشودانی کچ.

 

"تا ئێستا ژنان دەچەوسێنرێنەوە"

عائیشە عەبدولحەکیم ئاماژەی بەوەکرد، لە باشووری کوردستان تا ئێستا ژنان بە تەواوی ناتوانن بڕۆنە دەرەوە و ئازاد بن، هۆکارەکانیشی ئەوەیە، ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دابونەریتی کۆنی کۆمەڵگەکەم دەوری سەرەکی هەیە لە پەروەردەکردنی تاکەکانیدا، هەروەها ئەو پێشکەوتنە بەرچاوەی لە وڵاتانی دیکەدا هەیە تا ئێستا نەگەشتوەتە وڵاتی ئێمە و قۆرغکردنی هەندێک لایەن کە ژن بە لاواز دادەنێن، لە لایەکەوە تا ڕادەیەک ژنان ئازادیان بەدەستهێناوە لە چاو ڕابردوودا،  کە پێشتر ژنیان دەویست وەکو کارگەیەک بۆ بەخێوکردنی ماڵ و منداڵ، بەڵام ئێستا بەشێک لە ژنان دەتوانن لە دەزگا حکومیەکان و بوارەکانی تردا کار بکەن، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا ژن تا ئێستا دەچەوسێتەوە.

 

"ئازادی ژن ئازادی کۆمەڵگەیە"

عائیشە عەبدولحەکیم ئەوەشی خستەڕوو، ئازادی ژن لە ئاست ڕۆشنبیری ئەو خێزانەدا دەبینرێت کە پەروەردەی دەکات، ئایا جیاوازی ڕەگەزی دەکات لە نێوان کچ و کوڕدا، ئەگەر جیاوازی نەکرا ئەوا ژن پێگەیەکی جوانی دەبێت لە ناو کۆمەڵگەدا، بەڵام لەبەرئەوەی لە کۆمەڵگەی کوردیدا پیاو باڵادەستە بۆی هەیە ژن بچەوسێنێتەوە، بەڵام بەهۆی ڕێکخراوەکانی ژنان و کردنەوەی کۆڕ و سیمینار بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە تا ڕادەیەک چەوساندنەوەی ژن کەمی کردووە و ژنان دەزانن کە ئەرک و مافیان چیە، چونکە ئاشنا بوون بە ئەرک و ماف هەنگاوێکە بەرەو کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی، ئازادی ژنان وا دەکات کۆمەڵگەیەکی ئازاد و پێشکەوتوومان هەبێت.

 

"زیادبوونی توندوتیژیەکان لە ڕووی کۆمەڵایەتی و دەروونیەوە کاریگەری لەسەر ژنان هەیە"

عائیشە عەبدولحەکیم جەختی کردەوە، توندوتیژی زۆرە و دیاردەی ژن کوشتن هەر ماوە لە کۆمەڵگەی کوردیدا و ڕۆژانە بە بەرچاومانەوە ژن دەکوژرێت و ئەو ڕێژەیە زیاد دەکات، ئەم دیاردەیە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و دەروونیەوە کاریگەریان هەیە لەسەر تاکەکان، ئەمانەش بەهۆی بەزۆر بەشودانی کچەوە، هەروەها باری ئابووری کاریگەری سەرەکی هەیە، چونکە ئەگەر ژن سەرچاوەیەکی ئابوری تۆکمەی هەبێت ژێر دەستە نابێت و دەتوانێت بە ئەقڵێکی ژنانە کارەکانی خۆی بکات و داوای مافی خۆی بکات و بەدەستیشی بهێنێت، چونکە ئەگەر لەژێر چەتری کەسێکدا بێت دەبێت داواکاریەکانی ئەو جێبەجێ بکات.

 

هەروەها وتیشی: لایەنی سیاسی هۆکارێکی ترە، بەهۆی ئەو دۆخە ناهەموارەی ئێستا هەیە و جیاوازی ڕاوبۆچوونێکی زۆر هەیە، هەرکاتێک تاکێک بەتایبەت ژن بیەوێت ڕای خۆی دەربڕێت، بۆچوونە جیاوازەکانی کۆمەڵگە ئەمەیان پێ قبوڵ ناکرێت و دەبیتە هۆی کێشە و دواجار کوشتن، ڕاگەیاندنەکان هۆکارێکی ترن بۆ ئەوەی توندوتیژی زیاد بکات، چونکە هیچ پلە بەندیەک دانانرێت کە هەندێک هەواڵ بۆ کەسانی تەمەن منداڵ نابێت، ئەمەش وا دەکات هەندێک کەس فکرەی ئەو توندوتیژیە وەربگرێت و دووباەری بکاتەوە.

 

"یاسا بەرامبەر کێشەکانی ژنان سەروەر نییە"

عائیشە عەبدولحەکیم ڕوونی کردەوە، ئەو یاسایانەی لە پەرلەمان دەردەچن جێبەجێ ناکرێت، وە ئەو یاسایانەشی هەیە بە شێوەیەکی بەرچاو مافی ژنان ناپارێزن و یاساکان لاوازە، دەبێت ئەو لاوازیە نەمێنێت و هەرکەسێک توندوتیژیەکی کرد بەرامبەر بە ژنان دەبێت، سزایەکی بەهێز وەربگرێت بۆ ئەوەی کەسانی تر بوێری ئەوەیان نەبێت توندوتیژی بکەن، هەروەها کۆمەڵگە هۆشیار نیە بەرامبەر ئەوەی کە ژنانیش مافی ئەوەیان هەیە لە دەرەوە کار بکەن و خەبات بکەن هەروەکو ئەو شۆڕشانەی لە پارچەکانی کوردستان دەکرێت بە پێشەنگایەتی ژن.

 

"ژن دەتوانێت کۆمەڵگەیەک بنیاد بنێت کە هەموو ئازادیەکانی تێدا بێت"

عائیشە عەبدولحەکیم لە کۆتایدا وتی: بۆ باشکردنی دۆخی ژن لە باشووری کوردستان یەکەم شت پێویستە یاسا سەروەر بکرێت، هەموو دامودەزگا حکومیەکان بە تایبەتی وەزارەتی ڕۆشنبیری پێویستە پێداچونەوە بۆ بەرنامەکانی بکات و ئەوەی کە کۆمەڵگە بەرەوپێش دەبات و ئازادی ژن دەستەبەر دەکات، جێبەجێی بکات، هەروەها وەزارەتی پەروەردە هانی خوێندکاران بکات لە ئاشنا کردنی مافەکانی ژنان کە خوێندن چۆن ژن لە ناهۆشیاری دەپارێزێت.